راپۆرتی/ ئەیاز هەركی
دەڤەری ئاكرێ بەگشتی و سنووری ناحیەی دینارتە لە خۆرهەڵاتی قەزای ئاكرێ بەتایبەت خاوەنی بەرهەمێكی زۆری ترشی سروشتییە لە گوندە شاخاوییەكانی دۆڵی نەهلە، چەند جۆرێک ترشی هەیە، ساڵانە زۆرێک لە هاووڵاتیان لە هەموو شارەكان سەردانی بازاڕی ئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی ترش و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەشێك لە بەرهەمی ترشی ئاكرێ لە بازاڕی ناوخۆ ساغ دەكرێتەوە و بەشێكی دیكە لە بازاڕەكانی موسڵ و شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عیراق دەفرۆشرێن، ساڵانی رابردوو تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێ و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش نێردراوە.
قۆناغەکانی چاودێریکردنی ترش
نەزیر محەمەد جووتیارێكی ترشە لە ئاكرێ وتی، لە سنووری ناحیەی دینارته لە دەڤەری ئاكرێ دوو جۆر داری ترش هەیە هەندێكیان سروشتین و هەندێكیشیان بە دەست دەچێنرێن و ئێمە لە هەموو وەرزەكاندا خزمەتیان دەكەین تا دەگەنە بەرهەم و پێگەیشتن.
قۆناغی یەكەم لە وەرزی پایز و بەهاردا، دەرمان دەكەن و لە گژوگیا و هەر زیانبەخشێكی سروشتی دەیپارێزن، لە وەرزی هاویندا و لە سەرەتای مانگی هەشت دەست بەكاری رنینی ترشی دەڤەری ئاكرێ دەكرێت، بەشێك لە جووتیاران كرێكار بەكرێ دەگرن و هەندێكی دیكەشیان بە كۆمەڵ و هەرەوەرزی كاری رنینی بەرهەمی ترش دەكەن، دوای رنین ترشەکە دەبەنە ماڵەوە پاكی دەكەن و پاشان دەیخەنە بازاڕەوە.
نەزیر محەمەد جووتیار دەڵێت، ئەمساڵ بەرهەمی ترش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆرباشە و نرخەكەشی بەرزە، بە گشتی ترشی ناحیەی دینارتە و دەڤەری ئاكرێ خواستێكی زۆری لەسەرە بەتایبەت ترشی دۆستەكی كریاڕێكی زۆر و تایبەتی هەیە و نرخەكەشی زیاترە لە جۆرەكانی دیكە.
جۆرەکانی ترش
لە دۆڵی نەهلەی ناحیەی دینارتە سێ جۆر ترش هەیە، ترشی سپی دۆستەكی، بالیكی و سوور كە هەموویان جۆری باش و بەناوبانگن.
وتیشی، بەهۆی خراپی رێگاوبان و شەڕی بەردەوامی نێوان توركیا و پەكەكە لە سنوورەكەمان، ئاستەنگی زۆر بۆ جووتیارانی ترش دروستكردووە، چونكە ئێمە لە دوای رنین ترشەکە بە پشتی وڵاخ و ئاژەڵ دەگوازینەوە و زەحمەتێكی زۆر دەبینین و ژیانی ئێمەش لە مەترسیدایە، هیوادارین بەڕێوەبەری چاندنی قەزای ئاكرێ گرنگی بە جووتیارانی ترش بدات و هاوكار و پاڵپشتییان بكات لە پەرەپێدانی كێڵگەی ترش، بەو پێیەی خاوەنی چەندین جۆری جیاوازی بەرهەمی كشتوكاڵیم دەزانم وەك پێویست هاوكارمان نین، هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین پاڵپشتی جووتیاران بكات بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستكردنی رێگاوبان بۆ كێڵگە كشتوكاڵییەكانی سنووری ناحیەی دینارتە بە مەبەستی زیادكردن و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.
خراپی رێگەوبان گرفتی سەرەکییە
شەعبان زێباری جووتیارێكی دیكەی ترشە و دەڵێت، بەرهەمی ترش بەشێوەیەكی گشتی لە وەرزی هاویندا پێدەگات و دەست دەكەین بەڕنین، هەر جووتیارێك كێڵگەی ترشی خۆی هەیە، ترش لە سنووری دەڤەری ئاكرێ زۆرە، بەتایبەتی لە گوندە شاخاوییەكانی ناحیەی دینارتە لە خۆرهەڵاتی قەزای ئاكرێ، نزیكەی دوو ساڵ كار بۆ بنەداری ترش دەكەین و لە سەرما و نەخۆشی سروشتی دەپارێزین ئینجا بەرهەمی باشی دەبێت.
ئێستا ترش بەرهەمێكی سەرەكییە لە كەرتی كشتوكاڵی و بەشێكی زۆر لە خەڵكی ئاكرێ تایبەت سنووری ناحیەی دینارتە بژێوی ژیانیان لەسەر ترشە.
وتیشی، لەبەر خراپی رێگەوبان تائێستا ئێمە جووتیارانی دەڤەری زێبار بەرهەمە كشتوكاڵییەكانمان بە پشتی وڵاخ و ئاژەڵ دەگوازینەوە و داواکارین لایەنی پەیوەندیدار رێگەوبانەکانمان بۆ چاک بکات تا کارەکانمان ئاسانتربێت.
هاوکارینەکردنی جووتیاران
فازل مستەفا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزای ئاكرێ رایگەیاند، لە سنووری قەزای ئاكرێ نزیكەی سێ ملیۆن بنەداری ترش هەیە، بەرهەمی ئەمساڵ زۆر باشترە لە ساڵانی رابردوو، پێشبینی بۆ زیاتر لە پێنج هەزار تۆن بەرهەمی ترش دەكەین لە دەڤەری ئاكرێ.
وتیشی، ئەوەندەی لە دەسەڵاتماندا بێت پاڵپشتی جووتیاران بووین بەتایبەت جووتیارانی ترش، ساڵی رابردوو خولێكمان كردەوە بۆ نزیكەی 60 جووتیاری ترش بە مەبەستی چۆنێتی چاندن و گەشەپێدانی بەرهەمێنانی ترش لە ناحیەی دینارتە، هەروەها چەندین ئامێری تایبەت بە ترشمان بەسەردا دابەشکردن تا بتوانن کارەکانیان ئاسانتر بێت، بەڵام چاککردن و دروستکردنی رێگەوبان کاری ئێمە نییە و کاری لایەنی ترە کە پێویستە بیکات، جگە لەوەی قەیرانی دارایی هۆكارێكی دیكەیە بۆ كەمبوونەوەی هاوكارییەكانمان بۆ جووتیاران.