لە کەرکوکی قودسی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک گەنج، هونەرمەند و وەرزشوانی شارەکەدا کۆبۆوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و رایگەیاند، توانا و لێهاتوویی گەنجانی کەرکوک لای یەکێتی شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لەمێژە بڕوای تەواومان بە شارەزایی و کارامەیی ئێوە هەبووە و ویستوومانە بەشێکی گرنگبین لە پێشخستنی کایەکانی ژیان و فەراهەمکردنی ژیانێکی سەقامگیرتر بۆ ئێوەی خۆشەویست. وتیشی، یەکێتی حزبی ئێوەیە و بە ئەوپەڕی تواناوە رۆڵی خۆتان بگێڕن تاوەکو خزمەتی زیاتری کەرکوک و کوردستان بکەن.
لە درێژەی دیدارەکەدا دۆخی کەرکوک و پێداویستییەکانی خەڵک گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لە وەڵامی پرسیار و پێشنیارەکاندا سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتیبوونی کەرکوک روونە و قەڵای سەوزی کوردستانە، بۆیە خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان ئەرکی خۆمانە و هەرشتێک بکەین ناکاتە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی ئێوە. وتیشی، تەبایی و پێکەوەژیان لە کەرکوک مێژوویەکی درێژی هەیە، دەبێت هەموومان پێکەوە پەرە بەو گیانی ئاشتی و خۆشەویستییە بدەین و کەرکوک ئەو شارە بێت کە هەموان تێیدا هەست بە ئارامی و سەقامگیری بکەن و مافەکانیان پارێزراو بێت.
لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان کرد و رایگەیاند، ناکۆکی و جیاوازییەکان نابێت زیان لە کوردستانیبوونی کەرکوک بدات، دەبێت پاراستنی مافەکانی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانیتر کاری لە پێشینەمان بێت، یەکێتییەکەشتان وەک هەمیشە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت و سەرقافڵەی بەدیهێنانی داهاتوویەکی گەشتر و پرشنگدارتر دەبێت بۆ کەرکوک و کەرکوکییە قارەمانەکان.