خه‌لیل عه‌بدوڵڵا
چارلی چاپلین، هونه‌رمه‌ندێكی كۆمیدیی جیهانییه، له‌ڕێی فیلمه كۆمیدییه بێده‌نگه‌كانییه‌وه خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به بواری سینه‌ما كردووه و خه‌نده‌ی خستۆته سه‌ر لێوی به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی سه‌رگۆی زه‌وی.
چارلی چاپلین، ته‌نها ئه‌كته‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و ئاوازدانه‌ریش خزمه‌تی كردووه و شوێن په‌نجه‌ی ره‌نگینی هونه‌ری له‌و دوو بواره‌شدا دیار و دره‌وشاوه‌یه.
رۆژی 16ی نیسانی 1889 له كه‌ناری له‌نده‌ن له‌دایكبووه، له ئامێزی خێزانێكی جووله‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند و هونه‌رپه‌روه‌ردا په‌روه‌رده بو‌و.
دایك و باوكی هونه‌رمه‌ند بوون
دایك و باوكی هه‌ردووكیان هونه‌رمه‌ندی گۆرانبێژ و ئه‌كته‌ری میللی بوون.
هه‌ر بۆیه‌ش چارلی له منداڵییه‌وه خولیای هونه‌ر بو‌و. به‌ڵام له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه، هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ریی ژیان یه‌خه‌ی گرت، هێشتا ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ بو‌و، دایكی و باوكی له یه‌كتری جیابوونه‌وه. دایكی ئه‌ركی به‌خێوكردنی چارلی و سیدنی برا گه‌وره‌ی گرته ئه‌ستۆ.
له ته‌مه‌نی12 ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی كرد، دایكیشی تووشی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن بو‌و، به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه ساڵی 1928 كۆچی دوایی كرد.
چارلی له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا به‌ناچاری بۆ یه‌كه‌مجار چووه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دایكی نه‌خۆش كه‌وت و نه‌یتوانی رۆڵه‌كه‌ی ببینێ، چارلی منداڵێكی وریا و زیته‌ڵ بو‌و، داوای لێكرا رۆڵه‌كه‌ی دایكی له شانۆگه‌رییه‌كی موزیكیدا ببینێ، چارلی ده‌وره‌كه‌ی زۆر به‌جوانی بینی و بووه جێی سه‌رنجی بینه‌ران، چارلی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌وه یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی من و له‌به‌رچاو ونبوونی دایكم بو‌و له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ.
چارلی له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا ، جارێكی دی به گوڕ‌وتینێكی گه‌نجانه‌وه چووه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به‌شداری شانۆگه‌ری (شارلۆك هۆلمز)ی كرد و له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا رۆڵی كوڕی رۆژنامه‌نووسێكی به‌جوانی گێڕا و بووه جێی سه‌رنج و ره‌زامه‌ندیی بینه‌رانی شانۆگه‌رییه‌كه. ئه‌وه‌ش هانی چارلی دا به‌رده‌وام بێت له كاری هونه‌ری.
فیلمی كۆمیدیی بێده‌نگ
چارلی چاپلین، له كۆتایی ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی كۆمیدیی بێده‌نگ كرد، هه‌رچه‌ند فیلمه‌كانی بێده‌نگ بوون، به‌ڵام بێده‌نگییه‌كه‌ی ده‌نگ و مانای هه‌بوو، هه‌موو بینه‌رێك له مانا و مه‌غزای فیلمه‌كانی ده‌گه‌یشت و به رۆڵه كۆمیدییه‌كانی سه‌رسام و دڵخۆش ده‌بوو.
چارلی چه‌ند جارێك ژیانی هاوسه‌ری پێكه‌وه‌ناوه، جاری یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ خاتوو لیتای ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی هۆڵیوود، دوو منداڵیان بووه و دواتر له یه‌كتری جیابوونه‌ته‌وه.
دواجار له‌گه‌ڵ خاتوو ئۆنا ئۆنیك ئه‌كته‌ر و گۆرانیبێژی ناوداری هۆڵیوود زه‌ماوه‌ندی كرد و تا كۆتایی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌دا مایه‌وه و 8 منداڵیان بووه.
چارلی ساڵی 1910 له‌گه‌ڵ فرێد كارنۆی هاوڕێی سه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای كرد و له‌وێ ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كرد، سه‌ره‌تا به‌كاری هونه‌ریی ساده و ساكار ده‌ستیپێكرد، دواتر ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی فیلمه كۆمیدییه بێده‌نگه‌كان كرد، 12 فیلمی كۆمیدی بێده‌نگی به‌رهه‌م هێنا، فیلمه‌كانی هێنده سه‌رنجڕاكێش و بزه‌به‌خش بوون، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ده‌نگیان دایه‌وه و بینه‌رێكی زۆریان بۆ په‌یدا بو‌و. چارلی چاپلین هونه‌رمه‌ندێكی جوامێر و به هه‌ڵوێست و چاونه‌ترس بو‌و، ساڵی 1940 كه هێشتا هیتله‌ر له لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتندا بو‌و، به‌بێ ئه‌وه‌ی سڵ له‌و دیكتاتۆره گه‌وره‌یه بكاته‌وه فیلمێكی به ناوی "دیكتاتۆری گه‌وره" دروستكرد و ئه‌وه‌نده‌ی گاڵته به هیتله‌ر كرد په‌ڕو باڵی پێوه نه‌هێشت، ئه‌مه‌ش لووتكه‌ی هه‌ڵوێستی چاپلین بو‌و له به‌رامبه‌ر دیكتاتۆرییه‌تدا.
چارلی چاپلین و لایه‌نگری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت
له كۆتایی ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا، چارلی چاپلینی به‌لایه‌نگری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و بیروباوه‌ڕی كۆمۆنیستی تۆمه‌تباركرد، له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكاد، چارلی به لایه‌نگری كۆمۆنیسته‌كان تۆمه‌تباركراوه، ئه‌وه‌ش له‌و ده‌ربڕینه‌ی چارلییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه گوتبووی سه‌ركه‌وتن له جه‌نگی دووه‌می جیهاندا، په‌یوه‌سته به‌هاوكاری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت وه‌ستاندنی جه‌نگ له دژی كۆمۆنیسته‌كان. به‌رهه‌مهێنانی فیلمی(مسیۆ فیردۆ) له ساڵی 1947 له‌لایه‌ن چارلییه‌وه، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ته‌عبیری له پشتیوانی هه‌ژاران و بیر‌و باوه‌ڕی كۆمۆنیستی ده‌كرد، تۆمه‌تی پشتیوانی بیری كۆمۆنیستی زیاتر له‌سه‌ر چارلی چاپلین تۆخ كرده‌وه، ساڵی 1948 نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی ئه‌مریكا، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چارلی كرد. ئیدی چارلی ناچار بو‌و ئه‌و وڵاته به‌جێبهێڵێ و رووی كرده ئه‌وروپا‌و له سویسرا گیرسایه‌وه و تا كۆچی دوایی له‌و وڵاته مایه‌وه.
به هۆی به‌رهه‌مه ناوازه‌كانییه‌وه له بواری سینه‌ما و موزیك چه‌ندین جار خه‌ڵاتی جیهانی وه‌رگرتووه و رێزی لێنراوه، له‌وانه: (ساڵی 1953خه‌ڵاتی شریتی شین، ساڵی 1972 له پای دانانی میوزیكی فیلمی (رۆشنایی شانۆ) خه‌ڵاتی ئۆسكاری وه‌رگرتووه. ساڵی 1975 شاژنی به‌ریتانیا ناسناوی (سێر)ی پێبه‌خشی، كه ئه‌وه رێزلێنانێكی مه‌زنه‌و تایبه‌ته به ناوداران و گه‌وره داهێنه‌ران).
پاش خزمه‌تێكی زۆر به بواره‌كانی سینه‌ما‌و موزیك، كه زیاتر له 80 فیلم و ده‌یان پارچه موزیكی به‌رهه‌مهێناوه، رۆژی 25ی كانوونی یه‌كه‌می 1977، چارلی چاپلینی هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی جیهانی، له ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا له شاری فیفی له سویسرا كۆچی دوایی كرد و له رێوڕه‌سمێكی گه‌وره‌ی میللی و ره‌سمیدا كه هه‌زاران كه‌س و سه‌رۆكی زیاتر له 20 وڵاتی جیهان ئاماده‌یبوون، له گۆڕستانی (كرۆسیر سوور)ی ئه‌و شاره به‌خاك سپێردرا، دوای دوو مانگ له ناشتنی، ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕه‌كه‌ی ده‌رهێنرا‌و دزرا، دزه‌كان داوای 400 ملیۆن دۆلاریان ده‌كرد بۆ دانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه، به‌ڵام پۆلیسی سویسرا توانیان دزه‌كان بگرن و جارێكی دی ته‌رمه‌كه به‌خاك سپێردرایه‌وه. ئێستا مه‌زاره‌كه‌ی چارلی بۆته روخسارێكی كه‌لتوری و گه‌شتیاریی ئه‌و وڵاته و ساڵانه به هه‌زاران كه‌س له هه‌موو گۆشه‌یه‌كی جیهانه‌وه سه‌ردانی ده‌كه‌ن و داهاتێكی باش بۆ خه‌زێنه‌ی سویسرا په‌یدا ده‌كات. هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌شی له شاری فیفی سویسرا كراوه به مۆزه‌خانه و ساڵانه به هه‌زاران گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن و سه‌یری یادگارییه به‌جێماوه‌كانی چارلی ده‌كه‌ن و وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ ده‌گرن.
وه‌ك رێزلێنانێك له‌م هونه‌رمه‌نده جیهانییه، له‌لایه‌ن چه‌ند زانكۆیه‌كه‌وه بڕوانامه‌ی دكتۆرای شانازی پێبه‌خشراوه و چه‌ندین نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای له‌سه‌ر هاتووه، ده‌یان كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی به زمانه جیا جیاكان له‌سه‌ر نووسراوه، چه‌ندین فیلمی ئاسایی و دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مهاتووه، هه‌روه‌ها له چه‌ند وڵاتێك په‌یكه‌ری بۆ دروستكراوه و باخچه و شه‌قام و قوتابخانه و سه‌نته‌ری هونه‌ری و شوێنی گشتی به ناوی ئه‌وه‌وه نراوه.
دوای 15ساڵ له‌كۆچی دوایی چارلی چاپلین، فیلمێك له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی به‌رهه‌م هات،(ژۆرالدین)ی كچی، رۆڵی دایكی چارلی واته نه‌نكی بینی، فیلمه هێنده جوان و سه‌رنجڕاكێش بو‌و، خه‌ڵاتی ئۆسكاری پێبه‌خشرا.
ئه‌گه‌رچی 46 ساڵه ئه‌و هونه‌رمه‌نده مه‌زنه جیهانییه كۆچی دوایی كردووه و له چاوان ونبووه، به‌ڵام به‌هۆی به‌رهه‌می موزیكی و فیلمه‌كانییه‌وه به‌نه‌مری ماوه‌ته‌وه، ئێستاش فیلمه كۆمیدییه بێده‌نگ‌و ره‌ش و سپییه‌كانی، له سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌ویدا بینه‌ری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و ئه‌و فیلمانه بزه ده‌خه‌نه سه‌ر لێوان و ئارامی به دڵ و ده‌روونی بینه‌ران ده‌به‌خشن.
تا ئێستا چارلی چاپلین، وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی سینه‌مای كۆمیدی بێده‌نگ به بێ ركابه‌ر ماوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
-ماڵپه‌ڕه‌كانی (ویكیپیدیا، جزیره نت).