شاشە کاریگەری خراپی لەسەر مێشک و جەستەی منداڵ هەیە

11:04 - 2023-09-03
دووتوێ
419 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هاوار نەسرەدین


بەکارهێنانی مۆبایل و تابلێت، یەکێکە لە کێشە هەر گەورەکانی دنیای نوێ، بەهۆی بەکارهێنانی شاشەوە لەلایەن منداڵەوە، چەندین کێشەی جۆراوجۆر دروست دەبێت، لە هەرێمی کوردستاندا سەدان و بگرە هەزاران حاڵەتی نەخوازراو بە هۆی بەکارهێنانی شاشەوە روویداوە، دیارترینیان بریتییە لە ناکامبوونی منداڵان و درەنگ قسەکردن و لاوازبوونی جەستەی منداڵ، هەروەها ئەو کێشەیە هێندە بڵاوبووەتەوە، کەم کەس هەیە چەند حاڵەتێکی لەو جۆرەی نەبینیبێت، هەرچەندە ئەوە کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان زووتر درکیان بەو کێشەیە کرد و لێیان کۆڵییەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە بەکارهێنانی مۆبایل هاوسەنگی جەستەیی و مێشکی منداڵ دەشێوێنێت، هەروەها ئەو دایکانەی تەمەنیان کەمە و رۆشنبیرییان لە ئاستێکی لاوازدایە، زیاتر مۆبایل و تابلێت دەخەنە بەردەستی منداڵەکانیان.

توێژینەوەیەک لەبارەی کاریگەرییەکانیەوە
لەو روانگەیەوە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەنجامی توێژینەوەیەکی لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی تەلەفزیۆن وەک ئامرازێک بۆ سەرقاڵکردنی منداڵان بڵاوکردەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا توێژینەوەکە دەریخستووە بەکارهێنانی شاشە بە شێوەیەکی گشتی، کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت، هاوکات تا منداڵ زیاتر کات بە سەیرکردنی شاشەی تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر، تابلێت یان مۆبایلە زیرەکەکانەوە بەسەربەرێت، گەشە و تواناکانی زیاتر دوادەکەوێت.
لە چوارچێوەی توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دواکەوتن و کاریگەرییە نێگەتیڤانەی بەسەر منداڵاندا دێت، بریتین لە لاوازیی توانای پەیوەندیکردن، توانای جووڵەی جەستەیی، لاوازیی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و نەبوونی کارامەیی لەنێوان کەسایەتی و کۆمەڵگەدا و بەهێزی جەستەیی و چەند کێشەیەکی تر.
دکتۆر جەیسن ناگاتا، پسپۆڕی پزیشکی منداڵان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لەوە بارەیەوە دەڵێت: «لەڕاستیدا ئەو ماوەیەی منداڵ لەبەردەم شاشەکانی وەک تەلەفزیۆن یان تابلێتدا دادەنیشێت، رەنگە دەرفەتی فێربوون و کارامەیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەدەست بدات.» هەروەها بەکارهێنانی شاشە، جموجۆڵ و چالاکی جەستەیی منداڵ کەم دەکاتەوە و ئەوەش رێیان لێ دەگرێت لەگەڵ جووڵەی خێرادا رابێن، لە ئاکامدا کێشە لە بزوتن و خستنەگەڕی وزەی جەستەییدا دروست دەبێت.

تووشبوون بە کێشەی دەروونی و جەستەیی
هاوکات لە توێژینەوەیەکدا کە لەنێوان مانگی تەمموزی 2013 تا ئازاری 2017 کراوە، سەرنجی زیاتر لە حەوت هەزار منداڵی ژاپۆنی درا، کە لە تەمەنی یەک ساڵیانەوە رۆژانە چەند سەعاتێکیان لەبەردەم شاشەدا بەسەر بردووە، دواتر پسپۆڕان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لەگەڵ توانای مێشک و جەستەییەکانی منداڵەکاندا بەراورد کرد. لێکۆڵینەوەکە دەریخست ئەو منداڵانەی رۆژانە چوار سەعاتیان لەبەردەم شاشەدا بەسەر بردووە، مەترسی تووشبوون بە کێشەی دەروونی و جەستەیی و ئەقڵیی سێ هێندە لە منداڵانی ئاسایی زیاترە.
ئەو کێشانەی لەو توێژینەوە ژاپۆنییەدا دەرکەوت، بریتییە لەوەی منداڵەکان ناتوانن پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر و منداڵانی تردا ببەستن، هەروەها لە رووی جەستەییشەوە، بەشێک لە مێشک و ئەندامە جۆراوجۆرەکانی جەستەیان بە ناهاوسەنگی گەشەی کردووە. دواتر ئەو منداڵانە خاوەن کەسایەتی خۆیان نەبوون و لەناو کۆمەڵگەدا بەردەوام هەستیان بە نامۆیی و بچووکی و لاوازیی کردووە، هاوکات جووڵە جەستەییەکانیان ناهاوسەنگ بووە، هەر لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوت، ئەو منداڵانەی چوار سەعات شاشەیان بەکارهێناوە، مەترسی تووشبوونیان بەو کێشە و نەخۆشیانەی سەرەوە، پێنج هێندە زیاترە لەو منداڵانەی شاشە بەکارناهێنن یان کەم بەکاریدەهێنن.

دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە
هەر لەو چوارچێوەیدا، توێژەران و پسپۆڕان درکیان بەوەکرد کەسایەتی منداڵ و توانای بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تواناکانی جەستە و مێشک، لە منداڵدا تا تەمەنی چوار ساڵ درێژە دەکێشێت، بەڵام بەکارهێنانی شاشەی مۆبایل و تابلێت و تەلەفزیۆن دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە، هەروەها لە توێژینەوەکەدا ئەوەش دەرکەوتووە، زۆربەی ئەو دایکانەی منداڵەکانیان کاتی زیاتر لەبەردەم شاشەدا بەسەر دەبەن، تەمەنیان گەنجە و یەکەمجاریانە دەبنە دایک و ئاستی خوێندن و رۆشنبیرییان کەمترە، زۆرجاریش ئەو دایکانە بە دەست خەمۆکی دوای یەکەم منداڵەوە دەناڵێنن و بۆ ئەوەی خۆیان لە کەشێکی هێمنتردا بن منداڵەکانیان دەخەنە بەردەم شاشە.
لە توێژینەوەکەدا، دایکان و باوکان لە مەترسیی هەموو جۆرە شاشەیەک ئاگادارکراونەتەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە جیاوازیی لەنێوان هیچ جۆرە بەرنامەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری و کات بەسەربردن بۆ دروستکردنی کێشە لە دەروون و جەستەی منداڵدا نییە، بە تایبەت ئەگەر منداڵەکە بە تەنیا شاشە بەکاربهێنێت.
پاشان باس لەوەشکراوە، بەپێی کاتی تەرخانکراو بۆ شاشە لەلایەن منداڵەوە، کێشە لە دەروون و مێشک و جەستەی منداڵەکە دروست دەبێت، واتە مەترسیی بەکارهێنانی شاشە بە کەمی و زۆری نییە، هەموو جۆرە بەکارهێنان و کاتێک زیانی خۆی دەبێت، بەڵام ئەوەش خراوەتەڕوو، سەیرکردنی بەرنامەیەکی پەروەردەیی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە لەگەڵ ئەندامانی تری خێزان، کەمتر زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت، هاوکات ڤیدیۆ خێرا و جۆراوجۆرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت تیکتۆک، زیانی زۆری بۆ منداڵ دەبێت.
دکتۆر جەیسن ناگاتا ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو مەترسیانەی لە توێژینەوەکەی ئەواندا ئاماژەی پێدراوە یان ئەوان توانیویانە لەو کاتەدا درکی پێ بکەن، تایبەتە بە چەند بەرنامەیەکی مۆبایل کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013، بەڵام ئێستا لەساڵی 2023 بەرنامەی زیاتر و ئەپڵیکەیشنی زیاتر دەخرێتە سەر شاشە، ئەوەش مۆبایل و تابلێت و تەلەفزیۆن لای منداڵان خۆشەویستتر دەکات.

سەرچاوە: independent

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان