ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکانی یەکێتی وتی، ئەم بارودۆخەی کەرکوک بارودۆخێکی نەخوازراوە. سەرۆکی یەکێتی و ھەڤاڵانی ئێمە لە کەرکوک ھەر لە سەرەتاوە لەسەرخەت بوون تا ئەم رووداوانە نەگاتە ئەوەی خوێنی تێکۆشەر و لاوانی کورد بڕژێت.
وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بارەگایەک ئەوە ناھێنێت خوێنی لاوانی کوردی لەسەر بڕژێت.
ئاماژەشی کرد، شاری کەرکوک جەمسەرگیریەکی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە گ، نابێت کەرکوک بخرێتە ناو مغامەرەی سیاسییەوە. سەرۆک بافڵ داوایکرد کە راستەوخۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەو بابەتەی لەکەرکوک ھەیە چارەسەر بکرێت، کێشەکە بۆ ھێزە محەلییەکان بەجێنەھێڵرێت.
ستران عەبدوڵڵا وتیشی، کاتی ئەوە ھاتووە رێگە لەوە بگیرێت کە بارودۆخی کەرکوک لەوە ئاڵۆزتربێت. ھەر کاتێک بەرەنگاریی شۆڤێنی و تیرۆریزم دێتە پێشەوە یەکێتی ئامادەیە خوێن ببەخشێت و ھەموو تێکۆشانێک بکات. بەڵام بەشێک نابین لەسەرچڵی سیاسی لە کەرکوک. کارێکی خراپە لەبەر موغامەڕەی سیاسی و وەرگرتنەوەی بارەگایەک خوێنی لاوانی کورد بڕژێت.
راشیگەیاند، حکومەتی عیراق دەبێ دوو ئەرک جێبەجێبکا یەکەمیان ئەم ئاڵۆزییە بەرەو نەمان بچێت و عەسکەرتاریەتی کەرکوکیش کۆتایی پێبھێنێت.
ئاشکراشی کرد، سەرۆک بافڵ و سەرۆک وەزیرانی عیراق بەتەلەفون قسەیان کرد، سەرۆک بافڵ تەئکیدیکردەوە کە پڕۆسەی سیاسی لە کەرکوک بارگرژی تێدانەبێت. روومان لە ھەڵبژاردنە، پارتی بیەوێت ئەمەی کەرکوک بکاتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی خۆی بێتەوە شاری کەرکوک ئەوە کارێکی زۆر زۆر خراپە. کەمپینی ھەڵبژاردن پێویستی بەخۆشی و ئاوەدانی و ئارامی ھەیە بۆ ئەوەی گەنجانی کورد بەحەماسەوە بەشداری تێدابکەن، پێویستی بەوە نییە خوێنی کوردی تێدابڕژێت، لەو شەھیدانەش شەھیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەھیدی گەلەکەمانن.