لەسەر داواكاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریدا ئەو گەنجانەی لە خۆپیشاندانەكەی چەند رۆژی رابردووی كەركوك-دا شەهیدكران، مامەڵەی شەهیدیان بۆ بكرێت.
لەسەر داواكاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنەرەكانی لە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریدا ئەو گەنجانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی كەركوكەوە بوونە قوربانی، مامەڵەی شەهیدیان بۆ بكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە وەفدێكی حكومەتی عیراق كە پێكهاتووە لە د.حەمزە مەحمەداوی راوێژكاری سەرۆك وەزیران و لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەردانی پرسەی شەهیدەكانی كەركوكیان كرد و بە كەسوكاری شەهیدەكانیان راگەیاند: «لێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكە دەكرێت و ئەنجامدەرانی تاوانەكە سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن».
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی كەركوك-ەوە، هەریەك لە هاوكار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەمەد، حوسێن سابیر، شەهیدكران، كە سەرجەمیان هەڤاڵ و تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون. هۆكاری ئاڵۆزییەكانیش ململانێی سیاسی و شەڕی بارەگای حزبی بوو، لەوەشدا پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رادەكێشرێت.
PUKMEDIA