کاتێک (چیپ)ێک لە مێشکماندا دەچێنین

10:00 - 2023-08-27
ئابووری
445 جار خوێندراوەتەوە
نموونەی چیپێکی ئامادەکراو بۆ ناو جەستەی مرۆڤ

فەیسەڵ عەلی
ساڵانێکە، هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چیپی ئەلیکترۆنی لەناو جەستەماندا بچێندرێت، بیهێنە بەرچاوت رواڵەتەکانی ئەم هەوڵانە لە گەڵاڵەبووندایە و ئامانجەکانی دیاری دەکات، هەیە بۆ کات بەسەربردنە، کە دەتوانی ئامێرەکانی ناو ماڵ یان مۆبایلەکەتی پێ کۆنترۆڵ بکەیت، هەیە بۆ ئاسانکاریی بەڕێوەچوونی ژیانە، سویچی ئۆتومبیلەکەت یان کارتی بانکی لە ژێر پێستمان دەچێنێت، هەیە پزیشکییە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی یان بۆ بەهێزکردنی هەندێک لە وەزیفەکانی ناو جەستەمانە، هەیە لەمانە زیاتر دەڕوات، چیپی ئەلیکترۆنییە بە مێشکمانەوە گرێ دەدرێت و لە هەمان کاتدا دەمانکاتە کەسێکی وا لە بتوانین بچینە نێو هەموو شتێکەوە و هەموو شتێکیش دەتوانێت بێتە  ناومانەوە. 


چیتر کەسمان بەدەست قورسیی قسەکردن، یان ئەوەی هەستێکی لەدەستداوە گیرۆدە نابێت، هەموو ئەوانە دەکرێ چارەسەر بکرێن یان بە رێگەیەک لە ریگەکان تێپەڕێندرێت

مرۆڤ و هارد دیسک
بیهێنە بەرچاوت، چیپێک لەناو مێشکماندا بچێندرێت و بە ئینتەرنێتەوە بەسترابێت، ئەوکات وەڵامدانەوەی هیچ پرسیارێکت لا قورس نابێت، یان بە (هارد دیسک)ێکەوە گرێدرا بێت و هەموو وێنە و ڤیدیۆ و یادەوەرییەکانتی تێدا هەڵگیرابێت، ئەوکات هیچ وردەکارییەکی ژیانت بیرناچێت، دووچاری نەخۆشی بیرچوونەوە (زهایمەر) نابیت هەرچەند تەمەنت درێژ بێت. وا دابنێ ئەو چیپە بە داتاکانی کارەکەتەوە بەستراوەتەوە، ئەگەر پارێزەر بیت، مێشکت بەو داتایانەوە بەستراونەتەوە کە هەموو یاسا و سیستمەکانی تێدایە، هەموو یاداشتە یاسایی و بەرگرییەکانی پێشووتی تێدایە، وات لێدەکات خاوەن شارەزاییەکی دەیان ساڵە بیت، ئەگەرچی دەرچووی تازەش بیت. ئەگەر پزیشک بیت، دەبیتە خاوەن شارەزایی چەندین ساڵە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی و زانینی دەرمانە گونجاوەکان، بە تایبەتی مێشکی نەخۆشەکەت وەك لاپەڕەیەکی کراوەیە لە بەردەستتدا و هەموو پڕۆسەکانی ژیانی تێدا تۆمار کراون، ئەوکات بە ئاسانی دەتوانی پشکنینی بۆ بکەین و نەخۆشییەکەی و دەرمانی گونجاویشی بزانیت چیین.

رۆبۆتی نانۆیی
رەنگە لەگەڵ خۆتدا بڵێی ئایا بەو ئاستە دەگەین؟ دەڵێم پەلە مەکە، زۆر لەوانەش ئەولاتر، وای دابنێ چیپێک لە ناو هەموو بەشە زیندووەکانی جەستەت چێندراوە، یان رۆبۆتی نانۆیی بۆ ناو جەستەت رەوانە دەکرێت، ئەوکات دەتوانرێ تەواوی ئەندیکەیتەرە زیندووەکانی ناو جەستەت بزانرێت، بێگومان ئەمە زۆرت یارمەتیت دەدات تا چارەسەری تەندروستی زۆر پێشکەوتوو کاراش بە جەستەت بدەیت، بە تایبەتی بە وردی و روونی و راشکاویی هەموو گرفت و نەخۆشییەکانی ئەندامانی جەستەت لە بەردەست دەبێت.

پێویست بە قسەکردن ناکات
رەنگە کەسێک لەوانەی حەز و ئارەزووی وەرگێڕانیان هەیە، بڵێن، دوای چاندنی ئەو چیپە، چیتر پێویستمان بە گووگڵ نابێت تا وەرگێڕانمان بۆ بکات و چیتر پێویستمان بە فێربوونی زمانیتر نابێت، چونکە دەتوانین ئەو زمانەی دەمانەوێ لە سیستم و هاردەکانماندا خەزنی بکەین، ئەمە راستە، بەڵام چ پێویستمان بە قسەکردن دەبێت، ئەگەر بتوانین تەنها لە رێی بیرکردنەوەوە گوزارشت لەوە بکەین کە دەمانەوێ بە کەسی بەرامبەر بگات، چونکە ئەوەی لە رێی گەیاندنی عەقڵی بە ئاماژە و هەست و بیرکردنەوەوە خواستەکانتی پێ دەگات، هەریەک لە ئێمە بە تۆڕێکەوە بەستراوینتەوە کە رێگەمان پێدەدات بە ئاسانی ئەو داواکاری و پێداویستییانە لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ پێبکەین. ئێستا ئێمە دەتوانین لە بەرد و کاغەز بگەین، دەبێ بۆ نێوان مرۆڤەکان چۆن بێت، لە کاتێکدا ئێمە لەناو خۆماندا گەیەنەری ئەلیکترۆنیمان چاندبێت، رێگەمان دەدات بە ئاماژە، چ رووبەڕوو یان لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە بێت، لەگەڵ یەکتر بدوێین.

