سەرۆك كۆمار: چارەسەركردنی کێشەی ئاو

10:49 - 2023-08-24
عیراق
451 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و وەفدی هاوڕێی.
لە كۆبوونەوەیەكدا، سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لە قووڵی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی كاركردن بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدانیان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و ژینگەیی و دۆسێی ئاو و وزەدا، بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات. هەر لەم چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی توركیا، رایگەیاند: چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو وەزیری بازرگانیی توركیا سەردانی عیراق بكات.
سەبارەت بە دۆسێی ئاو، سەرۆك كۆمار، جەختی لە گرنگیی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات كردەوە لەسەر بەدەستهێنانی پشكی دادپەروەرانە و پێویست لە ئاو و وتی: عیراق بە قەیرانێكی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی گشت عیراقییەكان دروستكردووە بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات و سەرچاوەكانیان.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی توركیا، جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەپەرۆشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی ئاو و لەوبارەیەشەوە بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاو لە عیراقدا، هیواشی خواست كە كۆبوونەوە هاوبەشەكان یارمەتیدەربێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری یەكلاكەرەوە. ئاماژەی بەوەشكرد كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا سوورە لەسەر سەردانی بۆ عیراق سەبارەت بە بەدواداچوونەكان بۆ كێشەكان. لەوبارەیەشەوە، د.لەتیف رەشید، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەكەی سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا دەربڕی.
هەر لە دیدارەكەدا، باس لە دۆخی ئاسایش و گرنگیی رێگریكردن لە تێكدانی ئاسایش و پێشێلكارییەكان و پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی كرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان