ئاماده‌كردنی: شاناز هیرانی
مام جه‌لال له چاوپێكه‌وتێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی عه‌ره‌ب غه‌سان شه‌ربل له ساڵی 1998 كه به‌مدواییه له دووتوێی كتێبی (جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوو)، چاپكرا له‌باره‌ی خیانه‌تی 31ی ئاب و رووداوه‌كانی دواتره‌وه به‌م شێوه‌یه رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر دۆخی ئه‌و رۆژگاره. ئه‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه په‌یوه‌سته به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌وه كه له‌باره‌ی كێشه‌كانی یه‌كێتی و پارتییه‌وه لێیكراوه، كوردستانی نوێ پێی باشبوو له ساڵیادی ئه‌و خیانه‌ته ئابڕوبه‌رانه‌یه‌دا ئه‌م به‌شه‌ی لێ بڵاوبكاته‌وه.
* له‌ناو حكومه‌تدا كێشه‌تان هه‌بوو؟
- نه‌خێر له‌ناو حكومه‌تدا كێشه‌مان نه‌بوو، كاروباره‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ده‌چوو، جگه له هه‌ندێك ناكۆكی شاراوه نه‌بێت. به‌وپێیه‌ی ئێمه گومانمان هه‌بوو له بوونی په‌یوه‌ندیی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی عیراق. له خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا، كه كاك كۆسرت ره‌سوڵ سه‌رۆكایه‌تی كرد له حزبمان، هه‌ماهه‌نگیمان زۆرباش بوو، پێكه‌وه ده‌چووینه ده‌ره‌وه. هه‌ر لایه‌نێك ئه‌وه‌ی تری سه‌رپشك ده‌كرد به‌ناوی ئه‌وه‌وه لێدوان بدات. تا ساڵی 1994 به‌و شێوه‌یه رۆیشت و تا ئه‌وكاته‌ی رووداوه‌كه‌ی قه‌ڵادزێ روویدا. من له ده‌ره‌وه بووم، بۆیه بووه هۆی به‌رپابوونی شه‌ڕ له نێوانماندا.
* له‌و وه‌خته‌وه كوردستان نوقمی شه‌ڕ بوو؟
- زۆرم هه‌وڵمدا شه‌ڕ بووه‌ستێنرێت، په‌یوه‌ندیم به كاك مه‌سعوده‌وه كرد به حوكمی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا هه‌مبوو. هه‌ندێك مه‌رجی هه‌بوو، منیش په‌سه‌ندم كردن، له‌وانه پاشه‌كشه‌كردنی هێزه‌كانمان له شه‌قڵاوه و چیای سه‌فین، كه له باره‌گاكه‌یه‌وه نزیكبوون و له‌ژێر كونترۆڵی ئێمه‌دابوون. به‌كرده‌وه پاشه‌كشه‌مان كرد، به‌ڵام به مه‌رجێك هێزه‌كانی ئه‌وانیش ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا نه‌گرن. به نێوه‌ندگیریی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و كه‌ریم ئه‌حمه‌د له حزبی شیوعی عیراق، به‌ڵێنی پابه‌ندبوونمان دا به‌و رێكه‌وتنه و ناومان نا رێكه‌وتنامه‌ی سه‌ده و واژۆمان كرد، چونكه پێشتر رێكه‌وتنی پاریسمان جێبه‌جێ نه‌كرد. ئه‌وكاته ده‌بوایه كاك مه‌سعود بێته ئیلیزێ بۆ واژۆكردن به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك میتران، به‌ڵام نه‌هات. دوای ئه‌وه په‌لاماری ماڵه‌كه‌یان دام له شه‌قڵاوه و ئۆفیسه‌كه‌ی منیان سووتاند، سه‌رباری ئه‌وه‌ش داوام لێ‌كردن ده‌ست به‌سه‌ر باره‌گاكانماندا نه‌گرن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه. بۆیه جارێكی تر له 1994 شه‌ڕ هه‌ڵگیرسایه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌مریكییه‌كانیش هاتنه سه‌ر خه‌ت و بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌سایه‌تییه ئاینیه‌كانیش، كه‌چی هه‌ر به‌رده‌وامبوون له شه‌ڕكردن.
به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستمان كه له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره نێوه‌ندگیرییه‌كدا بووین. دواجار به ناوبژیوانیی ئێران، هه‌ردوولامان رازیبووین. كاك مه‌سعود به‌یاننامه‌ی وه‌ستانی شه‌ڕی راگه‌یاند و دانوستاندن ده‌ستیپێكرد. به‌ڵام به په‌لاماردانی هه‌ولێر دووباره شه‌ڕ به‌رپابۆوه و هه‌موو ناوبژیوانییه‌كانیش سوودیان نه‌ما.
* دواجار ئه‌وان په‌نایان بۆ هێزه‌كانی عیراق برد؟
-زانیارییه‌كانی ئێمه ئاماژه‌یان به بوونی په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌كرد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق. ده‌مانزانی (12) ده‌بابه و چه‌ندین جۆر چه‌كیان پێداون. پاش شكستهێنانی نێوه‌ندگیرییه‌كانی چه‌ند لایه‌نێك، له پڕ داوای به‌ستنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد له‌نێوان ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولادا. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر رووینه‌دا، سه‌رباری ئاماده‌یی ده‌ربڕینم بۆ سه‌ردانكردنی كاك مه‌سعود له ناوچه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكمان وه‌رنه‌گرت.
ده‌مانزانی هێرش ده‌كه‌نه سه‌رمان
پاش گه‌مارۆدانی شاری هه‌ولێر، هێزه‌كانی بارزانی به یارمه‌تی هێزه‌كانی پاسه‌وانی كۆماری له 31 ی ئابی 1996 په‌لاماریان داین. پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌و ڕۆژه، ده‌مانزانی هێرشمان ده‌كه‌نه سه‌ر، هێزێكی زۆری عیراق له ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر كۆكرابۆوه. ئه‌مریكییه‌كانمان له مه‌ترسیی دۆخه‌كه ئاگاداركرده‌وه. ئه‌وان وتیان چاودێریی دۆخه‌كه ده‌كه‌ین، كاتێكیش په‌یوه‌ندیم به به‌ڕێز بیللزۆوه كرد، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، راشكاوانه وتی: سه‌دام و مه‌سعود بارزانی باجێكی قورس ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره گێلانه‌یه بكه‌ن و لێكه‌وته‌كانیش له‌سه‌ریان پڕ مه‌ترسی ده‌بێت. پاش زیادبوونی هێزه‌كه جارێكی تر په‌یوه‌ندیم به بیللزۆ كرده‌وه و دیسان دڵنیایی دا.
پێموت: پشت به‌م وتانه‌ت ببه‌ستم؟ وتی: ئه‌گه‌ر شتێكی له‌و جۆره روویدا له‌لایه‌ن پارتی و حكومه‌تی عیراقه‌وه، ئه‌وا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كه‌ی زۆر به‌هێز ده‌بێت.
دواتر وه‌فدێكی ئه‌مریكی سه‌ردانی كردین بۆ به‌ئاگابوون له هێڵی گه‌رم و به مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له هه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌ك و به‌ڵێنی ته‌واویان دا كه ئه‌گه‌ر ئه‌و هێڵه ببه‌زێنن، گورزیان لێ ده‌وه‌شێنن. ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه پلانمان دانا به‌و پێیه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بۆردومانی هێزه‌كانی عیراق ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر لێمان نزیك ببنه‌وه.
ئه‌مه‌ش كاتمان ده‌داتێ تا چه‌كی زیاتر به‌ده‌ستبهێنین كه له‌دوای خۆیان به‌جێی ده‌هێڵن.
به‌داخه‌وه ده‌ركه‌وت ئه‌مه هه‌ڵه بوو، ئێمه ده‌مانتوانی پلان دابنێین و ئه‌وانه‌ش رزگاربكه‌ین كه له شاره‌كه بوون، چونكه ئه‌و وه‌خته هاوسه‌ره‌كه‌م و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی له هه‌ولێر بوون.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌مانتوانی باره‌گا و شوێنه‌كانی تریش چۆڵ بكه‌ین، به‌ڵام چه‌كه قورسه‌كان و ماڵ و موڵكه‌كانمان ببه‌ین و پشت ببه‌ستین به پلانی به‌رگریكارانه.
سه‌دان ده‌بابه‌ی به‌عس هاتبوونه هه‌ولێر
سه‌ره‌تا توانیمان شكست به هێرشه‌كه‌ی پارتی بهێنین، به‌ڵام چۆن بتوانین رووبه‌ڕووی ده‌بابه‌كانی عیراق ببینه‌وه كه به سه‌دانیان رژابوونه ناو شاره‌كه‌وه!
به‌یانیی رۆژی هه‌ینی له باره‌گاكه‌م بووم له قه‌ڵاچوالان، نزیك سلێمانی، په‌یوه‌ندیم به ئه‌مریكییه‌كانه‌وه كرد، داوایان لێكردین چاوه‌ڕوان بین، تا دوای نیوه‌ڕۆ چاوه‌ڕێمان كرد، ئه‌وكاته پێیان راگه‌یاندنین كه ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆبۆته‌وه و بڕیاری خۆی ده‌دات.
* پێت وایه ئه‌مریكییه‌كان سزایان دای له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا هه‌تانبوو؟
- به‌خوا وایان ده‌وت، به‌ڵام لێره‌دا بابه‌تی تێكشكاندنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیش هه‌بوو، منیش ده‌پرسم بۆ؟ ئه‌مریكییه‌كان خۆشیان ناوه‌ند و سه‌نته‌ر و خه‌ڵكیان هه‌بوو له‌هه‌ولێر، بۆ نموونه: كۆنگره‌ی یه‌كگرتووی نیشتمانی عیراق، بزوتنه‌وه‌ی ویفاق، ئه‌وان زۆر زه‌ره‌رمه‌ندبوون، به‌ده‌یانیان كوژراون و به‌دیل گیران.
عیراق له هه‌ولێر نزیك ببنه‌وه هه‌ڵوێستمان ده‌بێ
*سه‌ره‌تا هه‌ولێر دواتر سلێمانیشیان گرت؟
- به‌ڵێ، یه‌كه‌مجار هه‌ولێریان كۆنترۆل كرد. ئێمه‌ش له ده‌ورووبه‌ری بووین پاش هاتنی سوپای عیراق به‌و چڕیه له‌دژمان و كه‌وتنی شاری كۆیه، بڕیارماندا راسته‌وخۆ رووبه‌ڕوو نه‌بینه‌وه و ته‌كنیكی شه‌ڕی پارتیزانی بگرینه به‌ر. ئه‌مه‌ش وایكرد تا سلێمانی بجووڵێن و خۆمان لاده‌ین له زیانی گیانی وه‌كو ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر روویدا و رووبكه‌ینه چیاكان.
پاشان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئه‌مریكامان ره‌تكرده‌وه بۆ ئاگربه‌ست، ته‌نانه‌ت بیللزۆ له‌به‌رده‌م كۆنگرێس وتی: پێده‌چێت تاڵه‌بانی سوور بێت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی شه‌ڕه‌كه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌كانی و ئامۆژگارییه‌كانی منی ره‌تكردۆته‌وه.
كاتێك زانیمان كه سوپای عیراق ته‌نیا دێته ناو هه‌ولێر، بڕیارماندا هێرشی پێچه‌وانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین. له 10ی تشرینی یه‌كه‌م سلێمانیمان به‌خێرایی گرته‌وه و دوایی كۆیه و گه‌یشتینه ده‌ورووبه‌ری هه‌ولێر.
له‌و وه‌خته‌دا دوو رووداو به‌یه‌كه‌وه هاتن، یه‌كه‌م- به‌غدا ئاگاداری كردینه‌وه ئه‌گه‌ر به‌ره‌و هه‌ولێر بێین، ئه‌وا سوپای عیراق زۆر به‌توندی به‌رپه‌رچمان ده‌داته‌وه و له جاری پێشوو خراپتر و به ته‌وژمتر ده‌بێت.
دووه‌م- په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به‌ڕێز بیللزۆ كه داوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی لێكردم و چیتر شه‌رمه‌زاری هاوڕێكانی نه‌بێت. هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكاش بوو، چونكه به‌رده‌وامی شه‌ڕ و چوونه ناو هه‌ولێر وای ده‌كرد سوپای عیراق وه‌ڵامی توندی بۆمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ئیداره‌ی ئه‌مریكا ده‌خاته به‌رده‌م دۆخێكی شه‌رمه‌زارانه، بۆیه بیللزۆ به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی دا.
پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه، بڕیارماندا شه‌ڕه‌كه رابگرین، چونكه چیتر له به‌رژه‌وه‌ندیمان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت خودی كاك مه‌سعود بارزانیش كه ئه‌وكاته له سلێمانی بوو، رایانكرده‌وه هه‌ولێر به رێگه‌ی كه‌ركوك - هه‌ولێر. ده‌مانتوانی هه‌ولێر و ناوچه‌كانی تریش بگرینه‌وه، به‌ڵام پێداگریی ئه‌مریكا و به‌ریتانییه‌كان وایكرد شه‌ڕه‌كه له‌وێ كۆتایی پێبێت.
سەرچاوە:
کتێبی جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو - وەرگێڕانی شاناز هیرانی- چاپی یەکەم - ناوەندی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، ل 68 _ 74.