ژن لە کایەی ئابووریی سەربەخۆدا

09:38 - 2023-08-21
ئابووری
635 جار خوێندراوەتەوە

هێما شەهید کارزان

یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی پەیوەست بە ژن لە کایەی ئابووریی و کاردا ئەوەیە: ئایا ژنان لە بەدەستهێنانی کاردا بە ئەندازەی پیاوان دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت؟ 
ئەم پرسیارە دەمانبەستێتەوە بەو بەستێنە مێژووییەی کە ژن رۆڵی خۆی تیایدا گێڕاوە، بۆیە بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەستەمە باس لە رۆڵی ژن لە کایەی ئابووریدا بکەین، ئەو کایەیەی کە مارکس دەیبەستێتەوە بە پرسی ئازادیی ژنەوە، واتە بە باوەڕی مارکس ئابووری سەربەخۆی ژن پێشمەرجی ئازادبوونێتی.
‏‎لە کۆندا کە باسی ژن دەکرا، هەمیشە وەک کەسی دووەم شانبەشانی پیاوان ناویان دەهات، ئەوان لە پاڵ پیاواندا ئەرکی بەدەستهێنانی بژێویی و ماڵداریی و کاری چنین و پەروەردەی منداڵیان لە ئەستۆ بوو، بەڵام دوای چەندین قۆناغ لە کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگەکاندا، ئەو باسە  پاشەکشەی پێکرا، بە تایبەتی کە پێشتر هەندێک کار و پیشە بە تەواوی قەدەغەکرا و بوون بۆ ژن تەنانەت تا ئاستی عەیبە و شکۆ و پێگەی ژن هەمووی کۆکرابۆوە لە شتێکدا بە ناوی شەرەفەوە.

ژنانی رچەشکێن
ئەگەرچی مێژوو پێمان دەڵێت زۆرن ئەو ژنانەی رچەشکێن بوون لە کەلتور و دابونەریتدا، نموونەی وەک (حەپسە خانی نەقیب، عادیله خانم و بەهێ خانی حامید بەگی جاف و ...هتد) کە بوونەتە سەرمەشقی رێبازی ژنانی ئازادیخواز و لێهاتوو، بەڵام هێشتا ئەوانە خەباتەکەیان نەبۆتە مایەی شکانی هەموو بەربەستەکان، کە بەشێکیان پەیوەستن بە داخراوی کەلتوری ناوچەکەوە.
‏‎لە نیوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، وردە وردە ژنان هاتنە ناو کایەی ئابووریی سەربەخۆ و بوون بە خاوەنی کاری تایبەت بەخۆیان، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانکارییەکان و دروستبوونی قەیرانی ئابووریی ناوخۆ و پێشکەوتنی جیهان، رۆڵی میدیا و جیهانی ئەلەکترۆنی وایکرد جیهان بە جۆرێک بچووک ببێتەوە کاریگەرییەکان بۆ هەموو وڵاتان بێت و بە ناچاریش بێت، هەندێک بەربەست شکان و کورد وتەنی خەڵک چاوی کرایەوە.

بڕینی قۆناغە چەقبەستووەکان
‏‎لەگەڵ ئەو کرانەوەیەشدا، کە من زیاتر بە کرانەوە و رۆڵگێڕانی ژنی دەبینم لە کایەکانی وەک سیاسەت، ئابووری و رۆڵگێڕان لە کایەی کەلتوریی و فەرهەنگیدا، ئەوا خەباتی ئازادیخوازیی ژنان هیچی کەمتر نەبووە لەگەڵ پیاواندا، لێرەوە ژن قۆناغە چەقبەستووەکانی بڕی و جگە لە کایەی خێزانی و رۆڵی ماڵداری، هاتنە ناو کایە جۆربەجۆرەکانی دیکەشەوە، بەمەش ژنان توانیان لێهاتوویی خۆیان بسەلمێنن و بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنن.
ئێستا لە پاڵ کایە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی جاران پێیان دەوترا خانمانی ماڵ، یان کابانی ماڵ، توانیویانە لە بواری ئابووریی سەربەخۆدا کاربکەن و بە کارەکانیان و کارامەیی و لێهاتوویی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەک تاکێکی کارا و چالاک دەربکەون.

چەندین پیشەی جیاجیا
ئێستا کارکردنی ژن جیاواز و بەرفراوانە، پێشتر لانیکەم لە کۆمەڵگەی خۆماندا ژنان تەنیا لەناو دامودەزگا حکومییەکاندا دەبینران و کاریان دەکرد، بەڵام هەنووکە پیشەی زۆر هەیە کە ژنان دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرمکردووە و بوونەتە سەرکار و کەسی هەڵکەوتوو، لەوانە کاری دروومان، چێشتلێنان، کاری دەستی، چنین، شیرینی دروستکردن و ئارایشتگا و ژنە هونەرمەندەکانیش تا ئاستێکی باش پەرەیان بە بوارەکانی خۆیان داوە، ئەگەرچی هەندێکیان لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پشتیوانی دارایی کراون، بەڵام زیاتر ئەوە لێهاتوویی خۆیانە، کە بە دەستمایەیەکی کەمەوە دەستیان پێکردووە و زۆر باشیش گەیشتوونەتێ.
‏‎ئەمە سەرەتا و دەروازەیەکە کە لێیەوە ژنان دەستیانکرد بە کاری خۆیان و پەرەیان بە بزنسی بچووک و مامناوەندی خۆیان دا. ئەم کرانەوەیە بە دڵنیاییەوە هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، بەو پێیەی تارادەیەک  بۆتە ھۆکاری فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خێزان، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی کە دەرفەتی کاری دیکەیان بۆ نەڕەخساوە.

#خەباتی ژن

بابەتە پەیوەندیدارەکان