د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ بەشداری لە كۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان كرد، كە لەلایەن رەوتی حیكمەی نیشتمانییەوە رێكخرابوو.
لە كۆنفرانسەكەدا، سەرۆك كۆمار وتارێكی پێشكەشكرد و گرنگیی پاراستنی مافەكانی ژنان دووپاتكردەوە بەتایبەتی رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان و رایگەیاند: سەرخستنی ئەم ئەركە گرنگە سەركەوتنێكە بۆ ژنان و پیاوان و پێكەوەژیانی خێزانی، سەركەوتنیشە بۆ كۆمەڵگە بەگشتی بۆ پاراستنی بەها مرۆیی و ئایینی و شارستانییەكان لەسەر بنەمای یەكسانی و پاراستنی مافەكان و پەرەپێدان بە شكۆی مرۆڤ. تەئكیدیشیكردەوە «كاركردن بۆ داڕشتنی یاسایەك، كە مافەكان بپارێزێت و رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان بكات، دەستپێكێكی گرنگە بۆ چالاككردنی یاسا و سەروەرییەكەی، بۆ ئەوەی دەوڵەت لەڕێگەی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانییەوە بەرپرسیاربێت لە پاراستنی شكۆی مرۆڤەكان و كۆتاییهێنان بە توندوتیژی وەك ئامرازێكی دڕندانەی ناشارستانی، ئەگەریش سەركەوتووبووین، ئەوا كۆمەڵگە بەگشتی سەركەوتوودەبێت».
لە كۆتاییشدا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەو جۆرە كۆنفرانسانە كرد و وتی: ئەم جۆرە كۆنفرانسانە و هەوڵەكان لەو پێناوەدا، هەنگاوێكی گرنگن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان لە پاراستنی كۆمەڵگە، شكۆی ژن و پیاو و داهاتووی منداڵەكانمان.