شارۆچكەی (سورخرود) بووكی رازاوەی كەناری دەریای قەزوێن

10:55 - 2023-09-10
کەلتور
415 جار خوێندراوەتەوە
شارۆچكەی سورخرود

عومەر ئیسماعیل باوزێی

بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتێكی هاوینە بۆ ناوچە جیاجیاكانی باكوری ئێران، رۆژی شەممە (5/8/2023) لەشاری قەڵادزێ‌ بەرەو دەروازەی نێودەوڵەتی كێلێ‌ بەڕێكەوتین، بە ماوەی كەمتر لە سەعاتێک گەیشتینە شاری سەردەشت لە خۆرهەڵاتی كوردستان. دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بە زمزیراندا چووین بۆ شاری مەهاباد، دوای گەڕان و پیاسەیەكی ئێوارانی باخی میكائیلی، سەعات (08:40) خولەكی شەو بە كاتی هەرێمی كوردستان بە ئوتوبوس بەڕێكەوتین و سەعات (07:15) خولەكی بەیانی رۆژی دواتر گەیشتینە تێرمیناڵی ئازادی لەشاری تاران، پاشان راستەوخۆ بە رێگای (تاران-چالوس)دا بەرەو باكوری ئێران و پارێزگای مازەندەران كەوتینەڕێ‌، دوای تێپەڕبوونمان بە شارۆچكەی مەرزەنئاوا و تێڕامان لە دیمەنی چیا و پێدەشتە سەرسەوز و سەرنجڕاكێشەكانی كەناری دەریای قەزوێن، بەڕێگای كەنار دەریای شارۆچكە گەشتیارییەكانی (چالوس، نوشەهر، ئێزیدشەهر و مەحمودئاوا)دا گەیشتینە شارۆچكەی سورخرود، كە ئامانجی گەشتەكەمان بوو. 
بە مەبەستی ئاشناكردنی خوێنەرانی خۆشەویستی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، بەپێویستم زانی كورتەباسێك ئامادە بكەم، دەربارەی لایەنی جوگرافی، مێژوویی و گەشتیاری ئەو شارۆچكەیەی لە دوورەوە وەك بوكێكی رازاوەی كەناری دەریای قەزوێن خۆی دەنوێنێت، بەهیوام خوێندنەوەی سودبەخشبێت.
سورخرود، شارۆچكەیەكی گەشتیاری بچوكە و سەر بە قەزای مەحمودئاوایە لەپارێزگای مازەندەران لە باكوری ئێران، دەكەوێتە (6كم) خۆرئاوای شارۆچكەی فەرەیدونكەنار و (15كم) لە خۆرهەڵاتی مەحمودئاوا هەڵكەوتووە، هەروەها بە دووری (37كم) كەوتۆتە باكوری شاری ئامۆل و (18كم) خۆرئاوای شاری بابولسەر. شارۆچكەكە بە درێژایی كەناری دەریای قەزوێن، كە هاوكات دەریای (مازەندەران و خەزەر)یشی پێ دەگوترێت درێژبۆتەوە و بە ناوەڕاستی شارەكەدا رووباری هەراز دەڕژێتە ناو دەریا، كە بەدرێژایی (185كم) لە دۆڵی لار و باشوری خۆرئاوای چیای دەماوەند سەرچاوە دەگرێت و بە ناوشاری ئامۆلدا بەرەو باكور تێدەپەڕێت، دیمەنێكی زۆر جوان و ناوازەی بە ناوچەكە بەخشیووە.
لە رۆژانی پشوو بە دیاریكراوی ئێوارانی پێنجشەممە، بەشێك لە دانیشتوانی تاران و شارەكانی دیكەی ئێران، هەروەها گەشتیارانی بیانی بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و گەشت و سەیران، بەدووری (210كم) و بەهۆی جەنجاڵی و قەرەباڵخی لەماوەی (4) كاتژمێردا، رێگای (تاران-هەراز) دەگرنەبەر، كە بە لێواری رووباری هەرازدا بەرەو باكور و ناوچەكانی پارێزگای مازەندەران و گیلان و كەناری دەریای قەزوێن تێدەپەڕێت.

ناوی سورخرود
ئەگەرچی لێكۆڵینەوە شوێنەوارییەكان مێژووی سورخرود دەگێڕنەوە بۆ (4) هەزار ساڵ لەمەوپێش و سەردەمی ئاسن، بەڵام دەربارەی ناوەكەی بە گوێرەی هەندێك گێڕانەوە لە چیرۆكێكەوە سەرچاوەی گرتووە، كە دەگوترێت: لەهەمان شوێن و لەیەك رۆژدا (4) هەزار كەس سەریان بڕاوە و بەهۆی زۆری خوێنەكە رەنگی رووبارەكە سوربووە، لەوكاتەوە ناوچەكە بە سورخڕود، واتا (رووباری سور) ناسرا، بەڵام هەندێك سەرچاوە پێیانوایە: بنچینەی ناوی شارۆچكەكە لە رووباری هەراز وەرگیراوە، چونكە قوڕو رەنگی سوری خاكەكە لەگەڵ رووبارەكەدا تێكەڵ بووە و ناوی دەركردووە.
بە گوێرەی سەرژمێری ناوەندی ئاماری ئێران لەساڵی (2016)دا، ژمارەی دانیشتوانی سورخرود (12,345) كەس بوو، كە زۆربەیان لە رەگەزی (تەبەری) و بنەچەیان دەگەڕێتەوە سەر نەتەوەی تەپوری، بەوهۆیەشەوە لەكۆندا بە ناوچەكە دەگوترا: (تەبەرستان). هۆزەكانی تەبەری لە شارۆچكەی سورخرود بریتین لە: (سادقی، دەرزیتەبار، ئاخەوان، پەروین، فەرەحمەند، زۆركتەبار، دورتەبار، دودتەبار، گوڵتەبار، ئەكبەرزادە، جەعفەرزادە، حسێنزادە، خوسرەوی، ئەحمەدی، عەبدی و خاكپور)، هەروەها زاراوەی تەبەری مازەندەرانی و ئامۆلی دیالێكتی زۆربەی دانیشتوانی شارۆچكەكەیە. جگە لەوە، لە سورخڕوددا نزیكەی (40) پێكهاتەی جیاواز بوونی هەیە و لە گوندەكانی وەك: (دەریاسار، بیشەكۆلا، موعەلەم كۆلا، حاجی كۆلا، مەلا، چاكسار، عەلەوی كۆلا، گەڕەكی ئیسلامی، زەنگی كۆلا، شاكۆلا، داریوش ئاوا، ئەفراساراو عەبدوڵڵائاوا) نیشتەجێن. جێگای ئاماژەیە، داهاتی زۆربەی دانیشتوانی سورخرود لەسەركەرتی كشتوكاڵی و بەتایبەت چاندنی دانەوێڵەی (برنج)ە، كە بە زمانی فارسی (شالیزار)ی پێدەگوترێت، هەروەها كاری باخداری، ئاژەڵداری، راوكردنی باڵندە كێویەكان، ماسیگری و دروستكردنی ڤێلا لە گرنگترین پیشەی دانیشتوانی شارەكەیە. لە رابردوشدا كەناراوەكانی شارۆچكەكە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی دەریایی لەگەڵ شارەكانی قەفقاس و بە تایبەت باكۆ دابین دەكرد.
شارۆچكەی سورخرود لە پێدەشێكی بەرین و بەرفراوانی سەوز و دڵڕفێن بە درێژایی كەناری دەریای قەزوێن و دامێنی زنجیرە چیای ئەلبورز هەڵكەوتووە و دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی بەناوچەكە بەخشیووە، هەمانكات كەشوهەوایەكی تایبەت و خۆشی هەیە، تاكە شاری باكوری ئێرانە كەنار دەریایەكی كراوەوی هەبێت بۆ خەڵك و گەشتیاران، زۆربەی باڵەخانەكانی لای رووباری سور بە دووری (60م) لەكەنار دەریا هەڵكەوتوون، ئەمەش جوانیەكی تایبەتی بە كەناراوەكانی دەریای قەزوێن بەخشیوە و لەشارە كەناراویەكانی دیكەی پارێزگای مازەندەران جیایدەكاتەوە. بەوهۆیەوە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار رویتێدەكەن. ئەگەرچی سورخرود هاوینی گەرمە، بەهۆی شێی بەرز و نزیكی لەدەریا، هەروەها زستانیشی ساردە، كە ئەم دیاردەیە تایبەتمەندی كەشوهەوای پارێزگای مازەندەرانە. خۆئەگەر بڕیاربدەیت لەوەرزی بەهاردا گەشت بكەیت بۆ شارۆچكەكە، ئەوا بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی كەشوهەوایەكی نەرم و شێداردەبیتەوە، كە هەتا رادەیەك گەرمە. هەرچەندە لەوەرزی پایزیشدا، كەشوهەوایەكی نەرم و هەتا رادەیەك سارد چاوەڕێت دەكات. دەتوانین بڵێین: باشترین كات بۆ گەشتكردن بۆ شارۆچكەی سورخرود لەناوەڕاستی وەرزەكانی بەهار و پایزدایە، كە دەتوانیت بەئاسودەیی لەكەنار دەریای قەزوێن چێژببینیت لەدیمەنی شەپۆلەبەهێزەكانی دەریا و خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون، هەروەها سواری بەلەم و ئەسپسواری.

ناوچەگەشتیاریەكانی سورخرود
شوێنەگەشتیاریەكانی سورخرود بریتین لە: چاكسر، گوڵی شار، ناوچەی قۆری لەكەنار دەریا، كە شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتیارین و چەندین هۆتێل، كافێ‌ و رێستۆرانتی تێدایە، هەروەها كەنار دەریای لمین، دارستانی شیلات، گردۆلكەی قەلاكتی مێژوویی ناسراوبە (تەختی جەمشیدی مازەندەران) و گۆم و دەریاچەی ناسراوبە (زەوی سەرسەوزی قازی كۆچەری)، كە لەزستاناندا چەند هەزار قازی كۆچەری رویتێدەكەن.
چیای غەلبی، یان غەلبون، یەكێكی دیكەیە لەشوێنە گەشتیاریەكانی سورخڕود، كە مێژووی ناوچەكە نیشاندەدات و دەكەوێتە باشوری شارۆچكەكە، لەگەڵ دەشتاییە كشتوكاڵیەكان، رووباری هەرازو زەویەشێدارەكان دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی هەیە. جگەلەوە، دارستانی سروشتی كەنار دەریا، ماوەیەكی زۆرە لەلایەن بەشی ماسیگری شارەكەوە خاوەندارێتی دەكرێت، شوێنێكی باشە بۆ كاتبەسەربردن و پشودان، ناوچەكە سەرنجی دانیشتوان و تەنانەت گەشتیارانی بیانی رادەكێشێت و ژینگەیەكی جوان و دڵڕفێنی هەیە، چونكە باڵندەكێویەكانی ئەوێ‌ راهاتوون لەگەشتیاران نزیك ببنەوەو تێڕوانینێكی پاكیان هەبێت. سەرەڕای بوونی ژمارەیەكی زۆری گیانداری ناوچەیی وەك: رێوی، دەڵەكی جۆری راسو، خەڵكی ناوچەكە (بوكەڵە)ی پێدەڵێن، سیخوڕ، بەراز، بەفارسی (گوراز وەحشی)، هەروەها پشیلەكێوی، كە خەڵكی پێیدەڵێن: (بامشی شال)، لەپێدەشت و دارستانەكانی دەوروبەری شارۆچكەكە دەبینرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان