مەترسییەكانی تای خوێن بەربوون

11:11 - 2022-05-16
ڕاپۆرت
1019 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

نەخۆشی تای خوێن بەربوون پەتایەكی  ڤایرۆسییە، لە رێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەروەك بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1944 دا لە جەنگی جیهانی دووەمدا سەریهەڵدا، هاوكات ساڵانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبوونەوەی دووبارە دەبێتەوە بە جۆرێك لە %40 ی تووشبوانی نەخۆشییەكە رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، هەروەك ئەمساڵ لە عیراق و هەرێمی كوردستان چەندین حاڵەت تۆماركرا، لەوبارەیەوە وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند» هەرچەند ئامادەباشی تەواوەتیان كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لەشارەكەدا تۆمار نەكراوە».

نیشانەكانی نەخۆشییەكە 
تای خوێن بەربوون بەشێوەیەكی سەرەكی لە ئاژەڵەوە و هەندێك جاریش لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، دیارترین ئەو ئاژەڵانە كە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكەیە مەیمون، گەنە، مێش و مەگەز، قرتێنەرەكان، شەمشەمەكوێرە و مەڕو ماڵات، بەپێی زانیارییە تەندروستییەكان نیشانەكانی بریتین لە تایەكی بەهێز و خوێن بەربوونی ژێرپێست، سەرگێژخواردن و لەش داهێزران و ژانە سەر، ئازاری جومگەكانی جەستە و قورگ ئێشە، سكچوون و دڵ تێكەڵهاتن و رشانەوە، دروستبوونی كێشە لە دەماغ و بێهۆشبوون و هەناسەدان، لەكاركەوتنی گورچیلە و جگەر، نەخۆشی دوای بەركەوتن بە ڤایرۆسەکە نیشانەكانی دوای 2 تا 3 ی هەفتە دەردەكەوێت. 

رێگەكانی خۆپارێزی
نزیك نەبوونەوە لە تووشبوان و شوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، هاوكات لەكاتی نزیكبوونەوە لە مەڕو ماڵات گرنگە و مەرجە دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنرێت،  راگرتنی پاكوخاوێنی بەشتنی دەست بە ئاوی گەرم و سابوون، باش كوڵاندنی گۆشت، دووركەوتنەوە لە كڕینی لەسەر شەقامەكان، داپۆشینی هەموو جۆرەكانی خواردن و خواردنەوەكان، تەلبەندكردنی دەرگا و پەنجەرەكان و خۆپاراستن لە پێوەدانی مێش و مەگەز، هاوكات سەتڵی خۆڵ و خاشاك شوێنەكەی بە بەردەوامی پاكبكرێتەوە و دووركەوتنەوە لە سێکس لەگەڵ كەسانی توشبوو.

لە كەركوك دوو كەس بەهۆی تووشبوون بە تای خوێن بەربوون گیانیان لەدەستداو  لە هەولێر یەكەم حاڵەت تۆماركرا 

تووشبوون لە عیراق و كوردستان 
وەزارەتی تەندورستی عیراق ئاشكرایكردووە زیاتر لە 50 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوون تۆماركراوە و 12 تووشبووش گیانیان لە دەستداوە، هاوكات بەپێی زانیارییەكانی لایەنی پەیوەندار لە حكومەتی ناوەند، زۆرترین ناوچە كە پەتاكەی تێدا بڵاوبووەتەوە، پارێزگای زیقارە، بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ لە پارێزگای كەركوك دوو كەس بەهۆی تووشبوون بە تای خوێن بەربوون گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەرێمی كوردستان یەكەم حاڵەتی پەتای خوێن بەربوون لە پارێزگای هەولێر تۆماركرا، بەپێی زانیارییەكانی تەندروستی شارەكە، كەسەكە تەمەنی 17 ساڵە و پیشەی گۆشت فرۆش بووە، لە پارێزگای سلێمانی هیچ تووشبوونێك تۆمارنەكراوە. 
سامان لەتیف وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەوبارەیەوە تایبەت بە كوردستانی نوێ وتی: لە پارێزگای سلێمانی بە قەزا و ناحیەكانی دەوروبەرەوە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تای خوێن بەربوون تۆمار نەكراوە، هاوكات بۆ هەر كەسێكیش گومان لێكراو بێت، راستەوخۆ خوێنی لێ وەردەگیرێت و رەوانەی بەغدا دەكرێت، بەمەبەستی پشكنین و بەداواچوون، ئەو وتەبێژەی تەندروستی وتیشی: بۆ هەر حاڵەتێك بێتە پێشەوە، وەك تەندروستی سلێمانی رێوشوێنی تەواوەتی گیراوەتەبەر لە چوارچێوەی ئامادەكردنی قاوش و كارمەندی تایبەت بە چارەسەركردنی نەخۆشییەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان