عەتا مەحمود
کاتێک لە فولکەی «نالی»یەوە بەرەو ئەسحابە سپی، بە دەستە راستی شەقامەکەدا تێدەپەڕیت، جەنجاڵی و ژاوەژاوی دوکان و بازاڕ و کاسبکارەکان، سەراپا بیر و ئەندێشەت داگیر دەکەن، لەناکاو لەسەر سووچی کۆڵانێکی راستە شەقامەکەوە، خانوویەکی جیاواز سەرنجت رادەکێشێت، خانوویەک کە دیوارەکانی لە قسڵ و بەردی گەورە گەورە و چوارگۆشە دروستکراوە، دەروازەی چوونە ژوورەوەی بە خشت رووپۆشکراوە و دەرگایەکی دوو تاکی لە دار دروستکراو، ئەم درووشمەیان لەسەر نووسیوە:
- ئازادی لە سەربەخۆیی گرنگترە.
- کورد تا دەوڵەتی نەبێت، هەموو رۆژێک ترسی ئەنفال و لەنێوچوونی هەیە.
ئەم خانووە، ساڵانێک ماڵی (حاجی تۆفیق مەحمود خدر ئاغای دزەیی) بووە. ئێستا، مروارییەکە بە گەردنی شارەوە... بە دیزاینێکی جوان و سەردەمییانە کراوە بە مۆزەخانەیەکی دڵگیر، مۆزەخانەی نووسەر و کەسایەتیی دیار و ناسراوی کورد «د. جەمال نەبەز»ە، کتێبخانە و مێز و کورسی و کەرەستە تایبەتەکانی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی لێرەدا پارێزراون.
مێژووی دروستکردنی
لەلایەن (حاجی تۆفیق) باوکی د. جەمال نەبەز-ەوە، لە ساڵی (1885)دا دروستکراوە. لە (1920)دا هاتوونەتە ناو خانووەکە. ڕووبەری خانووەکە (680) مەترە، پێکهاتووە لە دوو بەش، بەشی یەکەمی کە بەشی سەرەوەی خانووەکەیە، باڵەخانە و ژێرخانێکە، تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە، بەشی خوارەوەی خانووەکەش لە دوو ژوور و ساڵۆنێک و چێشتخانەیەک پێکهاتووە.
لە ساڵانی زوودا بەم گەڕەکە وتراوە (قاوەخانەی سەرچیمەن)، قاوەخانەکە لە گەڕەکی پشتەوەی ئەم خانووەوە بووە. جگە لە ماڵی جەمال نەبەز، ماڵی کۆمەڵێک کەسایەتی و نووسەر و ئەدیبی ناسراو دراوسێیان بوون، یاخود لەم گەڕەکەدا بوون، لەوانە ماڵی: محەمەد ساڵح دیلان، د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، شێخ محەمەدی مەحوی و... هتد.
لە (17/10/1951)دا حاجی تۆفیق، باوکی جەمال نەبەز، لە بەغداد کۆچی دوایی دەکات و لە گردی سەیوان بە خاک دەسپێردرێت. خێزانەکەیان کە لە دوو برا و پێنج خوشک پێکهاتبوون، ساڵانێکی زۆر لەم خانووەدا ژیانیان بەسەر بردووە، دواتر ئەم خانووە چۆڵ دەکەن و دەچنە گەڕەکی بەختیاری.
لە (15/7/2020)دا لەسەر بڕیاری (نیعمەت خان)ی خوشکی جەمال نەبەز، (رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز) دەست دەکەن بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکە، هونەرمەند (رۆستەم ئاغالە) خۆبەخشانە سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەکە دەکات، لە ساڵی (2022)دا ئەم بەشە ئامادەبووە، کە لە دوو ژوور و ساڵۆنێک پێکهاتووە:
ژووری دانیشتن، یاخود میوان: لەم ژوورەدا کتێبخانە و مێز و کورسیییەکەی جەمال نەبەزی لێیە، لەگەڵ تاقمێکی دانیشتن و هەندێک کەرەستەی تایبەتی خۆی و چەند وێنەیەکی خێزانەکەیان، ئەوەی جێگای سەرنجە، هەموو ئەو کەرەستانەی لەم ژوورەدان، هی سەردەمی ژیانی جەمال نەبەزن و مێژوویەکی زۆر کۆنیان هەیە، بە نموونە مێز و کورسی و کتێبخانە و تاقمی دانیشتن و تەنانەت سورەیا و رادیۆ، کەرەستە تایبەتەکانی وەک قەڵەم و چاویلکەکەی، نامە، وێنەی خێزانەکەیان هەموو لێرەدا پارێزراون. لەکاتی خۆیدا لەم ژوورەدا هاوڕێکانی بینیوە و میوانەکانی بەڕێ کردووە، بەشێکی زۆری نووسەران و ناودارانی ئەو سەردەمە هاوڕێی بوون، بۆ نموونە: رەفیق حیلمی، ئیبراهیم ئەحمەد، ئەحمەد هەردی، رەفیق چالاک، نەجمەدینی مەلا، ئوستاز بەشیر موشیر، مارف خەزنەدار و مەلا جەمیل رۆژبەیانی...
