هۆكارەكان ئاشكرا دەكرێن

نرخی مریشكی زیندوو بەرزدەبێتەوە

08:57 - 2022-05-17
ئابووری
594 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرانبوونی عەلەف و جوجک و خراپی ڤاكسین دەگەڕێنێتەوە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانیش رایدەگەیەنێت: «نرخی مریشك لە سێ هەزار دینارەوە بۆ چوار هەزار و 250 دینار بەرزبۆتەوە».
هاوكات، بەرپرسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی قەزای دوكان ئاشكرایدەكات: حكومەتی هەرێم هیچ دەستگیرۆییەكی خاوەن دەواجنەكان ناكات، بۆیە خاوەنی دەواجنەكان ناچارن پێدوایستییەكانی وەك (غاز، دەرمان و عەلەف) و چەند پێداویستییەكی دیكە، لە بازاڕی رەش بە نرخی گران دابین بكەن.

نەخۆشی بڵاوبۆتەوە و ڤاكسینیش نییە
لەو بارەیەوە، نازم عەبدوڵڵا جاف سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكاندا پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی مریشكەوە هەیە، لەبەرئەوەی هەر لە كڕینی جوجک و دەرمان و عەلەف و غاز و پێداویستییەكانی بەخێوكردن گرانبووە، حكومەتیش هیچ هاوكاری و بە دەمەوەهاتنێكی بۆ ئەم كەرتە نییە.
وتیشی: «نەخۆشییەكانی (نیوكاسڵ، گەمبۆرۆ و ئایبی) بڵاوبۆتەوە، بەشێوەیەك (70 %)ی مریشك و جوجکی لەناو هۆڵەكانی بەخێوكردن (دەواجنەكان) لەناوبردووە، ئەمە جگە لەوەی بەكارهێنانی ڤاكسین بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان كار ناكات، چونكە كوالێتی ئەو ڤاكسینانەی كە لە عیراق و هەرێمدا هەیە نزمە».
بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی، ماوەی دوو ساڵە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەكەن كە ڤاكسین دابین بكەن، چونكە ئەو پرسە پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە و هیچ بازرگانێك ناتوانێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات جگە لە حكومەت، بەوپێیەی دەبێت سامپڵی ئەو نەخۆشییانە ببرێت بۆ وڵاتێكی ئەوروپی و بەپێی جۆر و پێكهاتەی نەخۆشییەكە، ڤاكسین دابین بكرێت، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.
ئاماژە بەوەشدەكات: هەرچەندە نرخی مریشكی زیندوو بەرزبۆتەوە، بەڵام بەهۆی لەناوچوونی مریشك لە هۆڵەكاندا، تائێستاش خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان هەر لە زیاندان.

״هێشتا خاوەن كێڵگەكان لە زیاندان״
ئەو نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: «هەر كیلۆیەك مریشك لەسەر خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان بڕی سێ هەزار و 250 دینار دەكەوێت، ئەگەر (30 %)ی مریشكەكان لە كێڵگە پەلەوەرییەكان بەهۆی نەخۆشییەكانەوە لەناوبچن، ئەوا خاوەن كێڵگەكان نرخی كیلۆیەك مریشك بە حەوت هەزار دیناریش بفرۆشن، هەر لە زیاندان و دەستمایەی خۆی ناگرێتەوە».
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەیەكی زۆری تۆمار كردووە، بە جۆرێك كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی هەر كیلۆیەك لە مریشكی زیندوو لە نێوان دوو هەزار و 500  دینار بۆ سێ‌ هەزار دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی بۆ چوار هەزار و 250 دینار بۆ هەر كیلۆیەك بەرزبۆتەوە، ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتیان، بەوپێیەی بەشی زۆری دانیشتوانی هەرێم، بەكارهێنەری گۆشتی مریشكن.

چاودێریی بازرگانی روونكردنەوە دەدات
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو دەدات و رایدەگەیەنێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەفی مریشك و زەرەرمەندبوونی بەشێكی زۆری خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە، نرخی مریشك لە بڕی سێ هەزار دینارەوە بۆ چوار هەزار و 250 دینار بەرزبۆتەوە.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: ئێستا نرخی مریشكی زیندوو بە رێژەیەكی زۆر بەرزبۆتەوە، ئەوەش هۆكاری تایبەت بە خۆی هەیە، گرنگترین هۆكاریش بەرزبوونەوەی نرخی عەلەفی تایبەت بە مریشكە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان زیانێكی زۆریان كردووە. جگە لەوەی ئێستا خواست لەسەر مریشك زیادیكردووە، هەموو ئەوانەش وایكردووە كە نرخەكەی لە بازاڕدا بەرزبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: پێشبینی ناكەن جارێكی دیكە نرخی مریشك وەك پێشتری لێبێتەوە و دابەزێتەوە، ناشزانن سبەینێ نرخەكەی دەگاتە چەند.

״حكومەت هاوكاری كێڵگە پەلەوەرییەكان ناكات״
هاوكات، فەلاح مەجید لێپرسراوی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی قەزای دوكان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە: بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف لە بازاڕەكاندا بۆتە هۆی ئەوەی كە نرخی جوجك و مریشك بەرز بێتەوە. 
وتیشی: «نرخی عەلەف بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، چەند هێندە زیادیكردووە و وایكردووە كە نرخی مریشك رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون بكات».
ئاماژەی بەوەشكردووە: لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم هیچ دەستگیرۆییەكی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان ناكەن، بۆیە خاوەنەكانیان ناچارن پێدوایستییەكانی وەك: (غاز، دەرمان و عەلەف) و چەند پێداویستییەكی دیكە، لە بازاڕی رەش و بە نرخی گران دابین بكەن، كە بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك.

بابەتە پەیوەندیدارەکان