حه‌مه‌ی زێڕین
شه‌هید كامیل ئه‌حمه‌د، ساڵی 1970 له گوندی (زێڕین)ی گه‌رمیان چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه، له گونده‌كه‌یان خراوه‌ته به‌ر خوێندن و تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی خوێندووه.
ئه‌و كاته پیلانی جه‌زائیر جێبه‌جێكرابوو، بۆیه كه‌سوكاری شه‌هید كامیل به‌دوای تروسكاییه‌كی كوردایه‌تیدا ده‌گه‌ڕان، سه‌ره‌نجام ده‌نگۆی رێكخراوێكی تازه كه ئه‌ویش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بڵاوبۆوه، هه‌ر زووش عه‌وداڵانی رێگه‌ی رزگاری گه‌له‌كه‌مان ورده ورده په‌یوه‌ندییان ده‌كرد.
شه‌هید كامیلیش هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه هه‌وڵیدا ببێته ئه‌ندامێكی رێكخستنه‌كانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه، له سه‌ره‌تادا چه‌ندینجار هه‌وڵیدا به‌ڵام به‌هۆی كه‌می ته‌مه‌نه‌وه وه‌رنه‌گیراوه، سه‌ره‌نجام له رۆژی 15/3/1985 له شانه‌ی سه‌ره‌كی (ژماره 2) رێكخرا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌هید كامیل منداڵێكی زرنگ و چالاك بوو وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی هێزی پشتگیری ده‌ستی به‌خه‌بات كرد و له ساڵی 1985یشدا له‌سه‌ر خه‌رجی خۆی تفه‌نگێكی كڕی.
شه‌هید له‌ماوه‌ی ژیانیدا گه‌لێك چه‌رمه‌سه‌ری دیوه، رووی بژێوی ژیانه‌وه ده‌ستكورت و هه‌ژار بوو، بێبه‌شبوو له نازی دایكیشی كه ئه‌وه‌ش زۆر كاریكردبووه سه‌ر ژیانی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ش خۆڕاگرانه شانی دایه به‌ر ئه‌ركه قورسه‌كانی ژیانیان و له‌گه‌ڵ باوكی‌دا سه‌رقاڵی كاروكاسبی و شوانكاری و جوتیاری بوو.
ساڵی 1988 كاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌ستیپێكرد و نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر به‌رۆكی شه‌هید و كه‌سوكاره‌كه‌ی گرت، له رۆژی 7/4/1988 سووپای به‌عس په‌لاماری گونده‌كه‌یانی دا، ئه‌گه‌رچی پێشمه‌رگه‌كانی كه‌رتی 3ی تیپی 53ی شێروانه به‌رپه‌رچی دوژمنیان دایه‌وه و نه‌به‌ردییه‌كیان تۆماركرد و شه‌هید كامیلیش هاوكاریان بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رئه‌نجام گونده‌كه له‌گه‌ڵ خاكدا یه‌كسانكرا و خه‌ڵكه‌كه‌شی ده‌ربه‌ده‌ربوون، شه‌هید كامیل و چه‌ندین گه‌نجی تریش توشی رۆژگاری ره‌شی ئه‌نفال بوون و له ئۆردوگا زۆره‌ملێكاندا كۆكرانه‌وه، ئه‌وه‌ش قۆناغێكی زۆر ناخۆشی ژیانی شه‌هید كامیل بوو، چونكه ئه‌و هه‌میشه رۆحی كوردایه‌تییه‌كی له په‌ره‌سه‌ندابوو وژێرده‌سته‌یی زۆری ئازار ده‌دا.
له راپه‌ڕینی 1991 چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی كرده شان و به‌شداریی ئازادكردنی كوردستانی كردووه و دواتریش به‌شداریی چه‌ندین نه‌به‌ردیی كردووه.
مخابن، رۆژی 10/ 9/ 1996 له شه‌ڕی ناوخۆدا شه‌هیدكرا.