بڕیاری كردنەوەی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق لە هەڵەبجە درا

״گەنجان و وەرزشكارانی بەتوانا لە دەوری نوێنەرایەتییەكە كۆدەكەینەوە و هاوكاریان دەبین״

11:54 - 2025-07-02
کوردستان
39 جار خوێندراوەتەوە

بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی و بۆردی وەرزشیی سەر بە مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، بڕیاری كردنەوەی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق لە هەڵەبجە درا و سەرۆكی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی كوردستان لقی هەڵەبجەش رایدەگەیەنێت: گەنجان و وەرزشكارانی بەتوانا لە دەوری نوێنەرایەتییەكە كۆدەكەنەوە.
بۆ گەشەپێدانی ژینگەی وەرزشی لە پارێزگاكەدا، عەقیل مفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عیراق، بڕیاری كردنەوەی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق لقی هەڵەبجەی ئیمزاكرد.
دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی پارێزگای هەڵەبجە، بەرهەمی كۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال و عەقیل مفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عیراق بوو، كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كرد و داوایكرد زەمینەی یاسایی گونجاو بڕەخسێنرێت و كار بۆ كردنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەڵەبجە بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆردی وەرزشیی سەر بە مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، كارئاسانی و ئامادەكاریی تەواوی لەڕووی تەكنیكییەوە كرد.
ئەم بڕیارە، رۆڵی گرنگی دەبێت لە وەبەرهێنان لە وزە و بەهرەكانی گەنجانی هەڵەبجە و پەرەپێدانی توانا جەستەییەكانیان و ئامادەكردنیان بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا، تا پارێزگای هەڵەبجەش پێگەی شایستەی خۆی مسۆگەربكات لە كایەی وەرزشیدا.
لەوبارەیەوە، جێگر عەبدولقادر سەرۆكی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لقی هەڵەبجە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەماوەی رابردوودا، د.عەقیل مفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق، سەردانی سلێمانی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، داوایلێكرا نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق/لقی هەڵەبجە بكرێتەوە، ‎وتیشی: دوای داواكاریی و هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، دوێنێ د.عەقیل مفتن، ئیمزای لەسەر كردنەوەی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عیراق لقی هەڵەبجە كرد و بڕیاریشە لە رێوڕەسمێكی شایستەدا نووسراوە رەسمییەكە بهێنرێتە هەڵەبجە و لقی نوێنەرایەتییەكە بكرێتەوە.
تەئكیدیشیكردەوە كە كردنەوەی نوێنەرایەتییەكە لە هەڵەبجە، گرنگی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزش لە سنوورەكەدا و بەدڵنیاییشەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پارێزگاكەدا پێشوازیی لە بڕیارەكە دەكەن و هەوڵەكانیان بەو ئاڕاستەیە دەبێت گەنجان و وەرزشكارانی بەتوانا لە دەوری نوێنەرایەتییەكە كۆبكەنەوە و هاوكاریان بن بۆ بەرەوپێشچوونیان و بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتییەكاندا.
هەڵەبجە، محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان