كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (تآثیر المسلسلات المدبلجة علی منظومة القیم الاجتماعیة)

04:29 - 2023-08-30
مەڵتیمیدیا
753 جار خوێندراوەتەوە

كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (تآثیر المسلسلات المدبلجة علی منظومة القیم الاجتماعیة) لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ ‌بۆ مامۆستای زانكۆ  پ.ی.د.هەژار محەمەد جەلال بەڕێوەچوو.

كۆڕەكە لە لایەن (د.شیلان فەتحی) مامۆستای زانكۆوە بەڕێوەبرا، دوای ناساندنی ژیانی تایبەتی نووسەری كتێبەكە، د.شیلان فەتحی وتی، ئەم كتێبە زانیاری بەسوودی زۆری تێدایە و پەیوەستە بە كۆمەڵگەی كوردەواری بەتایبەت بۆ گەنجان.
(د.شیلان فەتحی) باسی لەوەشكردووە، دراما دۆبلاژكراوەكان كاریگەری زۆری لەسەر كۆمەڵگەی كوردی دروستكردووە بەتایبەت دراما توركی و كۆری و هیندییەكان، كاریگەرییان لەسەر رەفتار و بەها كۆمەڵایەتییەكان هەبووە لەو وڵاتانەی كە ئەم درامایانەیان تێدا نمایش دەكرێت.

دواتر پ.ی.د.هەژار محەمەد جەلال سوپاسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانی كرد بۆ لە ئەستۆگرتنی چاپكردنی تێزەكەی و ئاماژەی بەوەكرد، زۆرینەی تیۆرەكانی راگەیاندن كار لەسەر مەعریفە و سۆز و گۆڕینی رەفتاری تاك دەكەن هەر بۆیە ئەویش لەو روانگەیەوە تیۆری چاندنی رۆشنبیریی بۆ توێژینەوەكەی هەڵبژاردووە.

د.هەژار محەمەد جەلال ئاماژەی بەوەشكردووە، گریمانەی سەرەكی تیۆرەكەی باس لەوەدەكات، تاكو رادەی بەركەوتنی تاكەكان بە كەناڵەكانی راگەیاندن زیاتر بێت، رادەی چاندن زیاتر لای ئەو تاكە دروست دەبێت. ئەویش بە كەڵەكەبوونی زانیاری و مەعریفە، واتە ئەو كەسانەی زۆرترین كات تەرخان دەكەن بە بینینی دراما دۆبلاژكراوەكان زیاتر كاریگەرتر دەبن وەك لەو كەسانەی كەمتر بەر دراماكان دەكەون.

د.هەژار محەمەد جەلال بۆ تێزەكەی میتۆدی رووپێویی لە رێگەی فۆڕمەوە هەروەها شیكردنەوەی ناوەڕۆكی بۆ دوو دراما بەكارهێناوە، درامایەكی كۆری و توركی لە ماوەی شەش مانگدا لە تەلەفزیۆنی كەركوك و ئێن ئاڕتی دا دابەزیوون. لە شیكردنەوەكەدا گرنگی بە بەهای كۆمەڵایەتی دراوە كە كاری سەرەكی توێژینەوەكە بووە.
د.هەژار محەمەد جەلال تیشكی خستەرسەر ئەوەی، لە هەر پارێزگایەكی هەرێم، سلێمانی، هەولێر، دهۆك 150 كەسی وەرگرتووە بۆ توێژینەوەكەی، بۆچوونی ئەوانی لەسەر دراما دۆبلاژكراوەكان وەرگرتووە و دەرئەنجامەكانی بەدەستهێناوە و كاریگەرییەكان دەركەوتووە.
وتیشی، هەستێكی زۆر خۆش بووە بۆ گەنجێكی كورد كە تێزی دكتۆراكەی لە میسر بە پلەی شەرەفی یەكەم وەرگرتووە.

لە كۆتایید د.هەژار محەمەد جەلال وتی، لە گرنگی نەدان و فەرامشۆكرددنی بە درامای كوردی گرنگی بەم دراما بیانیانە دەدرێت، پرس بە كەسی پسپۆڕ ناكرێت بۆ دۆبلاژكردنی ئەم جۆرە درامایانە، ئەگەر خۆمان دراما بەرهەم بهێنین پێویستمان بە درامای دۆبلاژكراوەكان نابێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان