شێرپەنجە وشەیەكە پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێ، پڕیشە لە هیوا و ئازایەتی و بوێری، بۆ ئەوانەی لێی دەترسن، مایەی ترسە، بەڵام بۆ ئەوانەی مل نادەن، هیوا و ئازایەتی و خۆڕاگری و بوێرییە. بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان وایان لە خەڵك گەیاندووە كە شێرپەنجە واتە مردن، هەر كەسێك تووشی شێرپەنجە ببێت دەمرێت، لە كاتێكدا وا نییە و زۆرجار توشبووەكان بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ ژیان.
خۆشی شوان ژنێكی گەنجە، دایكی دوو منداڵە، هەرچەند دەرچووی بەشی كۆمپیوتەرە، بەڵام دانەمەزراوە، ئێستا وەك چالاكوانی مەدەنی لە بواری تەندروستیدا كار دەكات. یەكێكە لە توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و توانیویەتی بەسەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ ببێت.
خۆشی بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی پار گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە بووم، كە زانیم تووش بووم، دەمم وشك بوو، بەلامەوە زۆر قورس بوو، شڵەژام و زۆر گریام، لەبەرئەوەی بە راستی شێرپەنجە ناوێكی قورسە، زیاتر لە ساڵێك بە دەست ئەو نەخۆشییەوە ناڵاندم، ماوەی چوار مانگە چارەسەری كیمیاییم تەواو بووە و ئێستا چارەسەری بایۆلۆجی وەردەگرم، بە گشتیی نەخۆشییەكەم تێپەڕاندووە. هەر لە سەرەتاوە باوەڕم بەوەبوو كە ئەو نەخۆشییە تێدەپەڕێنم. هەرچەندە پزیشكەكان پێیانوایە كە تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشییە شەش بۆ حەوت ساڵی دەوێت، بەڵام لای من تەواو بووە و تێمپەڕاندووە. تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشییە پێویستی بە روانینی ئەرێنی هەیە. هەر لە یەكەمین رۆژانی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هیوا، بڕیار و بەڵێنمدا ئەگەر رۆژێك ئەو نەخۆشییە تێپەڕێنم، دەبم بە هاوكار و هاوڕێ بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، نەخۆشییەكەم تێپەڕاند و بەڵێنەكەشم بردەسەر.
شێرپەنجە فێری زۆر شتی كردم كە دەبێت رێزیان بگرم، پێكەنینی منداڵێك، گەرمی دەستێك، دەنگی ئازیزێك، هەناسەیەكی كورت، ژەمێكی خۆش و زۆر شتی دیکەش. فێری ئەوەشی كردم كە بە شێوەیەكی ئەرێنی و گەشبینانە بیر بكەمەوە، لەبەرئەوەی یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی شێرپەنجە بیركردنەوەی ئەرێنییە، ئەوەی بۆ نەخۆشێكی توشبووی شێرپەنجە گرنگە ئەوەیە ورەی بەرز و خۆڕاگربێت، ئەو شەوانەی ئازارم زۆر بووایە، بە بێدەنگی لەژێر بەتانییەوە بە تەنیا دەگریام، بەیانی كە هەڵدەستام بە خەندە و پێكەنینەوە دەچوومە لای كەسوكار و ئەندامانی خێزانەكەم، كە دەشیان پرسی چۆنیت؟ بە دڵخۆشییەوە دەموت سوپاس بۆ خوا زۆر باشم.
شێرپەنجە فێری زۆر شتی كردم كە دەبێت رێزیان بگرم، پێكەنینی منداڵێك، گەرمی دەستێك، دەنگی ئازیزێك، هەناسەیەكی كورت، ژەمێكی خۆش
هەڵوەرینی پرچ
باسی لەوەشکرد چارەسەری نەخۆشییەكە دوو بەشە، بەشێكی دەرمان و بەكارهێنانی چارەسەری كیمیاییە و بەشەكەی دیکەی پەیوەندی بە ورە و ئیرادە و دەروونی توشبووەكەوەیە، نیوەی چارەسەر و نیوەكەی دیکەی ئیرادەیە، مرۆڤ ئەگەر باوەڕی بەخۆی هەبێت و ئەرێنییانە بیربكاتەوە، بە جدی دەتوانێت بەسەر ئەو نەخۆشییەدا زاڵ بێت. لەبەرئەوەی بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو كەسانەی كە باش بیردەكەنەوە (ئەرێنییانە) لە كەسانی دیکە دڵخۆشترن و كاریگەریی چارەسەركردنەكان لەسەریان زیاترە.
وتیشی: با شتێكی سەیرتان بۆ بگێڕمەوە، ئەوانەی كە تووشی شێرپەنجە دەبن قژ و موویان هەڵدەوەرێ، من لە دووەمین جەلسەی وەرگرتنی چارەسەر بڕیارمدا پرچ و قژی خۆم ببڕم، بەر لەوەی بەهۆی ماددە كیمیاییەكانەوە هەڵوەرێن، بۆیە داوام لە باوكم كرد كە پرچ و قژم بۆ ببڕێت.
دوای ئەوەی ئەو نەخۆشییەم تێپەڕاند كتێبێكم بە ناوی (لە ئەزموونەوە بۆ هیوا) نووسی، كتێبەكەم چوار بەشە، بەشی یەکەم بەسەرهاتی خۆمە، بەشی دووەم باس لە چەمكی (ئەرێنی بوون) دەكەم، بەشی سێیەم وتەی پزیشكانی نەخۆشخانەی هیوایە لەسەر نەخۆشییەكە، لە بەشی چوارەمدا چیرۆكی چەند كەسێكی رزگاربووی ئەو نەخۆشییە دەگێڕمەوە.
دەمەوێت لە كۆتاییدا بڵێم هیوا تەنها یەك هەست نییە، بەڵکو بڕیاریشە، بڕیارێك كە پێی وایە سبەی دەبێت لە ئەمڕۆ باشتربێت. پزیشكەكان دەتوانن چارەسەری جەستەمان بكەن، بەڵام ئەوە خۆمانین كە دەتوانین مێشك و دەروونی خۆمان چارەسەر بكەین.
دیداری جەواد حەیدەری