بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاوی كەركوك، دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی حەویجەی رۆژهەڵات، كە كاركردن تێیدا بەردەوامە، ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەك لە گوندەكانی نێوان قەزای موڵتەقا و قەزای حەویجە دابین دەكات، بۆیە مەبەستیانە كارەكانی بەزوویی تەواوبكرێت.
هیشام زەنگەنە بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ پاڵپشتی لە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان و بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی پارێزگاری كەركوك، بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كەركوك، كاركردن لە پرۆژەی ئاوی حەویجەی رۆژهەڵات بەردەوامە و پرۆژەكەش لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە.
باسی لەوەشكرد كە توانای پرۆژەكە 1000 مەترسێجایە لە سەعاتێكدا و بەتەواوبوونیشی كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر باشتر ئیدارەدانی دابەشكردنی ئاو و كەمكردنەوەی قەیرانی ئاو لە سنوورەكەدا.
كەركوك، هێمن ئەحمەد