«پشتەوەی ماڵەکە»

مێژوویەکی تۆزلێنیشتوو لە حەشارگەوە

10:53 - 2023-09-12
دووتوێ
547 جار خوێندراوەتەوە
وێنەیەکی بەجێماویی ئانا فرانک کە ئێستا لە ماڵەکەیدا هەڵواسراوە

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە هۆڵەندییەوە: ڤینۆس فایەق

 

ئانا فرانک کێ بوو؟
لە دەفتەری یادەوەرییەکانیدا ئانا فرانک تەنها باس لە خۆشاردنەوەیان لە سەردەمی جەنگدا ناکات، بەڵکو باسی رەگەز و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکات  و ئەو چیرۆکانە پێشکەشی «کێتی»ی هاوڕێی دەکات. بەڵام چۆن ئەم دەفتەرەی ئانا فرانک گەیشتە بەرچاوی جیهان و ئەو هەموو ناوبانگەی پەیداکرد؟ 
مانگێک بەر لە راگواستن و بێسەروشوێنبوونی، ئانا فرانک کە دەفتەری تۆمارکردنی یادەوەرییەکانی وەکو دیاری ساڵڕۆژی لەدایکبوونی وەردەگرێت، نازانێت مانگێک دوای ئەوە بەناچاری دەبێت خۆیان بشارنەوە، و دەستدەکات بە تۆمارکردنی یادەوەرییەکانی رۆژانەی و دواتر لە دوای خۆی بە پاکترین و راستگۆترین و ئینسانیترین تۆماری یادەوەرییەکانی سەردەمی جەنگ ئەژماردەکرێت، و دوای چاپکردن و بڵاوبوونەوەی و وەرگێڕانی بۆ چەندین زمانی تر، وەکو دیکۆمێنتێکی زیندووی تاوانەکانی نازییەکان دژبە جوولەکە و هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵیان ناوبانگێکی گەورەی جیهانیی پەیدادەکات. 
کە هۆڵەندا داگیرکرا، ئانا فرانکی جوولەکە ساڵی 1942 لەگەڵ خێزانەکەیدا خۆی لە نازییەکان دەشارێتەوە، دوای دوو ساڵ جێگەکەیان پێدەزانرێت. و ساڵی 1945 لە ئۆردوگای بیرگن بیلسن-ی نازییەکان گیان لەدەست دەدات. 



ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی ئانا فرانک

12ی يۆنيۆی 1929 ئانا فرانک لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا لەدایک دەبێت. خوشکێکی دەبێت بەناوی مارگۆ کە سێ ساڵ لە ئانا گەورەتر دەبێت. تا رادەیەک ئانا و خێزانەکەی ژیانێکی هێمنانەیان هەبووە، تا ئەوکاتەی ئەدۆڵف هیتلەر ساڵی 1933 لە ئەڵمانیا دەسەڵات دەگرێتەدەست و رۆژ لەدوای رۆژ بەهۆی سەرکەوتنی سۆشیالیستی نەتەوەیی رق وکینە دژبە جوولەکەکان پەرەدەسێنێت.
بەهۆی هەلومەرجی سەختی ژیانەوە کە روو لە خراپی دەکات، بێکاریی و هەژاریی بڵاودەبێتەوە  و بەهۆی ئەوەی هیتلەر رقی لە جوولەکە دەبۆوە و هاوکات خۆی و حزبەکەی رۆژ لەدوای رۆژ لایەنگر و ئەندامی زیاد دەبوو. 
وەڵامی هەستەکانی دژبە سامییەکان دەداتەوە کە ئەوکاتە لە ئەڵمانیا تەشەنەی کردووە. هەربۆیە بەهۆی دژایەتیکردنی جوولەکەکان و بارودۆخی خراپی ئابووری، باوکی ئانا، ئۆتۆ فرانک و هاوسەرەکەی ئیدێت فرانک، بڕیاری گواستنەوە دەدەن بۆ شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا. لەوێ ئۆتۆ، باوکی ئانا کۆمپانیایەکی بازرگانی بە «پەکتین»ەوە دادەمەزرێنێت کە بەکاردێت لە دروستکردنی مرەبادا، بەڵام هێندە نابات جەنگی دووەمی جیهان بەرپا دەبێت. 

 


لە دەفتەری یادەوەرییەکانیدا ئانا فرانک تەنها باس لە خۆشاردنەوەیان لە سەردەمی جەنگدا ناکات

 

ئەڵمانیای نازی هێرش دەکاتە سەر هۆڵەندا
هەرزوو ئانا بە ژیان لە هۆڵەندا رادێت، زمانەکە فێردەبێت، هاوڕێ پەیدا دەکات و دەچێت بۆ خوێندنگای هۆڵەندی. باوکی هەوڵی زۆر لەگەڵ کۆمپنیاکەیدا دەدات، بەڵام هەروا ئاسان نابێت، ژیان دەستپێکردنەوە و بژێوی دابینکردن، بۆیە ئۆتۆ هەوڵدەدات لە ئینگیلتەرا پڕۆژەی کارێک دابمەزرێنێت، بەڵام لەوەشدا نشوستی دەهێنێت. تا دواجار چارەسەر دەدۆزێتەوە، دەستدەداتە فرۆشتنی بەهارات و گژوگیا لەپاڵ فرۆشتنی پەکتین.  
1ی سێپتەمبەری 1939، کە ئانا تەمەنی دەبێتە 10 ساڵان، نازییەکانی ئەڵمانیا پۆڵۆنیا داگیردەکەن، ئەوکاتە جەنگی دووەمی جیهان دەستیپێکردووە. ئەوەندەی پێناچێت لە 10 مایسی 1940 نازییەکان هۆڵەنداش داگیر دەکەن. پێنج رۆژ دوای ئەوە هێواش هێواش سوپای هۆڵەندا خۆی بەدەستەوە دەدات  و داگیرکەران کۆمەڵێک قانوون وسیستم دەسەپێنن کە ژیانی جوولەکەکان سەختر دەکات، لەوانە باخچەکان و سینەماکان و بازاڕەکان و زۆر بواری تر لە جوولەکەکان قەدەغە دەکرێن، هەروەها باوکی ئانا لە کارەکەیدا مایەپووچ دەبێت، چونکە تازەکانیان قەدەغەی دەکەن جوولەکەکان ئیشی تایبەتیان هەبێت. و منداڵە جوولەکەکانیش ئیتر بۆیان نییە لە خوێندنگە گشتییەکاندا بخوێنن، دەبێت لە خوێندنگەی تایبەت بە جوولەکەکان بەردەوامیی بە خوێندن بدەن. 

خۆشاردنەوەی ئانا
لێرەوە نازییەکان هەنگاوی تر لە سیاسەتەکانیاندا دەچنەپێشەوە، بۆ نموونە جوولەکەکان ئیتر دەبێت ئەستێرەی داود بکەن بە خۆیانەوە و لەهەمان کاتدا دەنگۆی ئەوە بەرزدەبێتەوە کە هەموو جوولەکەکان دەبێت هۆڵەندا بەجێبهێڵن. 
نازییەکان بڕیار دەدەن جوولەکەکانی هۆڵەندا بۆ ئۆردوگاکانی کوشتنی بەکۆمەڵ بگوێزرێنەوە. نامە دەچێت بۆ خێزانەکەی ئۆتۆ، بەتایبەتی مارگۆی خوشکی گەورەی ئانا لە  5 يۆليۆی 1942 فەرمانی پێدەکرێت بچێت بۆ ئەڵمانیای نازی بۆ ئیشکردن، بەڵام باوک و دایکی گومان دەکەن. باوەڕیان وادەبێت کە مەسەلەکە پەیوەندیی بە ئیشەوە نییە و رۆژێک دوای ئەوە بڕیاری خۆشاردنەوە دەدەن. بۆئەوەی لە چەوساندنەوەی نازییەکان بەدووربن، لە بەشی دواوەی کۆمپانیاکەی کە دەکەوێتە سەر شەقامی  263 Prinsengracht لە ئەمستردام، بە یارمەتیی هەندێک هاوڕێی کۆنی جێگەیەکی نهێنی بۆ خۆشاردنەوە لە بەهاری 1942 دروستدەکات و هێندە نابات، چوار کەسی تر بۆ خۆشاردنەوە دێن بۆ لایان. بەو هۆیەوە جێگەکە زۆر تەسک دەبێت بۆ هەموویان و دەبێت ئانا کە زۆر دەترسێت، زۆر هێمنیش هەڵسوکەوت بکات.

ئەڵمانیای نازی هێرش دەکاتە سەر هۆڵەندا

 

دەفتەری یاداشتەکانی ئانا و  ئاشکرابوونی شوێنی خۆشاردنەوەکە
پێش خۆشاردنەوەکە، لە یادی لەدایکبوونی 13 ساڵیدا، ئانا دەفتەری یادگاری تۆمارکردنەکە بە دیاری وەردەگرێت. لەو دوو ساڵەی کە تیایدا خۆیان شاردبۆوە، دەستدەکات بە تۆمارکردنی رووداوەکان لەو جێگە نهێنییەدا، هەڵبەت لەبارەی ئەوەشەوە کە لەوکاتەدا هەستی پێکردووە و بیری لێکردۆتەوە. جگە لەوە چیرۆکی کورت دەنووسێت و دەستدەکات بە نووسینی رۆمانێک و پەرەگراف لە کتێبەکانی خوێندوونییەوە لە دەفتەرەکەدا تۆمار دەکات. ئەو بەوشێوەیە رۆژەکانی لەو جێگەیەدا بە نووسین بەسەردەبات. 
کاتێک وەزیری خوێندنی هۆلەندی لە رێگەی رادیۆی (ئۆرانیا)وە بانگەوازێک دەدات، داوا دەکات یادەوەریی و دۆکومێنتەکانی کاتی جەنگ بپارێزن، بیرۆکە دەدات بە ئان یادەوەرییەکانی لە چیرۆکێکدا بنووسێتەوە بە ناونیشانی.
Het Achterhuis «پشتەوەی ماڵەکە».
کاتێک ئانا دەستدەکات بە تۆمارکردنی یادگارییەکانی رۆژانەی و پێش ئەوەی تەواوی بکات، جێگەی خۆشاردنەوەکەیان پێدەزانرێت و خۆی و ئەوانەی لەگەڵیدان لەلایەن پۆلیسەوە لە  4 ئۆگۆستی 1944 دەستبەسەر دەکرێن کە هەتا ئەمڕۆش هۆکاری هێرشی پۆلیسەکە نەزانراوە. 
دوای ئەوەو پێش ئەوەی نازییەکان جێگەی خۆشاردنەوەکە بپشکنن، دوو کەس لەوانەی کە دەسگیرنەکرابوون، میب گیس  Miep Gies و بیب فۆسکویل Bep Voskuijl، یارمەتیی ئەو خەڵکانەیان داوە کە خۆیان شاردبۆوە، ئاو وخواردنیان بۆ دەبردن و لە هەواڵەکان ئاگاداریان دەکردنەوە، دواتر دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا لەناو داروپەردووەکەدا دەدۆزنەوە و دەیشارنەوە و دەپارێزن، پێش ئەوەی ئەڵمانییەکان شوێنەکە بەتەواوەتی داگیربکەن و دەفتەرەکە لە کتێبخانەکەی «گیس»دا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە بەهیوای ئەوەی رۆژێک لە رۆژان بیداتەوە دەستی ئانا. 

ئانا رەوانەی ئۆشفیتز دەکرێت
لە رێگەی ئۆفیسی Sicherheitsdienst (پۆلیسی ئاسایشی ئەڵمانی) و زیندانی ئەمستردام و ئۆردوگای Westerborkی کاتی، ئەو کەسانەی کە خۆیان شاردۆتەوە پێدەزانران و دەسگیردەکران، دەنێردران بۆ زیندانی دەستبەسەرکردن و لەناوبردن لە ئۆشفیتز بیرکیناو. 
لەو گەشتەدا کە سێ رۆژ دەخایەنێت، ئانا دەکەوێتە نێوان زیاتر لە هەزار کەسەوە لەناو ئۆتۆمبیلێکی گوێزانەوەی ئاژەڵدا. ئاو خواردنی کەم و تەنها بەرمیلێک هەیە کە وەکو تەوالێت بەکاریبهێنن. 
کاتێک دەگەنە ئۆشفیتز، پزیشکەکان پشکنینیان بۆ دەکەن بۆئەوەی ئەوانەی توانای ئیشی قورسیان هەیە لەوانەی کە توانای ئیشیان نییە لەیەکتری جیابکرێنەوە. نزیکەی 350 کەس لەوانەی لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە «ئانا»ی تیابووە، راستەوخۆ لەناو ژوورەکانی گاز و دووکەڵدا دەکوژن و ئانا و مارگۆی خوشکی و دایکیان دەگوێزرێنەوە بۆ ئۆردوگایەکی ژنان و ئۆتۆ-ی باوکی بۆ ئۆردوگایەکی پیاوان. 

ئەو کەسانەی پێیاندەزانرا و دەستگیردەکران، دەنێردران بۆ زیندانی دەستبەسەرکردن و لەناوبردن

 

ئانا لە بیرگن بیلسن گیان لەدەستدەدات
نۆڤەمبەری ساڵی 1944 ئانا و مارگۆی خوشکی دەگوێزرێنەوە بۆ ئۆردوگای بێرگن بیلسن. دایک و باوکی لە ئۆشفیتز دەمێننەوە. بارودۆخ لە بیرگن بیلسن زۆر سەخت دەبێت؛ خواردن نییە، کەشوهەوا زۆر سارد و شێدارە و نەخۆشییەکی زۆری گواستراوە بڵاوبۆتەوە. ئانا و مارگۆ تووشی تیفۆئید دەبن. 
لە فێبرایەری 1945 یەکەمجار مارگۆ دەمرێت و دوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەوە ئاناش گیان لەدەست دەدات.
لەنیوان هەموو ئەوانەی لە شوێنی خۆشاردنەوەکەی ماڵەکەی ئانادا تەنها دایک و باوکی ئانا لە دوای جەنگ رزگاریان دەبێت. هەردوکیان تووشی تیفۆئید دەبن و لەلایەن هێزەکانی روسیاوە ئازاد دەکرێن و دواتر لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ گەڕانەوە بەرەو هۆڵەندا، پێدەزانێت کە ئێدێت-ی هاوسەری گیانی لەدەستداوە و دوای ئەوەش پێدەزانێت کە هەردوو کچەکەشی لە ژیاندا نەماون. 

دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا لە جیهاندا ناوبانگ دەردەکات

«گیس» کە دەفتەرەکەی ئانای پاراستووە، باوکی ئانا دەبینێتەوە و دەفتەرەکەی پێدەدات. دوای تەواوبوونی جەنگ و لەدەستدانی تەواوی خێزانەکەی، سەرەتا ئۆتۆ نەیدەتوانی دەفتەرەکەی ئانا بخوێنێتەوە، بەڵام دوای مانگێک وردە وردە دەستدەکات بە خوێندنەوەی، لەوبارەیەوە دەڵێت: «زۆر بەهێواشی دەستمکرد بە خوێندنەوەی دەفتەرەکەی ئانا، رۆژانە چەند لاپەڕەیەک، تەنها ئەوەم پێدەکرا، یادەوەرییەکان بە ئازاربوون، نقووم دەبووم تیایاندا».  
سەرەتا کە ئۆتۆ دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانای دەستدەکەوێتەوە بە قووڵی کاری تێدەکات، کە دەیخوێنێتەوە، بەوە پێدەزانێت کە ئانا ئاواتەخواز بووە ببێت بە نووسەر، یان رۆژنامەنووس و بەنیاز بووە چیرۆکەکانی لەبارەی رۆژەکانی خۆشاردنەوەکە بلاوبکاتەوە. 
ئۆتۆ دەفتەری یادەوەرییەکانی پیشانی هەندێک لە خێزان وهاوڕێکانی دەدات، یەکێک لە هاوڕێکانی لە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە ئیش دەکات، قەناعەت بە ئۆتۆ دەکات کە دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا لەبارەی رۆژەکانی خۆشاردنەوەی بە چیرۆک لەژێر ناوی Het Achterhuis «پشتەوەی ماڵەکە» نووسیوە، بڵاوبکەنەوە. 
دوای ئەوەی پێداچوونەوە و هەڵەبڕی و ئیدیتینی بۆ دەکەن، لە 25 يونيو 1947 بەچاپ دەگات و 3000 دانەی لێ بڵاودەبێتەوە. دواتر کتێبەکە بۆ 70 زمانی تر وەردەگێڕدرێت، هەروەها فیلمێک و شانۆگەرییەکی لەسەر بەرهەم دەهێنرێت، کە بەهۆیەوە ئەوکاتە خەڵک بە چیرۆکی ئانا ئاشنا دەبن، و دواتر ساڵی 1960 ئەو جێگا نهێنییەی کە ئانا لەگەڵ خێزانەکەی و خەڵکەکانی تردا خۆیان تێدا شاردۆتەوە، دەکرێتە موزەخانە بەناوی؛ «ماڵەکەی ئانا فرانک». هەتا ماوەیەکی درێژ ئۆتۆ فرانک لە نزیکەوە چاودێریی «ماڵەکەی ئانا فرانک» دەکات هەتا کۆچی دوایی دەکات لە ساڵی 1980. ئەو هیواخوازبوو خەڵک لە رێگەی خوێندنەوەیان بۆ کتێبی یادەوەرییەکانی ئانا ئاشنای مەترسییەکانی جیاکاری و رەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی جوولەکە بن. 
بۆچی دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا فرانک لەناو هەموو گێڕانەوە و دیکۆمێنتەکانی تردا لەبارەی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان و بەتایبەتی هەڵمەتی کوشتنی بەکۆمەڵی جوولەکەکان لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا ئەو هەموو متمانە و ناوبانگەی لەسەر ئاستی جیهان دەرکرد؟ 
لەو بارەیەوە «یان رۆماین»ی نووسەر وتارێک لە یەکەمین لاپەڕەی رۆژنامەی Het Paroolی هۆڵەندی ئەوکاتە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بڵاودەکاتەوە، لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت: پەیمانگەی نیشتمانیی بە دیکۆمێنتکردنی جەنگ، زیاتر لە 200 دەستنووس و دیکۆمێنتی لەبارەی جەنگەوە تێدایە، بەڵام تووشی سەرسووڕمان بووم کە تەنها یەک دانە لەناو ئەو 200 بیرەوەرییانەدا پاکترینیان و زیرەکانەتر و ئینسانیتریان، دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا فرانک بوو، کە هەتا ئاستی ئەوەی هەموو ئەرکەکانم بۆ خۆئامادەکردن بۆ یەکێک لە کۆڕەکانم لەبیرکرد و دانیشتم ئەو کتێبە بخوێنمەوە». 
دوای ئەو وتارە، دەزگاکانی بڵاوکردنەوە گرنگییان بە کتێبەکە دا. 
ساڵی 1947 چیرۆکی
Het Achterhuis «پشتەوەی ماڵەکە» چاپکرا و پاشان بە زمانەکانی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزیش بڵابۆوە. تەنانەت دوای ئەوەی رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» زۆر بە کورتی ئاماژەی بە کتێبەکە دابوو، بووە هۆی ئەوەی لە ئەمریکا ببێتە پڕفرۆشترین کتێب لەو کاتەدا. 

چەند پەرەگرافێکی کەم لە دەفتەری یادەوەرییەکانی ئانا فرانک
 - 12 juni 1942 -
«هیوادارم بتوانم هەموو شتێک بە ئەمانەتەوە بگەیەنمە ئێوە، چونکە هەرگیز خۆم نەمتوانیووە ئەوە بۆ کەس بکەم وهیواداریشم ئێوە پاڵپشتێکی گەورە بن بۆم». 
****** 
- 28 september 1942 -
«ئۆه، دڵخۆشم کە لەگەڵ خۆم هێناومی». 
مەبەستی دەفتەرەکەیەتی.
- 28 september 1942 –
«هەتا ئیستا، تەنها بیرۆکەکانم لە کتێبەکەم تۆمارکردووە، هەرگیز نەگەیشتوومەتە ئەوەی چیرۆکی جوان بنووسم، کە دواتر بتوانم بیانخوێنمەوە. بەڵام لە داهاتوودا بارگاوی نابم بە سۆز و زیاتر بە واقیعەوە پابەند دەبم».
******
ئانا تێڕوانینێکی رەخنەگرانەی هەیە، نەک تەنها بەرامبەر ئەوانی تر، بەڵکو بەرامبەر خۆشی. 

- 15 juli 1943 -
«ئەزیزم کێتی: 
دەتوانم خۆم لە هەموو هەڵسوکەوتەکانمدا ببینم، وەک ئەوەی خۆم نەناسم. بەهیچ شێوەیەک لایەنگر نیم، وەکو جانتایەکی پڕ لە داوای لێبووردن بەرامبەر ئانا دەوەستم و چاودێریی هەموو شتێکی باش و خراپ دەکەم کە دەیکات».  
دوای پاراستنی دەفتەری یادەوەرییەکانی، ئانا فرانک دەستدەکات بە نووسینەوەی هەندێک یادەوەری خۆی بە شێوەی چیرۆک و ناونیشانی وەکو «باشترین خوان» و»پەتاتە پاککردن « کاتێک کاتژمێر دەبێتە هەشت ونیوی بۆ داناون. 
****** 
لە دەفتەرێکی تردا بەجیا، «دەفتەری چیرۆک»، ئانا فرانک چیرۆکی خەیاڵی لەگەڵ ئەم چیرۆکە راستەقینانەدا دەنووسێت. ئەو چیرۆکانە دوای جەنگ لەژێر ناونیشانی «چیرۆکەکانی شوێنی خۆشاردنەوە» بڵاودەبنەوە. 
****** 
- کاتێک دەبێتە کاتژمێر هەشت ونیو -
لە چیرۆکی «کاتێک دەبێتە کاتژمێر هەشت و نیو»
«مارگۆ و دایکی شپرزەن. «سسست... باوک، بێدەنگ بە ئۆتۆ، سسست... بیم! کاتژمێر هەشت ونیوە، نابێت لەمەودوا ئاوەکە بە کراوەیی بەجێهێڵیت بڕوات. بێدەنگ بڕۆ!» ئەمە وتەکانی سەرسوڕمانی باوکێتی لە گەرماوەکە، دەبێت رێک کاتژمێر هەشت ونیو لە ژوورەکە بێت. هیچ دڵۆپە ئاوێک نەڕوات، نەشچێت بۆ ئاودەست، بەڕێدا نەڕوات وهەموو شتێک هێمنە». 
مارسی 1944، لە رادیۆی ئۆرانیای ئازادەوە لە ئینگیلتەراوە خەڵکیان بانگهێشت کرد بۆ کۆکردنەوەی دەستنووسەکانی رۆژانەکانی خەڵکی ئاسایی بە مەبەستی بەدۆکومێنتکردنی مێژوو دوای جەنگ. 
******
ئەوجا ئانا فرانک درکی بەوە کرد کە یادەوەرییەکانی سوودی بۆ خەڵک دەبێت و پاشان پلان بۆ ئەوە دادەنێت بیرەوەرییەکانی لەناو کتێبێکی راستەقینەدا ئامادە بکات. 

- 29 maart 1944 -
«دوێنێ شەو «بلکستین»ی وەزیر لە رادیۆی ئۆرانیاوە باسی لەو راستییە کرد کە دوای جەنگ کۆمەڵێک لە یادەوەریی و بیرەوەرییە تۆمارکراوەکان و نامەکان لە سەردەمی جەنگدا کۆدەکرێنەوە. بیری لێبکەرەوە چەند ئەوە ناوازە دەبێت ئەگەر رۆمانێک لەبارەی شوێنی خۆشاردنەوە نهێنییەکە بڵاوبکەمەوە». 
******

- 5 april 1944 –
«ئەو کەسانەی کە نانووسن، نازانن نووسین چەند ناوازەیە؛ جاران خەمم لەوە دەخوارد کە نەمتوانیوە وێنە بکێشم، بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشم، چونکە لانیکەم دەتوانم بنووسم. ئەگەر بەهرەی نووسینم نەبێت بۆ رۆژنامەکان و نووسینی کتێب، هەر دەنووسم، بۆ خۆم دەنووسم، بەڵام دەمەوێ بەردەوام بم، ناتوانم بیهێنمە بەرچاوم وەکو دایک بژیم، خاتوو فان دان و هەموو ئەو ژنانەی ئیشەکانیان کردووە و دواتر لەبیرچوونەتەوە. من دەبێت لەپاڵ مێرد و منداڵدا شتێکم هەبێت، خۆمی بۆ تەرخان بکەم! ئۆۆ، بەڵێ، نامەوێ وەکو زۆربەی خەڵک بۆ هیچ بژیم. دەمەوێ سوودبەخش و خۆشیبەخش بم بۆ ئەو کەسانەی لە چواردەورم دەژین و ئەوانەشی کە پاڵپشتیم دەکەن، نازانم، دەمەوێ تەنانەت دوای مردنیشم بژیم!». 
******
ئانا لەبارەی کاتەکانی خەمۆکی و هیواخواستنی بە ئازادبوون دەینووسی. 

- 3 mei 1944 -
«زۆرجار هەستم بە خەمۆکی کردووە، بەڵام هەرگیز هەستم بە بێهیوایی نەکردووە، من ئەم خۆشاردنەوەیەم وەکو چالانجێکی خەتەرناک دەبینم، رۆمانسی سەرنجڕاکێش و شایەنی بایەخە، هەموو سەختییەک بە کات بەسەربردنێک لەناو یادەوەرییەکانمدا دەبینم. ئێستا بڕیارمدا ئیتر جیاواز لە کچانی تر ژیانێکی جیاواز بژیم و دواتریش ژیانێکی جیاواز لە ژیانی ژنە ئاساییەکانی ناوماڵ، هەموو رۆژێک هەست دەکەم لە ناوەوە چۆن گەشە دەکەم و چۆن ئازادبوون نزیک دەبێتەوە، چەند سروشت ناوازەیە.
 خەڵک لە چواردەورم چەند جوانن، چەند ئەم چالێنجە چێژبەخش و خۆشە! ئیتر بۆچی دەبێت بێهیوا بم؟». 
ئان فرانک جارێکی تر یاداشتەکانی دەخوێنێتەوە و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بیر لەوە دەکاتەوە، چۆن پلان دابنێ بۆ نووسینی کتێبێک لەبارەی شوێنی خۆشاردنەوە نهێنییەکە. 
******

- 11 mei 1944 -
«ئێستا لەبارەی شتێکی ترەوە: تۆ دەزانیت بەڕاستی من ئومێدم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان ببمە رۆژنامەنووس و پاشان نووسەرێکی بەناوبانگ. (..) دوای جەنگ دەمەوێ لانیکەم کتێبێک بە ناونیشانی «Het Achterhuis» «پشتەوەی ماڵەکە» بڵاوبکەمەوە. ئیتر ئەگەر ئەوە بێتەدی، ئەوەش پرسیارە، بەڵام یاداشتەکانم بۆ ئەوەش سوودیان دەبێت.(..)». 
******
- 21 juli 1944 -
«بەلای منەوە تەواو مەحاڵە هەموو شتێک لەسەر بنەمای مردن و نەهامەتی وسەرلێشێواوی بینا بکەم. ئێستا دەبینم چۆن جیهان بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ بیابان، زیاتر و زیاتر گوێم لە هەورەتریشقەیە، کە دەمانکوژێت، من هاوسۆزی ملیۆنان کەسم و لەگەڵ ئەوەشدا کە سەیری ئاسمان دەکەم، وا هەست دەکەم ئەمە هەموو بۆ باشتر دەگۆڕرێت و ئەم دڕندەییە کۆتایی پێدێت و ئاشتی و هێمنی دەگەڕێنەوە بۆ سیستمی جیهان. 
لەو میانەیەدا دەبێت بیرکردنەوەکانم بەرز و وشک بهێڵمەوە، لە داهاتوودا دوای هەموو شتێک هەمووی مومکین دەبێت». 
******
دوا رۆژ و دوانووسین لە جێگە نهێنییەکە، 

- 1 augustus 1944 -
«لەگەڵ ئەوانی تردا، ئانی ئەزیزم هیچ دەرنەکەوت، بۆ یەک جاریش، زیاتر بە تەنها بوو. من بە تەواوەتی دەزانم دەمەوێ ببم بە چی، هەرچییەک بم... لە ناوەوە، بەڵام بەداخەوە، هەر بۆ خۆمە، نەخێر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خۆم لە ناوەوە بە بەختەوەر دەزانم، بۆیە خەڵک بەختەوەر دەمبینن، لەناوە ئانی پاک رێگەم پیشان دەدات، لە دەریشمەوە من هیچ نیم جگە لە منداڵێک کە بە خۆشی خۆی ئازاد دەکات. 
من دەگریم، وا دەردەکەوم، رای نەرێنی، رووخسارێکی گاڵتەجاڕ و شپرزە، و ئەو کەسانەی وادەزانن تۆ گوێت نەداوەتێ، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی گوێ لە ئامۆژگاریی نیوە باشەکەت ناگریت. 
حەزم بە گوێگرتنە، بەڵام ناتوانم، ئەگەر هێمن و جدی بم، هەموان وادەزانن شتێکی کۆمێدی نوێیە، ئینجا دەبێت خۆم بە نوکتەیەک رزگاربکەم. هێشتا باسی خێزانەکەمم نەکردووە، کە بڕیاریان داوە کە من نەخۆشم و حەبی سەرئێشە و دەرمانی هێورکەرەوەم پێدەدەن. 
ملم و پێشەوەی سەرم وا دەریدەخەن کە لەرز و تام بێت، پرسیاری پیساییەکەم و باری خراپی دەروونم دەکەن. ئیتر بەرگە ناگرم، کە لێم دەڕوانن، سەرەتا چەقۆکێشێک دەبینن، پاشان دڵتەنگ دەبم و دوای ئەوە دڵم دەگۆڕرێت. هەستە خراپەکە دەبەمەوە ناوەوە، دەگەڕێم بۆ رێگەچارەیەک بۆئەوەی کە بەو شیوەیە بم کە خۆم دەخوازم، بەو شێوەیەی کە دەتوانم ببم، وەک ئەوەی کە خەڵکی تر لە جیهاندا لەئارادا نەبن». 
ئانا فرانک.
****** 
ماوەی 10 هەفتە، لە 20ی مایسەوە هەتا 4ی ئۆگۆستی 1944 بەشێکی زۆری یاداشتەکانی جارێکی تر نووسییەوە، بەتایبەتی سەرەتاکەی کە لەرووی زمانەوە بەهێزتر دیاربوو. لەو نێوەندەشدا بەردەوام بوو لە نووسینی یادەوەرییەکانی لە دەفتەرە ئاساییەکەیدا. 
پڕۆسەی نووسینەکە بەهۆی دەسگیرکردنەکەوە لە 4 ی ئۆگۆستی  1944ئیتر دەوەستێ.  تا ئەوکاتە ئانا فرانک 324 لاپەڕەی تری بەتەواوەتی نووسیوە. 

سەرچاوەکان:
annefrank.org
npokennis.nl
beleven.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان