راهێنانی منداڵ بۆ دۆستایەتیی منداڵانی تر

11:09 - 2023-09-04
کەلتور
542 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمەڕەشید*


منداڵان لە بنەڕەتدا حەز بەهاوڕێیەتی یەکتر دەکەن و لە هەمان کاتیشدا چێژ لەو هاوڕێیەتییە وەردەگرن، منداڵ ئەگەر تەندروست بێت و هیچ کێشەیەکی تەندروستی و دەرونیی نەبێت، ئەوا لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە و پرسیار گەلێکی زۆر دەکات، هەموو پرسیارەکانی منداڵیش پێویستییان بە وەڵامی تایبەت هەیە کە لەگەڵ ئاستی تەمەن و تێگەیشتنی خۆیاندا بگونجێت و ئەو وەڵامەش لە شێوەی چیرۆکێکدا دابڕێژرێت، باشتر و گونجاوترە و منداڵ بەزوویی لە وەڵامەکە تێدەگات.
منداڵ لەو ژینگەیەدا کە تێیدا دەژی، حەزی بەوەیە هاوڕێی هەبێت و دۆستایەتی لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵ دروست بکات، واباشە ئێمە وەک باوک و دایک بەشێوەیەکی درووست هاوکاریان بین بۆ بنیاتنانی ئەو هاوڕێیەتیی و دۆستایەتییە، هەوڵبدەین ئەوانەی کە دەزانین زیانیان پێدەگەیەنن یان ناگونجێن لەگەڵیان بە شێوەیەکی پەروەردەیی لێیان دوور بخەینەوە تا نەبنە هۆی کێشە بۆیان و زیانیان پێبگەیەنن، چونکە هەندێک منداڵ لەخۆیاندا شەڕەنگێز و خۆسەپێنن و دەیانەوێت خۆیان زاڵ بکەن و بە ئارەزووی خۆیان ئەو منداڵانەی کە وەک هاوڕێ تەماشای ئەم دەکەن، بەو شێوەیە هەڵسوکەتیان لەگەڵدا دەکەن و دەبنە هۆی بێزاری و ئازاردانی، بۆیە وا پێویست دەکات هەوڵبدەین رایان بهێنین لەسەر ئەوەی چۆن هاوڕێکانیان هەڵدەبژێرن و کامیان باشە تا زیاتر یاری لەگەڵدا بکات، بێگومان هەموو ئەمانە باوک و دایک دەتوانن لە رێگەی چیرۆکەوە بەر لە خەوتن بیدەن بە گوێی منداڵەکانیاندا یاخود بۆ ئەوانەی کە خۆیان دەتوانن بخوێننەوە کتێبی چیرۆکیان بۆ ئامادە بکرێت تا خۆیان بیخوێننەوە.

*نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان