قوباد تاڵەبانی: ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین

04:43 - 2023-09-06
کوردستان
383 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێم رایگەیاند، لەم قۆناغەدا کورد و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدای مەترسیدار بووەتەوە، ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەکان ناگرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە، 6ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم وەک کونسوڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ کی جۆنگی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و  کۆریای باشوور. هەروەها سوپاسی حکومەتی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە، بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەبووە لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و عیراقدا.

لەلای خۆشییەوە، کونسوڵی کۆریای باشوور سوپاسی قوباد تاڵەبانی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێم بە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری بوون لە راپەڕاندنی کاروبارەکاندا.  
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی لە چەندین لایەنەوە رووبەڕووی فشار و مەترسی گەورە بوونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێیەکی ناتەندروستدان، ئەستەمە کورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، تەنها بژاردەی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستان لەم دۆخە قورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانە و سەرەتا کێشە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد بە خێرایی چارەسەر بکەین، تا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە. هۆشداریشی دا ئەگەر یەکگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێک دێت هەموو لایەکمان پەشیمان دەبینەوە کە بۆچی ئەو کەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستمان دا و نەمانتوانی بەسەر کێشەکانی ناوخۆماندا زاڵ بین.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان