رووداوە نەخوازراوەكانی كەركوك و شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك گەنج و لاوی شارەكە، بەهۆی ململانێی سیاسی و شەڕی بارەگاوە بوو، كە پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ تۆمەتبار دەكرێت بەوەی ناڕەزایی رەوای هاووڵاتیانی شارەكەی قۆستۆتەوە بۆ دەستكەوتی بچووكی حزبیی خۆی.
لەبەرامبەر ئاڵۆزییەكاندا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان داوادەكەن ململانێی سیاسی و شەڕی بارەگا لە كەركوك دووربخرێتەوە و چیتر هاووڵاتیان نەكرێنە قوربانی مەرامی سیاسی و شەخسیی لایەنێكی حزبی.
كێشەی بارەگایەكی پارتی لە كەركوك خۆپیشاندانی لێكەوتەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی زۆریدا تا بارودۆخی كەركوك تێكنەچێت و خوێنی هیچ رۆڵەیەكی كورد لەو شارەدا نەڕژێت، بەڵام پارتی ئەجێندای خۆی خزانە ناو داواكاریی رەوای خۆپیشاندەرانەوە و ئارامیی شارەكەی تێكدا. لەدوای رووداوەكانیش مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: «پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و توركمانانە، كە هاوپەیمان و دۆستی یەكترن، لەڕێگەی بارەگاوە دەیانەوێت ئاسایشی كۆمەڵایەتیی كەركوك تێكبدەن». هەروەها، ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی دروستبوونی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانی كەركوكەوە دەڵێت: «كێشەی بارەگایەكی پارتی لە كەركوك خۆپیشاندانی لێكەوتەوە، بەڵام بەلای یەكێتییەوە هیچ شوێن و بارەگایەك ئەوە ناهێنێت خوێنی منداڵێكی كوردی لەسەر بڕژێت».
چیتر هاووڵاتیان نەكرێنە قوربانی كردنەوەی بارەگا حزبییەكان
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەبارەی رووداوەكانی كەركوكەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: «هاووڵاتیانی كەركوك بە سەرجەم پێكهاتەكانیانەوە لەنێویشیاندا هاووڵاتیانی كورد كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی كەركوك و فاكتەری بنەڕەتیی پێكەوەژیانن لە شارەكەدا، دەمێك ساڵە باجی ململانێ سیاسییەكان دەدەن و قوربانی زۆریان داوە، قبووڵنەكراوە چی دیكە خەڵكی خۆشەویستی كەركوك بكرێنە سووتەمەنی كردنەوەی بارەگای حزبی و شەڕی سیاسییەكان و ئارامی و ئاسایش و گیان و ژیانیان بخرێتە مەترسییەوە».
لایەنەكان دووربكەونەوە لە بەرژەوەندیی حزبی و كەسی
ململانێ و كێشەكانی نێوان حزب و لایەنە كوردستانییەكان، خزمەت بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری كەركوك بەتایبەتی ناكات.
هەروەها، بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: «لەم قۆناغە مەترسیدارەدا كە كەركوكییەكان پێیدا تێدەپەڕن، باشترین بژاردە و هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ نەتەوەكەمان، وەلانانی بەرژەوەندیی حزبی و كەسی و دووركەوتنەوەیە لە فیتنە و ئاژاوە و لەبەرامبەریشدا رەچاوكردنی رایەڵەی پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانە، هەربۆیە هەر لایەنێكی كوردستانی هاوكار و هۆكار بێت بۆ ئاژاوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان، بەدڵنیاییەوە ئاو دەكاتە ئاشی داگیركەرانەوە».
پێكەوەژیان و گفتوگۆ ببێتە بناغەی چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك
جگە لە هەندێك لایەن، سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان «پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانییان لە كەركوك» دەوێت و لەپێناوی ئارامیی شارەكەدا داوادەكەن پێكەوەژیان و گفتوگۆ ببێتە بەردی بناغەی چارەسەری كێشەكان.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش دژی رووداوەكانی كەركوك دەوەستێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: «هەر لەسەرەتاوە، دژی ململانێی حزبی و قوربانیدانی بەرژەوەندییە گشتییەكان لەپێناوی بەرژەوەندییە حزبی و تایبەتییەكان؛ بووین، ناكرێت سەرەڕای ئەو هەموو بارودۆخە سەختانە، بارگرانییەكی تر بۆ هاووڵاتیان دروست بكرێت، بۆیە وەك یەكگرتووی ئیسلامی، لەپێناوی ئارامیی شارەكەدا دروشمی (پێكەوەژیان)مان لە كەركوكدا بەرزكردۆتەوە، ئێستاش داوادەكەین پێكەوەژیان و گفتوگۆ ببێتە بەردی بناغەی چارەسەری كێشەكان لە شارەكەدا».
رێكاری تەسلیمكردنەوەی بارەگاكە بە پارتی رادەگیرێت
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامیی شاری كەركوكدا، بڕیاریدا بە راگرتنی تەسلیمكردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بە پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاسایی بە ژمارە (213)، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، بڕیاریدا بە(ڕاگرتنی تەسلیمكردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بە پارتی دیموكراتی كوردستان) ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامیی شاری كەركوك.
لە راگەیەنراوێكیشدا، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، تەئكیددەكاتەوە كە «ئاڵۆزییەكانی كەركوك، بەهۆی بارەگایەكی پارتییەوە بووە. تا ئەوكاتەی ئەو سكاڵا یاساییانەی تۆماركراون، یەكلادەكرێنەوە، رێكاری تەسلیمكردنەوەی بارەگاكە بە پارتی، رادەگیرێت».
رۆژی 25/8، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق وەكو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، داوایكرد فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بارەگاكەی چۆڵ بكات و تەسلیمی پارتی دیموكراتی كوردستانی بكەنەوە، چونكە ئەم بینایە بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و لێكەوتەكانی ریفراندۆم، بارەگای پارتی بووە. لەدوای ئەم بڕیارەوە، عەرەبەكانی كەركوك دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كرد و رێگەی كەركوك- هەولێریان داخست، ئەوەش وەك پیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك. لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك هاووڵاتی كورد دژی داخستنی رێگاكە خۆپیشاندانیان كرد، ئەوەش وایكرد بەریەككەوتن لەنێوان هەردوولا و هێزە ئەمنییەكاندا رووبدات، كە بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی كورد شەهیدبوون و 15ی تریش برینداربوون.
PUKMEDIA