ساڵۆنەکە: کە دەروازەی هاتنەناوەوەی خانووەکەیە و لە نێوان هەردوو ژوورەکەدا، دەستشۆر و ئاوێنەی ئەو سەردەمەی تێدا دانراوەتەوە.
ژووری کتێبخانە: هەرچەندە رووبەرەکەی بچووکە، بەڵام جگە لە کتێبەکانی جەمال نەبەز، کۆمەڵێک کتێبی گرنگ و دانسقەی ساڵانی پێشووی تێدایە، کە لە ئێستادا دەستکەوتنیان ئەستەمە. لەگەڵ ژمارەیەک لە گۆڤارەکانی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان، بە نموونە گۆڤارەکانی: بەیان، رۆژی کورد، رۆشنبیری... رۆژانە میوانەکان و خوێندکاران سەردانی ئەم کتێبخانەیە دەکەن، بەمەبەستی خوێندنەوە و کۆششکردن، یاخود بۆ وەرگرتن و خواستنی کتێب و سەرچاوە. ئەو ژوورەش کە لە کۆندا چێشتخانە بووە، لە ئێستادا وەک کافییەکی بچووک چا و قاوەی بۆ میوانەکان تێدا ئامادە دەکرێت.
ئەم ماڵە کەلتوورییە جوانە، لە رۆژانی شەممە تا پێنج شەممە، لە سەعات (10)ی بەیانی تا (5)ی پاشنیوەڕۆ پێشوازیی لە میوانەکانی دەکات و کار و چالاکییەکانی «رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز»ی تێدا جێبەجێ دەکەن.
رێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز: رێکخراوێکی قازانج نەویستە، تێدەکۆشێت بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگ و کەلتوور، لە (3/3/2020) دامەزراوە، کە دەوەن مەعرووف بەڕێوەبەر و نیعمەت خان سەرۆکی رێکخراوەکەیە.
رێکخراوەکە دوو جۆر خەڵات پێشکەش بە داهێنەران دەکات:
1 - خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز، ساڵانە دەبەخشرێت بە کەسێکی داهێنەر لە بوارەکانی: زمان، مێژوو، وەرگێڕان، هونەر، زانست و پەروەردە.
خەڵاتی یەکەم: لە ڕێککەوتی (1/12/2021) بەخشرا بە مێژوونووسی ناوداری کورد پڕۆفیسۆر «جەلیلی جەلیل».
خەڵاتی دووەم: بەخشرا بە کوردناس و فەلسەفەکار پڕۆفیسۆر «میشێل لیزینبێرگ».
2 - خەڵاتی دووەم بە ناوی قەڵەمی هاوڕێیەتی جەمال نەبەز.
یەکەم کەس دکتۆر «فارووق رەفیق»، ئەم خەڵاتەی پێ بەخشرا لە (24/7/2023)، لە یادی سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی لۆزاندا.
دروستکردنی مۆزەخانەی تایبەت بە نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتییەکان، لای گەلانی پێشکەوتوو گرنگی خۆی هەیە، بریا لەلای ئێمەش گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرایە، زۆر نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتی تر هەن، کە جێگای خۆیەتی لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە، یاخود لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لایەنە پەیوەنیدارەکانەوە، خانووەکانیان بکرێتە گەلەری و مۆزەخانە، بە نموونە شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد هەردی و ئیسماعیل خەیات و چەندانی تر... تا ئەم کەسایەتییانە لەبیر نەوەکانی داهاتوو نەچنەوە، کار و داهێنان و بەرهەمەکانیان لەبەرچاو بێت، کەرەستە و پێداویستییە تایبەتییەکانیان لە فەوتان بپارێزرێت، لەم ڕێگایەوە هونەر و فەرهەنگی خۆمان پیشانی ئەو میوانانە بدەین کە سەردانی ئەم شارە دەکەن.
کورتەی ژیان و بەرهەمەکانی د. جەمال نەبەز:
جەمالەدین تۆفیق مەحمود خدر ئاغا دزەیی، لە (1/12/1933) لە سلێمانی لەدایکبووە. لە (1950- 1954) لە زانکۆی بەغداد، کۆلێژی پەروەردە، زانستی فیزیک و ماتماتیک تەواو دەکات، چەندین زمانی زیندووی زانیوە و تیایاندا باڵادەست بووە. جگە لە زمانی کوردی کە زمانی دایکی بووە، زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و بەلووچی زۆر بەباشی زانیوە و بەکاریهێناون، تاڕادەیەکیش شارەزایی لە زمانانی عیبریی و ڕووسی هەبوو. خاوەنی (86) کتێبە بە زمانە جیاوازەکان.
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوەی یەکێتیی کورد (کاژیک).
لە ساڵی (1962) بە نیازی خوێندن دەچێتە دەرەوەی وڵات، ساڵی (1970) بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری رۆژهەڵاتناسی و پەروەردەی بەراوردکارییدا وەردەگرێت، لە (18/12/2018)دا لە تەمەنی (85) ساڵیدا لە بەرلین کۆچی دوایی کرد و لە مەراسیمێکدا لە گردی شێخ مارف لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.
-----------------
بە سوپاسەوە بەشێکی زانیارییەکانم لە بەڕێز (دەوەن مەعرووف)، بەڕێوەبەری «رێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز» وەرگرتووە.