له فارسییه‌وه: هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانی
2-1
(ئۆرسولا و خۆزێ ئاركادۆ بوێندیا) به‌ناو چیا و گرد و دۆڵ و دارستانه‌كاندا تێده‌په‌ڕن. ئه‌وان زۆر دوور ده‌ڕۆن و له ناوچه‌یه‌ك، گوندێك به ناوی (ماكاندۆ) بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن، ناوچه‌یه‌ك كه بڕیاره ره‌گ و ریشه‌ی خۆیانی تێدا دابكوتن و به جیهاندا بڵاوی بكه‌نه‌وه.
ئه‌مه یه‌كێكه له دێڕه‌كانی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)ی گابرێل گارسیا ماركیز، له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه، جیهانی (ریالیزمی جادوویی) خۆی بنیاتناوه. ئه‌و توانی شتێكی نوێ دروست بكات و جیهانێكی نوێ بخوڵقێنێت كه تێیدا سیحر و واقیع به‌ریه‌ك بكه‌ون. لێره‌دا هه‌ستی شه‌شه‌م به‌هێزه و پێشبینی شتێكی باو و ئاساییه، مرۆڤه‌كان به كۆمه‌ڵ تووشی له‌بیرچوونه‌وه ده‌بن. منداڵ به كلكی به‌رازه‌وه له‌دایك ده‌بێت. باران زیاتر له 10 ساڵ ده‌بارێت و خۆشناكاته‌وه و مرۆڤ سه‌دان ساڵ ده‌ژی و... به‌ڵام دیسان چیرۆكی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ش، مه‌حكومه به له‌ناوچوون و وه‌ك ره‌گه‌زی مرۆڤه‌كانی دیكه چاره‌نووسیان ته‌نیایی و شكسته. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌هێڵێته‌وه سیحر و جادووه و ئه‌وه‌ی ده‌شیان كوژێت هه‌ر سیحر و جادووه.
بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌دساڵ ته‌نیایی
گابرێل گارسیا ماركیز، ئه‌م رۆمانه‌ی له ساڵی 1967 له ئه‌رجه‌نتین بڵاوكردووه‌ته‌وه، رۆمانێك كه به‌شێوازی ریالیزمی جادوویی نووسراوه‌و باسكردنیشی هه‌میشه پڕبووه له كێشمه‌كێش و تێیدا ژیانێكی نائاسایی شان به شانی بابه‌ته ئاساییه‌كانی رۆژانه رێده‌كه‌ن.
مه‌گی ئه‌ن باروز له كتێبی (ریالیزمی جادوویی)دا ده‌نووسێت:"ریالیزمی جادوویی رێگایه‌كه بۆ دۆزینه‌وه و تێپه‌ڕاندنی سنووره‌كان، سنووره ئه‌نتۆلۆژی و سیاسی و جوگرافی و بایۆلۆژییه‌كان."
به‌پێی ئه‌م یاسایه، ژماره‌یه‌كی زۆر رۆمان ده‌بینین نووسه‌ره‌كان هه‌موویان جۆرێك له نهێنی یان سیحر و جادوو یان شتێكی نائاسایی‌یان بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیان به‌كارهێناوه، به جۆرێك له خه‌بات و ململانێی نووسین پێناسه‌كراوه و هارمۆنی و گونجاوییه‌كیش به ده‌قه‌كه ده‌به‌خشن.
ژنان و ریالیزمی جادوویی
ره‌نگه هه‌رله‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بێت ئه‌و كتـێبانه‌ی به‌م شێوازه نووسراون، هه‌موویان لایه‌نێكی خۆڕاگری و به‌رخۆدانیان هه‌یه و به جۆرێك له جۆره‌كان دژی ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆرین. بۆ نموونه، وه‌ك چۆن به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م خه‌باته (خه‌باتی خۆزێ ئاركادۆ بویندیا هاوشێوه‌ی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی ئه‌مریكای لاتینه) كه له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) دا بنیاتنرا. هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا، له‌گه‌ڵ كتێبی (ئه‌ویندار)ی (تۆنی مۆریسۆن) ئێمه جۆرێكی تر له‌خه‌بات ده‌بینین، خه‌باتی: دژه ره‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆیلایه‌تی.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، چه‌ندین رۆمانم خوێندووه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان به‌رهه‌می نایاب و ناوازه‌بوون، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا، له رووی ژانر و پێكهاته و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌گشتی منیان ده‌خسته‌وه یادی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) گابرێل گارسیا ماركیز. له خۆمم ده‌پرسی، ئایا ئه‌م لێكچوون و نزیكایه‌تییه، ستایلێكی-ته‌كنیكییه كه هه‌ندێك جار ئه‌م كتێبه (سه‌دساڵ ته‌نیایی) ده‌یسه‌پێنێت و بابه‌تێكی فریوده‌رانه‌یه یان به ته‌واوی زمانێكی نوێ و تازه‌یه كه كه‌لتور و وڵاتانی دیكه فێری بوون، بۆ ئه‌وه‌ی سنووری جیهانی ببڕن و هه‌ندێ شت بنووسن كه به ته‌واوی جیاوازبێت له به‌رهه‌مێكی ناوخۆیی؟
پێنج به‌رهه‌مم له پێنج وڵاتی جیاواز (ئه‌مریكا، مه‌كسیك، چیلی، ئێران، عیراق) هه‌ڵبژاردووه و هه‌وڵم داوه بزانم تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان چین؟ بۆ ئاسانكردنی كاره‌كه‌ش، هه‌موو نووسه‌ره‌كان ژنن.
1- ئه‌ویندار / تۆنی مۆریسۆن؛ 1987 ئه‌مریكا (خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ر، خه‌ڵاتی نۆبڵ)
سێت، ژنێكی كۆیله‌یه كه زۆر به توندی ئه‌شكه‌نجه دراوه و شوێنی قامچی به‌گیانییه‌وه دیاره. ئه‌و بێبه‌شكراوه له‌وه‌ی شیر به مناڵه ساواكه‌ی خۆی بدات. به سكێكی ئاوساو و خوێناوییه‌وه هه‌ڵدێت و له‌ترسی ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووسی به ئازار و زه‌لیلكه‌رانه‌ی خۆی بێته‌وه، مناڵه ساواكه‌ی خۆی ده‌كوژێت. پاشان هه‌ڵدێت و روو ده‌كاته خانوویه‌كی چۆڵ، به‌ڵام له‌وێ تووشی گۆشه‌گیری ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه رۆحی مناڵه ساواكه‌ی به‌رده‌وام له‌و خانووه‌دا له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنێته‌وه.
كاتێك پۆلدی كۆیله‌یه‌ك كه له رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌هه‌مان شوێن كاریان كردووه و ده‌چێته ئه‌و خانووه‌ی ئه‌وی لێیه، فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه شێوه‌ی هاتن و چوون له نێوان رابردوو و ئێستا وه‌رده‌گرێت و نهێنییه‌كانیش یه‌ك له دوای یه‌ك ئاشكرا ده‌بن. له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونی هه‌ر به‌شێكی چیرۆكه‌كه‌ش كه له رابردوودا روویداوه، خوێنه‌ر زیاتر ده‌چێته ناو قووڵایی چیرۆكه‌كه‌وه.
تۆنی مۆریسۆن له‌م به‌رهه‌مه‌دا بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی ئاسایی ئه‌مریكای باشوور، خۆشه‌ویستی و رق، خه‌بات و ململانێ، گۆشه‌گیری، ته‌نیایی، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و رق و كینه‌ی به‌یه‌كه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه و به‌ئازارترین و تاڵترین چیرۆك كه ده‌شێت رووبدات، ئه‌فراندووه.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه به ئێش و ئازاره، له هه‌مانكاتدا جوانترین و ناسكترین چیرۆكه كه له دنیای نووسینی ژناندا ده‌توانی بیخوێنیته‌وه. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه، به توندی ده‌گریت، ده‌ترسیت و دڵت ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات، كه‌سێك توند له باوه‌شت بگرێت و نازی به‌سه‌ردا بكه‌یت.
2- ماڵی رۆحیانه‌ته‌كان/ ئیزابێل ئه‌له‌ندی 1982 چیلی (خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیاتی نیشتمانی چیلی)
چیرۆكی رۆمانه‌كه، چیرۆكی چوار نه‌وه‌ی خێزانێك ده‌گێڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ بوونی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ژنێك به ناوی (كلارا) كه فاڵچییه. له ماوه‌ی ژیانی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌دا، خۆشه‌ویستی و ویست و ئیراده، شۆڕش و شه‌ڕ و چه‌ندین رووداوی گه‌وره رووده‌ده‌ن كه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه و ره‌وتی رۆمانه‌كه به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن.
چیرۆكی رۆمانه‌كه له رێگه‌ی كه‌سی سێیه‌م (ئه‌لبا) بچووكترین كچی خێزانه‌كه‌وه له رێگه‌ی نامه‌نووسینه‌كانی له‌گه‌ڵ ستیفانی باپیره‌یدا ده‌گێڕدرێته‌وه. له‌م رۆمانه‌دا كاره‌كته‌ری (باپیره) كاره‌كته‌ری (سه‌رهه‌نگ)ی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)م به‌یاد ده‌هێنێته‌وه. هه‌روه‌ها له زۆر روانگه‌ی تره‌وه، وه‌ك كاره‌كته‌ری دوانه‌كان یان كاره‌كته‌ری ژنه گۆشه‌گیر و ته‌نیاكانی دونیا... هتد، پێده‌چێت ئه‌م رۆمانه كۆپییه‌كی سه‌د ساڵ ته‌نیایی بێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌ك كه‌شی چیرۆكه‌كه و رۆحی چیرۆكه‌كه‌وه سه‌یری بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان سه‌ر به یه‌ك كه‌لتور و شوێنن (ئه‌مریكای باشوور)، ئه‌م رۆمانه زۆر له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) ده‌چێت.
ئیزابێل ئه‌له‌ندی له سه‌ره‌تای بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدا، به‌سوود وه‌رگرتن له نامه‌كانی باپیری، ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیوه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه، ئه‌م رۆمانه لایه‌نێكی ژیاننامه‌یی هه‌یه. هه‌روه‌ها باس له رووداوه مێژووییه‌كانی وه‌ك كوده‌تاكه‌ی (پینۆچێ) و زه‌برو زه‌نگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كات. رۆمانه‌كه به زمانێكی شاعیرانه و ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ڵام به سفت و ساده نووسراوه، بۆ نموونه دیمه‌نی باوه‌شكردن یان توندوتیژیی، زۆر به بوێرانه گوزارشتی لێكراوه و وێنه‌ی كێشراوه.
سەرچاوە: vinesh.ir
ئیزابێل ئه‌له‌ندی
تۆنی مۆریسۆن