پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 20/8/2023 ئاسۆ رۆستەمی یاریزانی کوردی نێودەوڵەتی عێراق و یانەی شورتەی بەغدا،پاش گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی، سەردانی بۆردی وەرزشی کرد و لە لایەن سەرتیپ عەلی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی بۆردی وەرزشی و ژمارەیەک لە ئەندامانی بۆردەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا چەپکە گوڵی پیرۆزبایی و دیاری تایبەتی بۆردی وەرزشیی پێشکەش ئاسۆ کرا لە پای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە گەڵ یانەکەی و بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی خولی نایابی یانەکانی عیراق و هەروەها بەشدارییکردنی لە پاڵەوانێتی یانە عەرەبییەکان و دەرکەوتنی لەگەڵ ئەستێرە جیهانییەکان لەنێویاندا کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
لەو دیدارەدا ھەموو پاڵپشتی و پشتیوانییەکی بۆردی وەرزشی بۆ ئەم یاریزانە دوپاتکرایەوە و ناوبراویش سوپاسی بۆردی وەرزشی کرد کە ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشتی ئەو بوون.
راگەیاندنی بۆردی وەرزشی