ئەنجومەنی وەزیران: هەموو پابەندییەكانی خۆمان بە زیادەوە جێبەجێكردووە

06:37 - 2025-07-02
کوردستان
41 جار خوێندراوەتەوە



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر بەغدا بە زیادەوە جێبەجێكردووە، دەشڵێت، هیچ بیانوویەك بۆ نەناردنی مووچە نەماوە و داوا لە بەغدا دەكات كۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچە بهێنێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و كۆمپانیا نەوتییەكان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان، بە هەموو شێوەیەك ئامادەیی هاوكاریان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ پیشانداوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، ئەویش لەپێناوی بڕینی هەموو ئەو پاساو و بیانووانەی كە بەغدا بۆ نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان  بەكاریهێناوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵ دەكەن بۆ پەسەندكردنی ئەو لەیەكتێگەیشتنە هاوبەشانەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان رێككەوتنی لەسەركراوە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، هیچ بیانوویەك لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بە تایبەتیش كە هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ناردنی رێژەی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان