كورتە مێژوویەكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان

10:31 - 2022-05-16
کەلتور
1911 جار خوێندراوەتەوە

عومەر محەمەد ئەمین *

 رۆژی15/5 رۆژێكی پڕشنگدارە لە مێژووی خەباتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا. جێگەی داخە لەدوای كۆنگرەوە لە 4/10/2011 وە، كە زیاترلە (10) ساڵ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردندا، ستافی نوێی سكرتارییەت و لقەكان هەڵبژاردن نەكراوە. 

شەست ساڵ لەمەوبەر مامۆستایانی كوردستان بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنییان تەبەنی كرد، سەرجەم مامۆستایانی كوردستان لە خەمی ئەوەدابوون كە پێویستە مامۆستایانی كوردستانیش وەك مامۆستایانی عیراق ‌و، عەرەب‌ و، جیهان خاوەنی رێكخراوێكی خۆیان بن بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەم رێكخراوەوە بە سەرجەم ئامانجە نیشتمانی ‌و، نەتەوەیی ‌و، پیشەییەكانی خۆیان بگەن ‌و، مامۆستایانی كوردستان لەڕێگەی ئەم رێكخراوە بتوانن بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت لەسەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەیان لەلایەك ‌و، بتوانن ئاستی خوێندەواری كە زۆر لاواز بوو لە كوردستان بەرەو پێشببەن. 

 ئەم چینە تێكۆشەرە
یەكەم: لە 15/5/1962 لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە نوێنەری ئەم چینە تێكۆشەرە روویان كردە شاری هەڵمەت‌ و قوربانی، شاری سلێمانی، لە بەرەبەیانی دووەم رۆژی جەژنی قورباندا لە گەڕەكی گۆیژە لەماڵی مامۆستای كۆڵندەر مامۆستا (كامیل بەسیر)دا كۆنگرەی یەكەمی مامۆستایانی كوردستان گرێدرا ئەندامانی كۆنگرە كە بریتی بوون لە (مامۆستا كامیل بەسیر، م. ئەنوەر سەعید دارتاش، م. فائق عارف، م. محەمەد باقی سەعید، م. درەخشان شێخ جەلال، م. كەمال میرزا غەفور، م. بەهیە مەعروف بەرزنجی، م. پەخشان میرزا غەفور، م. مەجید سەعید، م. نوری شێخ رەزا، م. رەفعەت عەبدولڕەحمان، م. محەمەد حەمە سالح (حەمەبۆر)، م. یاسین محەمەد سالح، م. محەمەد مەجید محەمەد ئەسلان، م. عیزەت محەمەد ئەمین عەلی، م. ئەحمەد رەشوانی، م. ئیسماعیل ئیبراهیم، م. روناك عەبدوڵڵا زوهدی، م. سەعید عەبدولكەریم موراد، م. ئیبراهیم سەعید، م. بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی، م. قادر حاجی محەمەد، م. محەمەد سەعید سابیر، م. عەبدوڵڵا زێباری، م. عەلی هەژار، م. شێح حوسێن ئەتروشی، م. ئەمین حاجی بلال، م. عارف عەبدوڵڵا، م. حوسێن ساڵح ئاغا، م. ئەنجوم عەبدوڵڵا زوهدی، مامۆستا پاكیزە شەكیب، م. عەبدوڵڵا ئەژدەر، م. نوری عارف، م. جەمال ساڵح سەعید، م. فەرەیدون عەلی ئەمین). 
 كۆنگرەكە دوو رۆژی خایاند، بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆو پرۆگرامی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كرا، لەدواییدا گەڵاڵەی لیژنەكان كراو پەسەند كراو چەندین بڕیار و راسپارە ئاڕاستەی سەركردایەتی شۆڕشی كوردستان كرا. لەم كۆنگرەیەدا بەڕێزان مامۆستا (كامل بەسیر) بە یەكەمین سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەڵبژێردرا و مامۆستا ئەنوەر سەعید دارتاش بە جێگر و مامۆستایان (فائق عارف، محەمەد باقی سەعید) بە ئەندامانی سكرتارییەت پاشان لیژنەی تەنفیزی جگە لە ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت لە (8) ئەندام پێك هاتن كە ئەمانە بوون: (م. درەخشان شێخ جەلال حەفید، كەمال میرزا غەفور، م. بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی، لەگەڵ بەرپرسی لقی سلێمانی، هەولێر كەركوك، لقی دهۆك، نەینەوا، لقی ناوەڕاست‌ و خوارووی عیراق). 
هەر لەم كاتەدا لقەكانی، سلێمانی، كەركوك، هەولێر دامەزران‌ و لقی دهۆك ــ نەینەوا لەلایەن لقی هەولێرەوە كارەكانی دەچوو بەڕێوە و، لیژنەیەكیش دانرا بۆ لقی ناوەند و خوارووی عیراق هەر لەم ماوەیەدا ئەم بەڕێزانەش پەیوەندییان كرد بە لقەكانەوە بوو بە ئەندام لە لقی هەولێر. پاش تەواوبوونی كۆنگرەی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا مژدەی سەركەوتنی كۆنگرە راگەیەندراو بڵاوكرایەوە و درا بە گوێی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. 

کۆنگرەکان
لەدوای ئەم كۆنگرەیە هەتا ئێستا (12) كۆنگرە گیراوە كە بەم شێوەیە كۆنگرەكان گرێدراون. 
لە مانگی/ شوبات /1966، كۆنگرەی دووەمی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە سلێمانی رۆژی یەكەم لە ماڵی (جەلال عومەر) نزیك گردی سەیوان كە دوو رۆژی خایاند، وە رۆژی دووەم لەماڵی (عەبدولڕەحمان مەلا عومەر) گرێدرا، لەم كۆنگرەیەدا (مەحمود مەلا عیزەت) بو سكرتێری یەكێتیی مامۆستایان. 
 لە (5ی ئابی 1970) لەژێر دروشمی (ئاشتی، زانست، برایەتی) سێیەمین كۆنگرە لە شارۆچكەی (ناوپردان) كە سێ‌ رۆژی خایاند گرێدرا، كە مامۆستا (محەمەد ئیسماعیل محەمەد) بە سكرتێری یەكێتیی مامۆستایان دانرا. 
 چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە رۆژانی (2ــ3) شوبات (1972 لە هۆڵی گەل لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی (250) ئەندام لە سەرجەم شارەكانی كوردستان گرێدرا، حكومەتی عیراق بە رەسمی بەشداری كرد لەم كۆنگرە و دكتۆر ئەحمەد عەبدولستار الجواری ــ وەزیری پەروەردەی ئەو كاتەی عیراق وتەیەكی خوێندەوە لەم كۆنگرەیەدا (محەمەد ئیسماعیل ئەحمەد) بە سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەستنیشان كرایەوە. 
پێنجەمین كۆنگرە لە (1ــ3/2/1974) لەشاری سلێمانی لە هۆڵی سینەما رەشید گرێدرا، لەم كۆنگرەدا كە لەكاتی دانوساندنەكانی شۆڕشی كوردستان بوو لەگەڵ حكومەتی عیراق لەم كۆنگرەدا وتەی سەرۆك كۆماری عیراق (ئەحمەد حەسەن بەكر) لەلایەن بەڕێز (سامی عەبدولڕەحمان) وەزیری تایبەت بە كاروباری باكور خوێندرایەوە، لەم كۆنگرەیەشدا بۆجاری سێیەم مامۆستا (محەمەد ئیسماعیل) بە سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان هەڵبژێردرایەوە. 
 لەدوای كۆتایی هاتنی دانووساندنەكانی شۆڕشی گەلی كوردستان قۆناغێكی تر هاتە مەیدان بۆ خەبات كردنی مامۆستایان ئەم قۆناغە بە قۆناغی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بوو لە چیاكانی كوردستان واتە لەماوەی ساڵی 1975 هەتا راپەڕینە مەزنەكەی كوردستان 1991 لە شاخ (3) كۆنفرانس بەستران ئەم سێ‌ كۆنفرانسە حەقی شەرعی كۆنگرەیان پێدرا. 
لە كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لەساڵی 1992 سەرجەم رێكخراوەكانی مامۆستایان لە كوردستان لەدوای راپەڕین كە هەوڵی خۆ ڕێكخستنەوەدا بوون و، هەریەكەیان رێكخراوێكی بۆ خۆی دروست كردبوو، ئەوە بوو لە 30/4/1992 خۆشبەختانە هەموو رێكخراوەكان بە لیستی خۆیانەوە بەشداریان كرد لە هەڵبژاردنێكی سەرتاسەریدا كە یەكەم هەڵبژاردنی رێكخراوەكانی كوردستان و، ‌وە یەكەم هەڵبژاردن بوو لە كوردستان ئەنجام بدرێ‌ لەدوای راپەڕین، لەدوای هەڵبژاردنەكان ئەندامی پاڵێوراو بۆ كۆنگرەی نۆیەم لە 6ــ8/10/1992 لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر كۆنگرەی نۆیەمیان كە ناونرا كۆنگرەی (یەكگرتن) ئەنجام درا، لەم كۆنگرەیەدا بەڕێز (عەبدولڕەحمان محەمەد ئیسماعیل) بە سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەڵبژێردرا. 

بوو بە دوو بەشەوە
لە (16/9/1996)وە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەهۆی كارەساتەكانی شەڕی ناوخۆ بوو بە دوو بەشەوە واتە بوو بە دوو یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، یەكێكیان لە سلێمانی ئەوتریان لە هەولێر. 
 لە سلێمانی خولی یەكەمی كۆنگرەی دەیەم كە لە رۆژی 28/8/2000 مامۆستا (عەبدولڕەحمان محەمەد ئیسماعیل) سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بوو. لەو بەروارە بەدواوە كە خولی یەكەمی كۆنگرە بەسترا لە سنووری ئیدارەی سلێمانی پێشوو بەڕێز (مامۆستا فوئاد ئەنوەر قەرەداغی) بە سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەڵبژێردرا، لەم كۆنگرەیەدا هەڵبژاردنێكی سەرتاسەری ئەنجام درا لە سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە سنووری ئیدارەی سلێمانی پێشوو. 

لە بەرواری 2/2/2002 خولی دووەمی كۆنگرەی دەیەم بەسترا لەم خولەدا هەڵبژاردن ئەنجام درا بۆ سەرجەم لقەكان ‌و، ئەنجومەنی تەنفیزی و، دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سكرتارییەت، لەم خولەشدا بەڕێز مامۆستا (عومەر حەمە ساڵح ئەحمەد) بوو بە سكرتێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان. دوای ئەوەی بەڕێز مامۆستا (عومەر حەمە ساڵح ئەحمەد) بە رەزامەندی خۆی لە دوانزەیەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی تەنفیزی لە 6/8/2005 هەلپەساردنی ئەندامێتی خۆی راگەیاند و، بەڕێز مامۆستا (محەمەد حەسەن جوجە) جێگری سكرتێری مامۆستایان بوو بە سكرتێری مامۆستایان هەتا یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكەی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (سلێمانی).
بە هەمان شێوە لە دوای دابەشبوونی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە 16/9/1996 لە كۆبوونەوەی (50)یەمین مەكتەبی سكرتارییەت((هەولێر)) بەڕێز مامۆستای خوالێخوشبوو (عەفان نەقشەبەندی) بوو بە سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئیدارەی هەولێری پێشوو، هەتا یەكگرتنەوە هەردوو یەكێتییەكە. ئەمەش قۆناغێك بوو لە خەباتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان هەرچەندە بە قۆناغی دابڕان ‌و دابەشبوون لێكترازانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دادەنرێ‌ ئەم حاڵەتە ناشایستە دەرئەنجامی كارەساتی شەڕی ناوخۆ بوو، بەڵام خۆشبەختانە لەدوای یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و دامەزراندنی كابینەی پێنجەم، یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە هەوڵی یەكگرتنەوەدا بوو، ئەوە بوو لەدوای شەش كۆبوونەوەی چڕوپڕ كە نزیكەی ساڵێكی خایاند لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 29/3/2007 لە مەراسیمێكی شایستەدا هەردوو باڵی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەڕێگای تەوافق بۆ ماوەی ساڵێك یەكی گرتەوە، هەتا بتوانن لەماوەی ئەو ساڵەدا خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆنگرەیەكی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ‌و كە بە كۆنگرەی دوانزدەیەم ناودەبرێ‌ بۆ زانینی لەشاری هەولێر چەند كۆنفرانسێك بەستراوە كە حەقی شەرعی كۆنگرە یانزەیەمینی درایە.

هەڵبژاردنێكی سەرتاسەری
هەرچەندە نەتوانراوە لە ماوەی ئەو ساڵەدا هەڵبژاردن بكرێت بەڵام دوایی زیاتر لە (3) ساڵ، لە 2/12/2010 هەڵبژاردنێكی سەرتاسەری زیاتر لە (100000) سەد هەزار مامۆستا بەشدارییان تێدا كرد ئەنجام درا بۆ خوئامادەكردن بۆ كونگرەی دوانزەیەم، لەم هەڵبژادنەدا (11) لیست لە كێبركێدا بوون كە بریتیبوون لە لیستەكانی  مامۆستایانی (كوردستانی و، كۆمەڵ و، سەردەم و، پیشەیی و، یەكگرتوو و، سەربەخۆ و، زەحمەتكێشان و، بزووتنەوەی چاكسازی، كلدوئاشوور، هەولێر / تركمان ، توركمانی هەولێر ).
لە 4/10/2011 دوانزدەیەمین كونگرەی یەكێتیی مامۆستایان لە هۆلی میدیا لە شاری هەولیر بە ئامادەبوونی (580) ئەندام بۆ ماوەی سێ‌ روژ بەسترا. لەم كۆنگرەیەدا بەرێكەوتن (تەوافق) لەگەڵ لیستەكانی ئۆپۆزیسیون گەیشتنە ئەنجامی كۆتایی لیستێكی هاوبەشیان هەڵبژارد بۆ مەكتەبی سكرتارییەت و، بەرێز مامۆستا كەمال حەمەد بە سەرۆكی یەكیتیی مامۆستایانی كوردستان بۆ كۆنگرەی دوانزدەیەم هەڵبژارد. بێجگە لە لیستی پیشەیی كە لە رۆژی كۆتاییدا بایكوتی كۆنگرەكەیان كرد. 
ــ دووەم: لەبواری راگەیاندن ‌و روناكبیریدا یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان خەباتێكی درەوشاوەی هەیە، بۆیە كەم رێكخراو رێكدەوێت كە لە سەرەتای دامەزراندنیدا بتوانێت گۆڤار، یان رۆژنامەیەك دەربكات، بۆیە دەركردنی گۆڤار لە سەردەمی خەباتی نهێنی ‌و، لە ساڵەكانی پێش نیوەی یەكەمی سەدەی رابردوو كارێكی ئاسان ‌و سووك نەبوو بەڵام بە بەهێزی كادرانی مامۆستایان‌ و لێبڕانیان و، توانیان هەر لەدوای كۆنگرەی یەكەم، یەكەم بەرهەمی رۆشنبیری‌ و روناكبیری خۆیان بڵاو بكەنەوە لە دوو توێی گۆڤارێك بەناوی گۆڤاری «ئامانج» یەكەم دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارە بریتی بوو لە كامیل بەسیر ، خاوەنی گۆڤار، ئەنوەر سەعید دارتاس،  سەرنووسەر،  فائق عارف ‌و، ئەحمەد هەردی ‌و، محەمەد باقی سەعید، دەستەی نووسەران.

گەلێك گۆڤار و رۆژنامەی تر
 لەپاش كۆنگرەی دووەمیش دەستەی نووسەرانی گۆڤارەكە بەم شێوەی لێهات: مەحمود مەلا عیزەت و، جەمال عەبدول. لەدوای گۆڤاری (ئامانج) گەلێك گۆڤار و رۆژنامەی تر دەرچوون كە زمانحاڵی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بوون لەوانە «بۆ پێشەوە» تایبەت بە لقی هەولێر لە (21/2/1973)دەردەكرا. 
گۆڤاری «هێڤی» تایبەت بوو بە لقی دهۆك، یەكەم ژمارەی لە 28/7/1973 دەرچوو (7) حەوت ژمارەی لێدەرچوو. گۆڤاری (دەنگی مامۆستا) تایبەت بوو بە لقی سلێمانی یەكەم ژمارەی لە (1/2/1971) بڵاوكرایەوە، كە (11) ژمارەی لێدەرچوو، لە شاخیش گۆڤاری خەباتی مامۆستا بەردەوام بوو هەتا راپەڕینە مەزنەكە ساڵی 1991.
 لەدوای كۆنگرەی نۆیەمیش گۆڤاری (پەیامی مامۆستا) هاتە مەیدان توانی لەماوەی خزمەتیدا هەتا 4/10/2011 بە بەردەوامی نەهێڵێت یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە كاروانی روناكبیری ‌و رۆشنبیری دوا بكەوێت.
 لەدوای خولی دووەمی كۆنگرەی دەیەمینی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە 2ــ4/2/2002 بۆ یەكەمین جار لە مێژووی خەباتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا لە 15/5/2002 یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (ئامانج) كەوتە بەر دیدەی خوێنەران ‌و مامۆستایانی كوردستان، ناونانی رۆژنامەی (ئامانج) رێزە بۆ خەبات ‌و تێكۆشانی یەكەم بڵاوكراوەی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەناوی (گۆڤاری ئامانج) لە هەمان كاتدا ناوی (ئامانج) ببێتە دەنگێكی زوڵاڵ بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەكانی مامۆستایان لە هەموو بوارەكاندا.

رێگا لە هیچ قەڵەمێكی نووك تیژ نەگیراوە
 رۆژنامەی (ئامانج) لەماوەی خزمەتی (9) ساڵەی خۆیدا گەلێك خزمەتی بە مامۆستایانی كوردستانیان كردووە وەك شارەزابوونیان لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە سەرجەم ناوچەكاندا و، لەگەڵ قوتابخانە و خوێندنگاكان، تا1/10/2011 دوایین ژمارەی، كە ژمارە(112) دەرچووە، لەبواری رەخنە و بابەتی رەخنە ئامێزدا رێگا لە هیچ قەڵەمێكی نووك تیژ نەگیراوە زۆر بە ئازادی هەموو بابەتەكانیان بڵاوكراوەتەوە، لەبواری شەهیدانی مامۆستایاندا گۆشەیەكی تایبەت هەبووە بە مامۆستا شەهیدەكان بەبێ‌ ئەوەی بیر لە بیری تەسكی حزبایەتی بكرێتەوە ژیاننامەی ئەو شەهیدانە بڵاو دەكرایەوە، لەبواری بابەتە گەرمەكانی رۆژدا هەرچوار گۆشەی (كێشە و گفتوگۆ، زەنگ، ئامانج، پاسار) بابەتەكانی رۆژیان دەوروژاند. لەبواری گلەیی ‌و گازاندەی مامۆستایان هەرچییەكیان هەبووبێت بڵاوكراوەتەوە، لەبواری رەچاوكردنی ناوچەكاندا بە یەك چاو سەیری هەمووان كراوە، هەر شارەكانی خوار و ناوەڕاست‌ و بە شارە تازە ئازادكراوەكانیشەوە هەریەكەیان بەپێی بەشداری ناوچەكانی خۆیان گرنگیان پێدراوە، بۆ برایان ‌و خوێنەرانی مامۆستایانی عەرەب بەبەردەوامی دوو لاپەڕەیان بۆ تەرخان كراوە لەسەر بابەتە هەمە چەشنەكانی ناوچە جیاجیاكان، لەبواری كاریكاتێردا گرنگی زۆر دراوە بە بابەتەكانی رەخنەیی كاریكاتێری، چەندین هونەرمەندی بەتوانا لەم بوارەدا كاریان كردووە لە رۆژنامەكەدا بەبەردەوامی، لەبواری ریپۆرتاژدا گرنگییەكی زۆر داوە بە مامۆستایان‌ و پسپۆڕانی بواری پەروەردە، لە سەرجەم كەناڵەكانی خوێندندا، ئەم بوارەش رەخنە و قسەی مامۆستایان زۆر بە ئازادی بڵاوكراوەتەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ سانسۆرێك دابنرێت لەسەر قسەكانیان. لەبواری بەسەركردنەوەی مامۆستا بەتەمەنەكان ‌و بەئەزموونەكان لە هەموو ژمارەیەكدا دیدارێكی تایبەت بەو مامۆستا بەئەزموونانە ساز دەكرا ‌و، گەلێك بیرۆكەی باش لەبواری پەروەردە دەخرێتە بەرباس‌ و لێكۆڵینەوە و، لەبواری تەرفیهیدا دوو گۆشەی تایبەت هەبوو، یەكێكیان بریتییە لە زاخاوی مێشك، كە مانگانە ئەوانەی بتوانن ستوونەكان بەڕاستی پڕ بكەنەوە خەڵاتیان دەدرایە، وە گۆشەی بورجەكان‌ و چاوپێكەوتنی تایبەتی هونەرمەندان ئەمەش باسێكی تری بواری لاپەڕەی دڵخۆشی خوێنەرانە بێجگە لەمانەش گەلێك بابەتی تایبەتی بە منداڵان‌ و، تەندروستی ‌و، باخچەكان‌ و، لێكۆڵینەوە پەروەردەییەكان..هتد بڵاو دەكرایەوە.
 لە دوای كونگرەی دوانزەیەمەوە لە 4/10/2011 كە كە زیاتر لە 10ساڵ و حەوت مانگە  كوڤارێكی تر بە ناوی (كۆڤاری مامۆستا) دەركراوە كە تەنها چەند ژمارەیەكی كەمی لێدەرچووەو ، راگیراوە.

تێبینی/
 بەبیروبۆچوونی مامۆستای بەڕێز مامۆستا (جەمال عەبدول) كۆنگرەی چوارەم پێی وایە كۆنگرەی سێیەمە، بەم شێوەیە گۆڕانكاری هەیە لە كۆنگرەكاندا هەر لە كۆنگرەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم.
*یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان