راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
بە دروشمی تەق تەق بووکی رازاوەی کەناری زێی بچووک دووەم فێستیڤاڵی هەنجیر لە پارکی گەشتیاری مەهناز بە چاودێری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هەماهەنگی ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە چوارچێوەی (گەشتوکاڵ)دا بە بەشداری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و جووتیاران و هەزاران گەشتیار بەڕێوەچوو.
نمایشی جیاواز لە فێستیڤاڵەکە
ئیسماعیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری کۆیه وتی، فێستیڤاڵی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵی پار کە تەنها یەک رۆژی خایاند ئەمساڵ دوو رۆژ دەخایەنێت و لە ئەگەری هاتنی گەشتیاری زیاتر رۆژی سێیەمیش بەردەوام دەبێت.
ئەم فێستیڤاڵە جگە لە نمایشکردنی بەرهەمی هەنجیر کە 65 جووتیار تێیدا بەشدارن، چەندین چالاکی جۆراو جۆری تریش لەخۆ دەگرێت لەوانە، پێشبڕکێی مەلەکردن لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە دەکرێت، لەگەڵ بەشداریکردنی کۆمەڵێک لە خانمانی دەستڕەنگین کە ئەوانیش بێبەش نەکرابوون لە نیشاندانی بەرهەم و کارە دەستییەکانیان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان.
ئاهەنگێکی بچووکیش سازکرا بە بەشداری هونەرمەندێکی میللی بۆ دڵخۆشکردنی گەشتیاران.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری کۆیه وتیشی، بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکان یەکێکە لە پلانە سەرەکییەکانیان و وادەکات بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی تەق تەق ناوبانگێکی باش پەیدا بکات لە هەموو کوردستان و ناوچەکانی خوارووی عیراق.
بەناوبانگی هەنجیری تەق تەق
ئەردەڵان جەوهەر جووتیارێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و سەرقاڵی ساغکردنەوەی بەرهەمەکەی بوو دەڵێت، زۆر دڵخۆشم بە بەشداریکردنم لە فێستیڤاڵێکی وا کراوە و رەنگیندا لەتەق تەق مایەی دڵخۆشییە بۆ گشت جووتیاران و بەهیواین سەرجەم بەرهەمەکانمان جێی رەزامەندی کڕیاران بێت و بفرۆشرێت.
وتیشی، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتیان دێن کاتێکی خۆش لێرە لەپارکی گەشتیاری گوڵی مەهناز بەسەر دەبەن سوودێکی دارایی باشیشی بۆ ئێمە هەیەو وادەکات کوالێتی باشی هەنجیرەکەمان ناوبانگی باش پەیدا بکات و هەرکاتێک باسی هەنجیری باش کرا ناوی تەق تەقیش لەپاڵیدابێت.
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکەمان بۆ بەرهەمهێنانی هەنجیر لەبارە ساڵانە چەندین جۆر هەنجیری جیاواز بەرهەم دەهێنین و دەینێرین بۆ تەواوی ناچەکانی تری هەرێم و خواستێکی ئێجگار باشی لەسەرە.
نمایشی بەرهەمی دەستی خانمان
لەپاڵ سەبەتە هەنجیرەکانی جووتیاراندا خانمانی دەستڕەنگین بە نمایشکردنی بەرهەمە دەستییەکانیان فێستیڤاڵەکەیان رەنگاوڕەنگ تر کردبوو.
سەمیرە یاسین بەرپرسی پڕۆژەکانی رێکخراوی ئۆسکار وتی، ئێمە دووەم جارە بەشداری لە فێستیڤاڵی هەنجیر دەکەین لە تەق تەق هەلی کار دەڕەخسێنین بۆ خانمە دەستڕەنگینەکانی کۆیە نەک تەنها ئەم فێستیڤاڵە چەندین جاری تر پێشەنگامان بۆیان کردۆتەوە لەشوێنی جیاجیا بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و ئاشناکردنیان بە کڕیاران.
وتیشی، لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 10 خانمی دەستڕەنگین بە بەرهەمی جیاواز وەک خواردنەکانی کەلانە و ناوساجی و کوبە و دۆڵمە و چەندین شتی تر، هەروەها ئێکسسواراتی جوانکاری خانمان وەک ملوانکە و بازن و مێخەک لەگەڵ نمایشکردنی جلوبەرگی رازاوەی کوردی کڵاوی چنراو هێلەگ و کەوای رازێنراوە بەشدارییان کردووە.
ساغکردنەوەی بەرهەمەکان
بەرپرسی پڕۆژەکانی رێکخراوی ئۆسکار باسی لەوەشکرد، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ خانمانی دەستڕەنگین زۆر پێویستە، چونکە تێیدا دەتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە کە بە ماندوبوونێکی زۆر دروستیان کردوون.
بەشێکی زۆر لە خاتوونە دەستڕەنگینەکان گەنجن و خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگە و کۆلێژەکانن و لەبەرئەوەی هەلی کاریان لە پسپۆڕی خۆیاندا دەستنەکەوتووە ناچار گرنگیان داوە بەتوانا و لێهاتوویی و شارەزایی خۆیان لەکارێکی تردا ئەمەش بۆ ئەوان هەم لەرووی مادی سوودێکی هەیە هەم لەڕووی دەروونیشەوە ئاسوودە دەبن کە کارێکیان هەیە و دەتوانن کاتی بۆ تەرخان بکەن، بەڵام لە هەبوونی کارەکە ئەوەی گرنگە ساغکردنەوەی بەرهەمەکەیانە.
سەمیرە یاسین بەرپرسی پڕۆژەکانی رێکخراوی ئۆسکار دەڵێت، هیوام وایە خانمان لەبری کڕینی بەرهەمە دەرەکییەکان بەرهەمەکانی ناوخۆیی خۆمان بکڕن و ماندوبوونی ئەم خانمە دەستڕەنگینانە بەفیڕۆ نەڕوات.
بەرهەمی کاری دەستی خانمێک