‌چارەسەری نابینایی
کاتێک چیپێک لەناو مێشکماندا دەچێنین، چیتر کەس بەدەست کوێرییەوە ناناڵێنێت، هەموو ئەوەی لە دەوروبەرتە لەناو مێشکتدا تۆمار دەبێت و راڤەی دەکات و دەیکاتە وێنە، راستە ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە و پێویستیی بە خێراییەکی یەکجار زۆرە تا بیگوێزێتەوە و مامەڵە لەگەڵ داتا هاتوو دەرچووەکانی ناو مێشکماندا بکات، بەڵام ئەمە لانیکەم لە رووی بیرۆکە و خەیاڵکردنەوە روودەدات، چیتر کەسمان بەدەست قورسیی قسەکردن، یان ئەوەی هەستێکی لەدەستداوە گیرۆدە نابێت، هەموو ئەوانە دەکرێ چارەسەر بکرێن یان بە رێگەیەک لە ریگەکان تێپەڕێندرێت.

زانکۆکان نامێنن
هەروەها خەیاڵ بکە، ئەوکات دەتوانین قوتابخانە و زانکۆکان هەڵوەشێنینەوە یان کورتی بکەینەوە، بۆ ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنمان ببێتە هەڵگرتن یان راهێنان یان چاوەڕێی مێشکمان بکەین تا گەشەکردنەکەی تەواو دەبێت بۆ ئەوەی بە جێگیریی بە تۆڕە هەرە ئاڵۆز و زۆر پێشکەوتووەکانەوە بیبەسترێینەوە، دەشێ بیرۆکەیەکی زۆرباش بێت بۆ ئەوانەی حەزیان لە قوتابخانە نییە، بەڵام ئەم پرسە دەرگا بە رووی پرسیارگەلێکی بێکۆتا لە چۆنێتی ئیدارەدانی دەرامەتی مرۆیی و شێوازی دابەشکردنی رۆڵی لە ژیان لە وەزیفە و پۆستەکان دەکاتەوە، بەڵام ئەمەش دەرچەی هەیە، تەنانەت ئەو چیپانە دەتوانن توانا و مەیل و ئارەزووەکانت بناسنەوە، ئایا تۆ لە ژیریی سۆزداریت هەیە یان ژیریی لۆجیکی یان تەنانەت وەرزشی یان زانستی یان تەنانەت مێشکت لەگەڵ شێوازی خەیاڵکردندا هەیە، دەشێ ئێمە وەک مرۆڤ لە ئیدارەدانی تواناکانماندا پشت بەوە ببەستین.

ئەزمونێکی دیاریکراو
کاتێک چیپێک لەناو مێشکماندا بچێنین، چیتر پێویستمان بەوە نابێت بۆ مەعریفە و ئەزموون بەملا و بەولادا بەدوایدا بگەڕێین، بەڵکو ئەو دێتە لات، ئەگەر بیرت لەوە کردەوە سەفەرێک بۆ بینینی ئەزمونێکی دیاریکراو بکەیت، دەتوانی هەستی ئەو ئەزموونەت پێبگات، بە تایبەتی ئەگەر تۆ هاوێنە و جلەکانت ئەلکترۆنی بێت، ئەوکات دوای ئەوەی هەموو بەشەکان بەیەکەوە گرێ دەدەیت بە تەواوی دەچیتە نێو ئەو تاقیکردنەوەیەوە، ئەمەش زۆر قورس نابێت.

مەترسییەکانی بیرۆکەکە
رەنگە بیرۆکەکە ترسناک بێت ئەگەر بە هەموو ئەو ئەرێنیانەوە لێی بڕوانیت و لەگەڵ ئەوەشدا بزانیت هەموو ئەو پەرەسەندنانە دەشێ لە رێی کەسان و لایەنی دەرەکییەوە رووبەڕووی دەستوەردان یان دزین بێتەوە، کاریگەریی لەسەر مەیل و ئاراستەی خەلکی بکات، خاوەن کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان وەک بەشێکی بەهەشت بۆ وێنا بکەن، دوای ئەوەی پارە بە بەکارهێنەرانی ئەو چیپانە بدەن تا زانیاریی بە ئارەزووی مێشکی تۆ لەسەر ئەو بەرهەمانەت پێبدەن، دەشێ خەیاڵی ئەوە بکەیت، کە جەنگی نێوان دەوڵەتان لەسەر بنچینەی کاریگەریی ئەو زانیارییانەی لە رێی ئەم چیپانەوە دەگوێزرێنەوە دروست بێت. بۆ ئەوەی کۆتاییەکەی رەشبین نەبێت، بیر لە قەبارەی ئەو سودانە بکەرەوە کە دەتوانین بۆ چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان بەکاری بهێنین، بەڵام ئەگەر باش بەکارمان هێنا، ئەوا ژیانێکی باشتر و جوانتر بۆ خۆمان دروست دەکەین، بەڵام ئەمەش بەندە بەو رێگەیەیەوە کە ئەو تەکنۆلۆجیایەی پێ پێشدەخەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان