راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
بەشێك لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا تەواو دەبێت كە گەڕەكەكانی سنووری شارەوانییەكانی 4، 5، 6 دەگرێتەوە و بەشەكەی دیکەش
لە مانگی 12 ی ئەمساڵدا تەواو دەبێت
هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، ژمارەیەك گەڕەك لە شاری هەولێر تووشی گرفتی کەم ئاوی دەبن. بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر جێبەجێ بکات، کە بریتییە لە راكێشانی هێڵێكی ئاو لە زێی گەورەوە بۆ ناو شاری هەولێر و بڕیاربوو له ماوهی كهمتر له 550 رۆژدا جێبەجێ بکرێت.
لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکەدا بەرپرسانی حکومەت رایانگەیاند، به تهواوبوونی ئەم پرۆژەیە كێشهی كهم ئاوی له شاری ههولێر به رێژهی
100 % چارهسهر دهبێت، هەروەها دهبێته هۆی داخستنی زیاتر له هەزار بیری ئاو، به مهبهستی پاراستنی ئاوی ژێرزهوی و بەفیڕۆنەدانی.
رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێك لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بۆ شاری هەولێر لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا تەواو دەبێت كە گەڕەكەكانی سنووری شارەوانییەكانی 4 ، 5 ، 6 دەگرێتەوە و بەشەكەی دیکەش لە مانگی 12 ی ئەمساڵدا تەواو دەبێت.
گرفتی دانیشتووانی گەڕەکی کارێزان
بە راگەیاندنی پرۆژەکە دانیشتووانی هەولێر دڵیان خۆشبوو كە لە دەست بێ ئاوی رزگاریان دەبێت، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسان تەواوبوونی هەموو پرۆژەکە پێویستیی بە كاتێكی زیاترە و لە هاوینی ئەمساڵدا تەواو نابێت.
هێشتا بەهارە و سەرەڕای دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ شاری هەولێر، دانیشتووانی گەڕەکی كارێزان لەبەر کەم ئاویی چەند جارێک خۆپیشادانیان کردووە و داوای چارەسەر لە بەرپرسانی شارەکە دەکەن.
سەركار خالید دانیشتووی گەڕەكی کارێزان بۆ كوردستانی نوێ وتی: ژمارەیەك ماڵین و خانووەكانمان لە ریزی یەكە هەموو وەرزێكی هاوین بێ ئاو دەبین، هەموو ساڵێك ئەو كێشەیەمان دووبارە دەبێتەوە، ئاوەكەمان لە بیرێكەوە بۆ راكێشراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خانووەكانی ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بەرزە، ئاو ناگاتە ماڵەكانمان، بەهۆیەوە دەبێت بە دەبە ئاو لە ماڵەكانی بەرامبەر خۆم بهێنم.
وتیشی: هەموو ساڵێك وەك ناڕەزایی بەشێك لە خەڵكی گەڕەكەكەمان خۆپیشاندان دەکەین، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار گرفتەكەیان بۆ چارەسەر نەكردووین و بە ناچاریی هەندێكجار بە تانكەر ئاو دەكڕین.
فاتیمە عەزیز ژنێكی دانیشتووی هەمان گەڕەكە، لەگەڵ ئەوەی نائومێدە لە چارەسەرکردنی کێشەکەیان، بەڵام لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداریی کردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەشێكی گەڕەكەكەمان گرفتی كەم ئاوییان هەیە بە تایبەتی خانووەكانی سەر شەقامی گشتیی كارێزان بە راستی زۆر مافخوراون، ئەگەر وابڕوات ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانی كێشەكەمان زیاتر دەبێت، هەرچەندە بۆ چارەسەرکردن چەند جارێک خۆپیشاندانمان کردووە، بەڵام باوەڕناكەم بەهیچ شێوەیەك بۆمان چارەسەر بكەن.
سەبارەت بە كێشەی کەم ئاویی لە گەڕەکی کارێزان، رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: تائێستا هیچ دانیشتوویەكی ئەو گەڕەكە بۆ باسکردنی گرفتەکەیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانیان نەكردووە، هەركاتێك هاتن ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتییەكەمانیان لەگەڵ دەنێرم بۆ چارەسەركردنی كێشەكەیان.
وتیشی: بەهۆی كاركردن و لكاندنی بۆری ئاوی گشتیی لەو ناوچەیەی نزیك گەڕەكی كارێزان لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی گشتیی هەولێر چەند رۆژێك ئاوی بیرەكەمان گرتبووەوە، بۆیە ئەوان بێ ئاو بوون، بەڵام ئێستا كارەكەمان تەواوكردووە و ئاوەكەمان بۆیان بەرداوەتەوە، بەشێكی زۆری ماڵەكانی ئەو گەڕەكەش ئاویان لەسەر هێڵی ئاوی ئیفرازە نەوەك بیری ئاو، دوێنێش ئاوی بەشەكەی دیکەی گەڕەكەكەمان بە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز لكاند و گرفتەکەیان چارەسەر دەبێت.
ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دوای پڕۆژەكانی ئاوی (ئیفراز 1 ، 2 ، 3)، دەبێتە چوارەم پڕۆژەی راكێشانی ئاو لە زێی گەورەوە بۆ ناو شاری هەولێر و جێبەجێ کردنی پرۆژەکە دراوە بە کەرتی تایبەت.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت: هۆكاری درەنگ تەواوبوونی پڕۆژەكە بۆ پێویستیی بە كاتێكی زیاتر دەگەڕێتەوە كە لەبنەڕەتدا تەنیا پێنج بۆ شەش مانگە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، هەروەها سەرەڕای تەواو نەبوونی هەموو پڕۆژەكە، بەڵام بۆ هاوینی ئەمساڵ ئەو گەڕەكانەی كەوتوونەتە ناو شەقامی 120 مەتری شارەكە كێشەی نەبوونی ئاویان بۆ دروست نابێت، ئەو گەڕەكانەی دەكەونە دەرەوەی ئەو شەقامە سەرەكییەش لە مانگی شەشی ئەمساڵدا ئاوی پڕۆژە تازەكەی ئاوی ئیفرازیان پێ دەگات.
یەكێك لە هۆکارەکانی درەنگ تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، قووڵكردنی شەقامێكی زۆری شارەكەیە بۆ دانانی بۆری سەرەكی ئاوەكە و چاكکردنەوەیەتی کە ماوەیەكی زۆری پێویستە.
كارزان سابیر هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەڵکەندن و چاککردنەوەی شەقامەکان بۆ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کاتیكی زۆری پێ دەچێت و کۆمپانیاکە دەستوبرد ناکات لە کارەکەیدا، نازانین هۆکارەکەکەی چییە، بەڵام ئێمە رۆژانە بەو شوێنە هەڵکەندراوانەدا هاتوچۆ دەکەین خاوییەکەیان بەچاوی خۆمان دەبینین.
وتیشی: دەبینیت چەندین رۆژە شەقامێک هەڵکەندراوە و قووڵکراوە بۆ پرۆژەکە، ئاوا بەجێ دەهێڵرێت و بە زوویی بۆرییەکەی بۆ دانانێن و دایبپۆشنەوە، ئەو بە خاوی کارکردنە بێجگە لەوەی ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە دوادەخات، ئاستەنگی هاتوچۆشی دروست کردووە.
بڕیاردان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە
رۆژی 8ی ئهیلولی 2024، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، بهردی بناغهی پرۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێر، له رۆژێكدا 480 ههزار مهتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ ههر سەعاتێک 21 ههزار مهتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گهڕهكهكانی شاری ههولێر دەنێرێت.
پرۆژهكه به چوار هێڵی سهرهكی له نێوان گهڕهكهكانی نێوان شهقامی 120 مهتری و شهقامی 150 مهتری جێبهجێ دهكرێت كه گهڕهكهكانی نێوان ئهو شهقامانه و دهرهوهی شهقامهكان و ههریهك له گهڕهكهكانی دارهتوو، بنهسڵاوه، كهسنهزان، پیرزین، شاوێس، بەحركه، عەنكاوه و سێبیران لێی سوودمهند دهبن.