راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
ئاڵا کچێکی تەمەن 19 ساڵە، لە پەیجێکی ئۆنلاین کەبسولێکی کڕیوە بۆ خۆلاوازکردن، بەڵام پاش خواردنی قوتویەک لەو کەبسولە مووی هەموو لەشی زیادی کردووە بەڕادەیەک ماوەی ساڵێکە لەلای پزیشکی پسپۆڕ چارەسەر وەردەگرێت و وەک رابردووی لێ نەهاتۆتەوە.
ئاڵا دەڵێت، حەبەکە بەچینی لەسەر قوتووەکەی نووسراوە، کڕیم بۆ ئەوەی خۆم زەعیف بکەم، بەڵام کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست کردووم و مووی هەموو لەشم زیادی کردووە.
وتیشی، بۆیە باوەڕم پێکرد زۆر کەس هەبوو لەکاتی ریکلامکردن بۆ حەبەکە کۆمێنتیان نووسیبوو کە سوودیان لێ بینیوە، ئیتر نازانم ئەو کۆمێنتانە راستی بوون یان فەیک، هەرچی بێت منی گیرۆدە کرد.
سەرچاوەی دروستکردنیان نادیارە
لە سۆشیال میدیا دەیان پەیج و ئەکاونت هەیە حەب و گیراوە و دەرمانی سروشتی و قاوە دەفرۆشن بەناوی خۆ لاوازکردن یاخود قەڵەوکردن، یان گەورەکردنی ئەندامێکی جەستە، هەندێکجار لەڕێگەی کەسانی ناو سۆشیال میدیا و کچە مۆدێل و مەیکەپ ئارتیستەکانەوە ریکلامیان بۆ دەکرێت، کە لەڕاستیدا بەکارهێنانیان لەڕووی تەندروستییەوە هیچ رێگەپێدراو نییە و دوای بەکارهێنان زیانی دیکەی بۆ سەدان کەس دروستکردووە.
د.هاڤێڵ ئازاد سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی بەشێوەی ئۆنلاین دەفرۆشرێن پێکهاتەکەیان دیارنییە و کەس نازانێت لەچی دروستکراون و بەشێکی دیکەیان بەسەرچوون و دەستکاری لێبڵەکانیان کراوە و ماوەی بەکارهێنانیان درێژکراوەتەوە.
وتیشی، بەشێکی دیکەی ئەو جۆرە دەرمانانە ساختەکراون بۆیە داوا لەهاووڵاتیان بەگشتی و خانمان بەتایبەتی دەکەین لەو پەیج و ئەکاونتانە هیچ جۆرە دەرمانێک نەکڕن و بەکاری نەهێنن.
ناوە ناوە قائیمقامیەتی شارەکان دەست دەگرن بەسەر ئەو گیراوە و دەرمانەنانەدا کە بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن سەرەڕای لەناوبردنیان خاوەنەکەشیان دەدرێتە دادگا بەڵام ئەو دیاردەیە هەر بنەبڕ نابێت.
د.هاڤێڵ ئازاد سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم ئەو دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن لەڕووی تەندروستییەوە رێگەپێدراو نین و بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ نابن و نازانرێت لەکوێ دروست دەکرێن.
بە رێگەی نایاسایی دەهێنرێن
فرۆشتنی ئەو دەرمانە نایاساییانە بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە سەر خەت و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلام بۆ هەندێک بەرهەم دەکرێت و لە ریکلامەکاندا بانگەشەی سروشتی بوونیان بۆ دەکرێت و بانگەشەکاران گەرەنتی دەدەن لە %100 سروشتین و هیچ زیانی لاوەکییان نییە، لەڕاستیدا ئەو بەرهەمانە لەڕێی دامەزراوەی دەرمانی کوردستان KMCA هاوردەی بازاڕی دەرمانی وڵات نابن و بەشێوەی قاچاغ و بەڕێی نایاسایی هاوردە دەکرێن و بە ئۆنلاین بە خەڵک دەفرۆشرێن.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان دەڵێت، ئەنجامە تاقیگەییەکان بە بەڵگەی تەواو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، ئەو جۆرە بەرهەمانە دەرمانی ستیرۆیدەکانیان بەبڕێکی زۆر تێدایە، وەک (ستیرۆیدی دێگزامیتازۆن) بەکارهێنەر دوای ماوەیەک لە بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کاتی جەستە و روخساری قەڵەو دەبێت یاخود لاواز دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەرییەکە بەردەوام نابێت و زیانە مەترسیدارەکان دەردەکەون.
دەرمانی بێ ستیکەر مەکڕن
کۆنترۆڵی جۆری دەرمان هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان لە کڕینی دەرمانی ساختە و قاچاخ و بێ ستیکەر بەدوور بگرن و بەهیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ریکلام و بانگەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرهەمی بەناو سروشتی، داوای لێکردون تەنیا ئەو دەرمان و بەرهەمە دەرمانسازییانە بکڕن ستیکەری کۆنترۆڵی جۆری دەرمانیان لەسەرە.
فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە بەناوی تەواوکەری خۆراکی و سروشتی، دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا لە کوردستاندا نییە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA و دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی EMA لە سەدان راپۆرتدا ئەو جۆرە بەرهەمانە بە مەترسیدار و ساختە ناودەبەن و هۆشداریی توندیش دەدەن لە بەکارهێنان.
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA دەڵێت، ئەو بەرهەمانەی بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ریکلامیان بۆ دەکرێت، لە ئەنجامی پشکنینی بەشێک لە بەرهەمەکان دەرکەوتووە، ئەو جۆرە بەرهەمانە دەرمانی قەدەغەکراو و مەترسیدار و دەرمانی میزپێکەر بۆ چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و دەرمانی نەخۆشی پەرکەم و خەمۆکییان بەبڕێکی زۆر تێدایە.