سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوەندی کاروباری یاسایی رادەسپێرێت بۆ داکۆکیکردن لە کەیسی شەهید و بریندار و زیانلێکەوتووانی رووداوە نەخوازراوەکەی دوێنێی کەرکوک، بۆ ئەمەش تیمێکی یاسایی خۆبەخش دەنێرێتە کەرکوک.
تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی راسپارد تیمێکی پارێزەر بۆ داکۆکیکردن لە مافی قوربانییانی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کەرکوک لەڕووی یاساییەوە بنێرێتە کەرکوک".
وتیشی: "ئەو دۆخە جێی قبوڵکردن نییە و یەکێتی داکۆکیکارێکی سەرسەختی کەرکوک و کەرکوکییەکان دەبێت و بەدواداچوون و رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ مافی سەرجەم کەیسی شەهید و بریندارکراوانی رووداوە نەخوازراوەکانی کەرکوک و هەموو ئەوانەی زەرەرمەند بوون".
بەهۆی ئەو رووداوە نەخوازراوەی دوێنێ لە کەرکوک روویدا، چوار گەنجی شاری کەرکوک شەهید بوون و ژمارەیەک گەنجی دیکەش بریندار بوون، وەک یەکەم هەنگاوی کردەییش سەرۆکی یەکێتی بڕیاریدا تیمێکی پارێزەران بۆ داکۆکیکردن لە کەرکوکییەکان بنێرێتە ئەو شارە.