جۆنی سۆمسۆن*
سیمۆن دی بۆڤوار (1908-1986) نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار و بیریارێكی وجودگهرای فه‌ره‌نسییه و یه‌كێكه له تیۆریسینهكانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ژنان. هه‌رچه‌نده خۆی به فه‌یله‌سوف نه‌زانیوه، به‌ڵام بیروڕاكانی كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژن. دی بۆڤوار خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌مه له بواری رۆمان، وتار، ژیاننامه و لێكۆڵینه‌وه له بواری فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تیدا. دی بۆڤوار به رۆمانه‌كانی ناوبانگی په‌یداكردووه وه‌كو (داوهتكراو- رۆشنبیران) هه‌روه‌ها كتێبی «ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر» كه سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ژنه.
به‌لای فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی سیمۆن دی بۆڤواره‌وه، عه‌شق په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزه و به‌ڕێوه‌بردنی قورسه. رووبه‌ڕووی دوو كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه. له‌لایه‌كه‌وه عه‌شق ده‌توانێت هاوبه‌شه‌كه‌ت دابه‌زێنێت بۆ شتێك یان بوونه‌وه‌رێك كه ته‌نیا بۆ رازاندنه‌وه‌ی خۆت له‌گه‌ڵ خۆتدا هه‌ڵیده‌گرێت. وه‌كو زهردێك له جیاتی ئاڵتوون بۆ خۆنواندن، یان ده‌سكه‌وتێك له ژیانی تایبه‌تیدا. له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ندێك كه‌س كاره‌كته‌ری سه‌ربه‌خۆی خۆیان به ته‌واوی ته‌سلیمی عه‌شق ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به ناكامڵ و دڵشكاو ده‌بینن، له‌و باوه‌ڕه‌دان ته‌نیا عه‌شق ده‌توانێت دروستیان بكات.
ئیڤی كچێكی ته‌نیایه. هه‌موو رۆژێك ده‌چێت بۆ سه‌ر ئیشه‌كه‌ی به ئه‌ده‌بێكی ناچاری و ده‌سكرده‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سدا به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ (هاوكاره‌كانیدا) قسه ده‌كات. پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ژه‌مێك خواردنی یه‌ك نه‌فه‌ری بخوات كه پێشان ئاماده‌ی كردووه و له مایكرۆدا هه‌ڵیگرتووه، پاشان له گۆشه‌ی قه‌نه‌فه‌یه‌كی خێزانی‌دا داده‌نیشێت. ددانه‌كانی ده‌شوات. له ئاوێنه‌دا له روخساری خۆی راده‌مێنێت. پاشان ده‌كشێت بۆ هه‌مان گۆشه‌ی سیسمه‌كه‌ی. دواشت كه شه‌و ده‌یبینێت، جێگایه‌كی خاڵی ده‌ست بۆ نه‌براوه كه بڕیار نییه هیچ كه‌سێك له‌وێدا پرخه‌ی خه‌وی بێت. پاشان كه‌سێك ده‌ناسێت. پیاوێكی سه‌رنجڕاكێش و زیره‌ك و میهره‌بانه. ئه‌م دوو كه‌سه بڕیاری یه‌كتر بینین ده‌ده‌ن و زۆر زوو هه‌موو شتێك ده‌بێت به جدی. رۆژێك له رۆژان، ئیڤی له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ی كه ئیتر لایه‌كی خاڵی نییه، به قووڵی وه‌كو رۆمانی «میلز ئه‌ند بۆن-»له چاوانی ئاده‌م راده‌مێنێت و پێی ده‌ڵێت: «ئاده‌م من زۆر پێویستم به تۆیه، ناتوانم به‌بێ تۆ ته‌سه‌وری ژیان بكه‌م. تۆ ته‌واوكه‌ری منی.»
له جێگایه‌كدا له قه‌ڵه‌مڕه‌وی فه‌لسه‌فه‌دا، سیمۆن دی بۆڤوار، فه‌یله‌سووفی سه‌ده‌ی بیسته‌م له دژی ئه‌م عه‌شقه یاخی ده‌بێت راده‌په‌ڕێت.
كاتێك عه‌شق ده‌بێته ئاره‌زوویه‌كی كۆتایی حه‌فته:
عه‌شق شتێكی ترسناكه، ده‌بێت به ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت. ئه‌مڕۆ فێرمان ده‌كه‌ن كه عه‌شق هه‌موو شتێكه. ئێمه‌یان به عه‌شقی رۆمانسی په‌روه‌رده كردووه و ئێمه‌یان له كه‌لتوری بازاڕیدا شه‌یدا و له «عه‌شقی راسته‌قینه‌دا» نغرۆ كردووه. به‌ڵام كه‌م ئه‌وه دێته پێشه‌وه كاتی خۆمان ته‌رخان بكه‌ین و تاوتوێی ئه‌وه بكه‌ین به كرده‌وه عه‌شق چییه و چیمان لێده‌كات.
به‌ڵام سیمۆن دی بۆڤوار ئه‌وه‌ی كرد. بۆڤوار عه‌شقی وه‌كو رۆیشتن به‌سه‌ر حهبیلێكدا ده‌بینی كه به نێوانی هه‌ردوو رانهوه به‌سترا بێت. له‌لایه‌كه‌وه، عهشقێكمان هه‌یه به مانای هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵات و موڵكایه‌تی. له روانگه‌ی دی بۆڤواره‌وه، پیاوان «ژنه‌كه‌یان» «ئیتر هه‌ر كه‌سێك بێت» ئاوا ده‌بینن. به‌لای ئه‌م جۆره كه‌سانه‌وه، عه‌شق جۆرێك كار و كاسپییه. به‌شێكی پێویسته بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیان. هاوسه‌رێتی شتێكی باشه، به‌ڵام ژن و مێرد به‌شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی وجودیان هه‌یه بۆ ئیش یان بۆ ئاسانكاری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌م جۆره مرۆڤانه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌كو «بكه‌ری خودموختار» ده‌پارێزن و چاوه‌ڕوانیی ملكه‌چی و فیداكاریی بێچه‌ند و چوون له شهریكهكهیان ده‌كه‌ن. به‌لای ئه‌مانه‌وه عه‌شق شتێك نییه كه مرۆڤ ده‌چێته ناوی، به‌ڵكو شتێكه هه‌میشه له دوورییه‌كی گونجاو‌دا ده‌هێڵرێته‌وه، له كاتێكدا كه له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت هیچ گرنگییهكیش نه‌بێت.
له‌م جۆره عه‌شقه‌دا، مه‌سه‌له‌كه هه‌مووی په‌یوه‌ندی به لووتبه‌رزییه‌وه هه‌یه، لێره‌دا لووتبه‌رزی و بێڕێزی بۆ عه‌شق پێویسته، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی موڵكایهتییه.
كاتێك عه‌شق هه‌موو شتێكی ژیانه:
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جۆرێكی تری عه‌شق هه‌یه كه پڕه له ده‌رده‌سه‌ری و له‌سه‌ر بنه‌مای قوربانیدان و له‌خۆبردوویی بنیات ده‌نرێت. ئه‌مه ئه‌و كاته‌یه كه كه‌سێك بێچه‌ند و چوون خۆی ته‌سلیمی شهریكهكهی ده‌كات. یان له بێخه‌وه ئایدیای عه‌شق ده‌په‌رستێت. ئه‌م جۆره عه‌شقه پێویستی به‌وه‌یه كاره‌كته‌ری تۆ به ره‌هایی به ئاراسته‌ی كه‌سێكی دیكه بخولێته‌وه. خودی تۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و عه‌شقه پێناسه ده‌كرێت. دو بۆڤوار باوه‌ڕی وابوو ئه‌م جۆره عه‌شقه زیاتر به نیسبه‌ت ژنانه‌وه راسته، چونكه ئه‌و ژنه‌ی به‌م شێوه‌یه عاشق بووه نووسیوێتی: «له‌و باوه‌ڕه‌دایه دواجار خۆی له چاوی پیاوێكدا دۆزیوه‌ته‌وه.»
له چیرۆكه گریمانكراوهكهماندا، ئیڤی خۆی فڕێده‌داته ناو په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ ئاده‌مدا، چونكه خۆی به‌ته‌نیا كامڵ نییه. ئه‌م قسه‌یه كه «تۆ ته‌واوكه‌ری منی» ترسناكه، چونكه به‌و مانایه‌یه كه ئیڤی ئیتر خودی خۆی نییه. عه‌شقی له‌خۆبردوویی و ده‌ستبه‌رداربوونی خود به‌كرده‌وه توانای سه‌ربه‌خۆی تاكه‌كه‌س بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ناو ده‌بات و تاكه‌كه‌س ده‌كات به به‌شێك له ژیانی كه‌سێكی دیكه. ئه‌م جۆره كه‌سانه ئه‌و ئیشه ده‌كه‌ن كه شهریكهكهیان ده‌یه‌وێت. ئه‌م جۆره ژنانه ته‌نیا هاوڕێیان و خێزانی پیاوه‌كانیان ده‌بینن. له‌گه‌ڵ پیاوهكهیاندا وه‌كو ته‌وه‌رێكی موگناتیسی ره‌فتار ده‌كه‌ن كه هه‌موو شتێك به‌ده‌وری ئه‌و پیاوه‌دا ده‌خولێته‌وه.
سیمۆن دی بۆڤوار كه خۆی ئهگزیستانسیالیست بوو، باوه‌ڕی وابوو ژیانی راسته‌قینه و ره‌سه‌ن و مانادار له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. مرۆڤ كه‌سێكه رێڕه‌وێك هه‌ڵده‌بژێرێت، مرۆڤ هه‌ر ئیشێك بكات یان بیر له هه‌ر شتێك بكاته‌وه ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی كه‌سێكی دیكه‌وه فلته‌ر بكرێت، ئیتر ئه‌و كه‌سه ناتوانێت رێڕه‌وی خۆی هه‌ڵبژێرێت. ئیتر كه‌سێك نییه، به‌ڵكو سه‌رباره و زیاده‌یه. چونكه خۆی كردووه به بوونه‌وه‌رێكی بێكهڵك.
شێوازه باشه‌كه‌ی عه‌شق:
به‌باوه‌ڕی دی بۆڤوار عه‌شقی راسته‌قینه نه ده‌سه‌ڵاته و نه‌توانه‌وه‌یه، به‌ڵكو شهریكایهتییهكه. ئه‌گه‌ر بەڕاستی عاشقی كه‌سێكی، وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی یه‌كپارچه‌ی سه‌ربه‌خۆ عاشقی ئه‌ویت. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه باشییه یان له‌به‌رئه‌وه‌ی له باوه‌شی تۆدا جوانه. له‌م عه‌شقه‌دا، تۆ له‌به‌رئه‌وه عاشقی كه‌سێك نابیت كه ده‌توانێت چی بێت یان له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت چی بێت. به‌م شێوه‌یه، ئامانجی عه‌شق چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ژیانی تۆ نییه. هه‌ندێك عه‌شق وه‌كو چاره‌سه‌ر ده‌بینن، خۆیان به دڵشكاو و ناكامڵ یان بۆ هه‌میشه به غه‌مبار ده‌بینن مه‌گه‌ر عه‌شقێك په‌یدا بكه‌ن.
عه‌شقی ره‌سه‌ن و راسته‌قینه تێگه‌یشتنی دووكه‌سه له یه‌كتری. كۆنترۆڵ و هه‌ژموون نییه، لهخۆبردووییش نییه، به‌ڵكو به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو مێشكی یه‌كسان و سه‌ربه‌خۆیه. ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وی دی خاوه‌نی كاره‌كته‌ری خۆیه‌تی. خێر و خۆشی خواستنه بۆ كه‌سێك به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌یت كۆنترۆڵی بكه‌یت یان بیگۆڕیت. به قسه‌ی «ئه‌نتوان دو سانت ئیگزوپێری» نووسه‌ری فه‌ره‌نسی: «عه‌شق رامان نییه له چاوانی یه‌كتری، به‌ڵكو پێكه‌وه سه‌یركردنی جێگایه‌كی دووره به‌یه‌ك ئاراسته‌ی هاوبه‌ش»
*جۆنی سۆمسۆن-مامۆستای فه‌لسه‌فه‌یه له زانكۆی ئۆكسفۆرد.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: Nebesht