لە ناحیەی قادركەرەم، چەمی رۆخانە و بەنداوێك و 60 كانی وشكیانکردووە

09:39 - 2025-08-17
کوردستان
57 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە بەنداوی قادرکەرەم

لە سنووری قادركەرەم، بەهۆی كەمیی بارانبارین و وشكەساڵییەوە، دەیان سەرچاوەی گەورە و بچووكی ئاو وشكیانكردووە، ئەگەر پلانێكی زانستی و خێرا دانەنرێت بۆ چارەسەركردنی كەمئاویی، بەدوور نازانرێت زۆربەی دانیشتووانی  گوندەكانی سنوورەكە، چۆڵی بكەن.
لە سنووری قادرکەرەم، تادێت ئاسەوارەكانی وشكەساڵی بە روونی دەردەكەوێت و هەرچی سەرچاوەكانی ئاویشە وشكبوون، بەجۆرێك لە ئەمساڵدا چەمی رۆخانە و بەنداوی قادركەرەم و 60 كانی، هەزاران درەخت بەهۆی بێئاوییەوە، وشكبوون.

خاوەن ئاژەڵەکان سنوورەكە بەجێدەهێڵن
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە سنوورەكەماندا بەهۆی وشكەساڵی و نەبوونی ئاوەوە، 13 جووتیاری خاوەن ئاژەڵ سنوورەكەیان بەجێهێشتووە و بە نزیكەی دوو هەزار سەر مەڕەوە روویان لە سنوورەكانی قەزای بازیان و شارەزوور و چوارتا كردووە، بەوەش سامانی ئاژەڵ لە سنوورەكەماندا كەوتۆتە مەترسییەوە.
ئەوەشی ئاشكراكرد، کە لە ناحیەكەیاندا ئاوی ژێرزەوی نەماوە و هەرچەندە بیر هەڵدەكەنن و بەقووڵایی زەویدا دەچنە خوارەوە، ناگەنە ئاو، بەوهۆیەشەوە هەزاران درەخت وشكبوون.
سەبارەت بە دابینكردنی ئاویش بۆ سنوورەکە، سدیق محەمەد وتی: ئێستا لە سنووری قادركەرەم، دوو سەرچاوەی ئاو ماون، ئەوانیش سەرچاوەی ئاوی گوندی خدرڕەیحان و كۆرمۆرە، كە توانراوە بە بۆری نزیكەی 16-20 کیلۆمەتر ئاو بگەیەنرێتە ناحیەكە، هاوكات لە رێگەی تانكەریشەوە ئاو دەهێنین، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە هۆكاری چارەسەركردنی بێئاویی سنوورەكەمان، كە بەداخەوە ئەگەر ساڵێكی تر بەو جۆرە كەمئاویی چارەسەرنەكرێت، دوورنییە هەموو گوندەكان چۆڵ بكرێن.

گیاندارە كێوییەكانیش لە مەترسیدان
بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم هەروەها وتی جگە لە لەناوچوونی سامانی ماسی، سامانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریشمان چووەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت، خاكەكەشمان خەریكە دەبێتە بیابان. دانیشتووانی هەر ناوچەیەكیش ئەگەر ئاو و رێگەوبان و كارەبایان نەبێت لەم سەردەمەدا، بێگومان بەرەو شوێنێكی تر كۆچ دەكەن، لە ئێستاشدا ئاژەڵ و پەلەوەر و گیاندارە كێوییەكان كەوتوونەتە بەر مەترسیی لەناوچوون، ئەگەر ئاو نەمێنێت، بێگومان خۆراك و دانیشیان نابێت، بۆیە بەو هۆیەوە ئەوانیش لەناو دەچن، بەشێوەیەكی گشتی وشكەساڵی كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر ژینگە و سروشتی ناوچەكەمان.
لایەنی پەیوەندیدار هاوكاریی سنوورەكە بن
سوارە و ئارام، دوو گەنجی دانیشتووی ناحیەكەن و لەوبارەیەوە دەڵێن: پێویستە ئەمساڵ لایەنی پەیوەندیدار بە حكومەت و لایەنە سیاسییەکان و خێرخوازان و تاك بەتاكی خەڵكی كوردستان هاوكاریی سنوورەكەمان بن بۆ روبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی و بە بیاباننەبوونی ناوچەكەمان، كە بەداخەوە ئەو دیاردەیەمان هەستپێكردووە، هیچ ساڵێك بەمجۆرەی ئێستا وشكەساڵی كاریگەریی خراپی نەبووە لەسەر سنوورەكەمان، چونكە سەرچاوەكانی ئاوی چەمی رۆخانە و بەنداوی قادركەرەم و دەیان كانی و چەمی سنوورەكەمان و هەزاران درەختیش وشكبوون.
باسیان لەوەشکرد، بەنداوی قادركەرەم بە تەنیا لە توانایدایە ملیۆن و نیوێك لیتر ئاوی باراناو گلبداتەوە و سامانی ماسی پەرەپێبدات و زیاتر لە 450 دۆنم زەویش بەراو بكات و ببێتە سەرچاوەی ئاوی هەزاران ئاژەڵیش، بەڵام ئیستا وشكبووە و مەترسیی گەورە رووی لە سنوورەكەمان كردووە.
چەمچەماڵ، پشتیوان محەمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان