قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی بەسەر كردەوە

11:35 - 2023-08-16
کوردستان
496 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 14ی ئابی 2023، پڕۆسەی قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتری دەستیپێكرد، دوێنێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی پڕۆژەكەی كرد و لە نزیكەوە لە چۆنێتی بەرەوپێشچوونی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی كۆڵییەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە شارەوانی سلێمانی كرد بۆ كارئاسانیكردن و هەماهەنگییەكانی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار، هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیاران و كرێكارانی پڕۆژەكەش كرد كە لە ماوەی رابردوودا سەرباری كێشە و كەموكوڕییەكان، بەردەوام بوون لە كارەكانیان.
دوای ئەوەی لە كێشە و گرفتەكانی كۆڵییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و هەموو هەوڵێك دەدەین كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەین، داواشی لە شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار كرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەكە لە ماوەیەكی كورتدا تەواو بكرێت.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی 34 كیلۆمەترە و تا ئێستا 95 %ی كارەكانی پڕۆسەی بڕین و پڕكردنەوەی تەواو بووە، بەگشتیش 55 %ی كۆی پڕۆژەكە تەواو بووە. لە رۆژی 14/8 ەوە، پڕۆسەی قیرتاوكردن دەستیپێكردووە و بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا 10 كیلۆمەتر قیرتاوبكرێت و دوای تەواوبوونی بڕین و پڕكردنەوەش، قۆناغی دووەمی قیرتاوكردنەكە دەستپێدەكات.

 

پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستانە و كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بووژانەوەی بازاڕ و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان

 

بەسەركردنەوەی پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی 
هەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەردانی پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی كرد و لە نزیكەوە لە چۆنێتی بەرەوپێشچوونی كاروباری پڕۆژەكەی كۆڵییەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران لە سەردانەكەیدا دەستخۆشی لە كۆمپانیای قەیوان وەك لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كرد كە توانیویانە بەشێوەیەكی سەركەوتوانە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواو بكەن و هیواشی خواست لە ماوەی دیاریكراودا هەموو قۆناغەكانی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، وتیشی: پڕۆژەی نیشتمانی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستانە و كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بووژانەوەی بازاڕ و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان.
 پڕۆژەكە كەوتۆتە گوندی قەرەچەتان لە ناحیەی پیرەمەگرون و 30 سایلۆی دانەوێڵە و كارگەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی ئارد و چەندین كارگەی گەورەی پیشەسازیی خۆراك لەخۆدەگرێت و بە تەواوبوونی كۆی پڕۆژەكە 5000 هەلی كاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت.
ئێستا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواو بووە، كە بریتییە لە 12 سایلۆ و لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە دەستكراوە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەو نرخەی كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و لیژنەی تایبەتمەندەوە دیاریكراوە. هەروەها لە دوێنێوە بەرهەمهێنانی ئارد لە كارگەی ئاشی پڕۆژەكە دەستیپێكردووە و لە توانایدایە رۆژانە 500 تەن ئارد بەرهەم بهێنێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان