هاملێت نمایش دەكرێت

12:51 - 2022-05-14
هەمەرەنگ
587 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ‌
بەسپۆنسەری دەزگای رۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان لە شاری هەولێر ئەرسەلان دەروێش گەورەترین شاكاری شانۆی جیهانی (هاملێت) بۆ یەكەمینجار لە هەولێری پایتەخت نمایش دەكات.

 شانۆگەری (هاملێت) وەك نۆبەرەی بەرهەمەكانی تیپی شانۆی ئەكادیمی زانكۆكانی جیهان  پێشكەش دەكرێت، لەم شانۆگەرییەدا تێكستی (شەكسپیر)یەكە لەگەڵ چەند تێكستێكی شانۆیی نووسەرانی وەك  (هادی ئەلمەهدی)و (ممدوح عدوان)  دەقئاوێزانكراوەو لە وەڕگێرانی چیرۆكنووس شێرزاد حەسەن-ە و  كۆمەڵێك ئەكتەری ئەكادیمی رۆڵەكانی بەرجەستە دەكەن وەك:سدیق حوسێن ، پشكۆی شێخ عەلی ، زیاد كەریم، ئاواز ئەحمەد ، وەیلان سدیق ، ریشوان ئەحمەد ، كارمەند خدر لەبواری بەرێوەبردنی كارە هونەرییەكانیشدا هەریەك لە دانا محەمەد، بورهان سابیر، كارزان كەمال ، تریفە كەریمییان ، ئەمین فەقیر ، زیاد كەریم،  محەمەد مەرزانی ، سەرهەنگ غەریب و  چەند هونەرمەندێكی تر بەشداری  تیا دەكەن.
سەبارەت بەم ئەزموونە نوێیە و شاكارە گەورەیە، مامۆستا ئەرسەلان دەروێش بە كوردستانی نوێی راگەیاند:
 شانۆگەری (هاملێت) خەونی هەموو شانۆكارێكە لە جیهاندا ، دەقێكی فرە رەهەند و جەمسەرە، هەوڵمانداوە بە روانینێكی تایبەت و بە خوێندنەوەی دیمەنە سیاسییەكەی لەمەڕ خۆمان بەئاراستەیەكی رەخنەگرانە پێشكەشی بكەین، واتا رواڵەتی هاوچەرخایەتی تیا رەنگ بداتەوە، نایشارمەوە كارێكی پڕ ئالەنگاریی و ركابەرایەتی بوو كە لەم دۆخەی ئێستای رەوتی شانۆ لەشاری هەولێری ئازیزدا ئەم دەقە بخەینە سەر شانۆ، نەخاسمە كە(هاملێت) بە مەزنترین و درێژترین دەقی نووسەری  ئینگلیزیی بلیمەت(ولیام شەكسپیر) دەژمێردرێت و لەدوای چوار سەدە لەنووسینیەوە، بەهەزاران جار لە سەر شانۆكانی وڵاتانی جیهان بەدیدگاو ستایل و فۆرمی جیاواز نمایش كراوە ، بەڵام هەستی پڕ بەرپرسیاریەتی و هونەرپەروەریی ستافی بەرهەمەكە ئەم خەونەی گەیاندە نمایش.  هەروەک ئەم شانۆگەرییەم پێشكەش كردووە بە رۆحی دووهاوڕێی شەهیدمان شانۆكارانی رەوانشاد (ئەریوان عومەر دەوڵەت و هادی ئەلمەهدی) كە هەردووكیان بەركەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ شانۆگەری (هاملێت)دا هەبوو لە پێناوی ئازادیدا گیانیان بەخت كرد.
شانۆگەرییەكە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە بەهاوكاری (بەرێوەبەرایەتی چالاكی  قوتابخانەكانی هەولێر) دەست بەنمایش بكات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان