پۆڵا سیروان تاڵەبانی: یەكێتی لەپێش وادەی خۆیدا كۆنگرە دەكات

09:52 - 2023-09-14
دیدار
332 جار خوێندراوەتەوە

پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوەی ی.ن.ک لە دیدارێکیدا لەگەڵ (PUKMEDIA) رۆشنایی دەخاتەسەر ئامادەکارییەکان بۆ پێنجەمین کۆنگرە و رۆڵ و پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک لایەنێکی گوێلێگیراو. هەروەک ئاماژەشی بە دید و تێڕوانینی یەکێتی کرد سەبارەت بە یەکڕیزیی و یەکگوتاریی کورد بەتایبەتی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکوکیشی روونکردەوە. لەبەر گرنگیی دیدارەکە، کوردستانی نوێ بەباشیزانی پوختەیەکی ئەو دیدارە بڵاوبکاتەوە.
لاپەڕەی سیاسەت

 پۆڵا سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "هەنگاو و رێكارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە و ئامادەكارییەكانی كۆنگرە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت" و راشیگەیاند: "یەكێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە و خاوەنی بۆچوونی خۆیەتی و رێز لە بۆچوونەكانیشی دەگیرێت".
پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوەی ی.ن.ك لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA بەوردی باس لە ئامادەكارییەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و ئاستی پەیوەندییەكان و دۆخی كەركوك دەكات.
یەكێتی لە وادەی خۆیدا كۆنگرە دەكات
پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی 9/27ی ئەمساڵ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بەپێی پەیڕەو، كۆمسیۆنێكی تایبەت كاروبارەكان رێكدەخات.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت: لەسەرجەم ئۆرگانەكانەوە 600 ئەندام بەپێی كۆنفرانس بەشداریی كۆنگرە دەكەن، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا كۆمسیۆنەكە میكانیزمی هەڵبژاردن و كۆنفرانس دیاری بكات، وەك لە دروشمی كۆنگرەشدا دیارە، كە بریتییە لە (نوێگەری لەكاردا، كۆدەنگی لە بڕ‌یاردا)، یەكێتی لەم كۆنگرەیەدا خۆی نوێ دەكاتەوەو بۆ پرسەكانیش كۆدەنگی لە بڕیارداندا دەبێت، ئەمە جگەلەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێ بۆ حزب دادەڕێژرێت، كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەكەدا گونجاوبێت.
كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەكرێت و لەم بارودۆخەشدا گرنگی خۆی هەیە و دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بتوانێت لە پێش كاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستێت و ببێتە نەریتێك بۆ حزبەكانی دیكەش، كە لەكاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستن، ئەمە جگەلەوەی هەر لە كۆنگرەدا پەنجە دەخرێتە سەر كێشە و كەموكوڕییەكان و چارەسەر دەكرێن.
پەیوەندییەكانی یەكێتی لە هەڵكشاندایە
هەروەها سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی یەکێتی، پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاستی پەیوەندییەكانی لە هەڵكشاندایە لە ئاستە جیهانی و عیراق و كوردستانییەكانیدا و پەرەی زیاتریشی پێدەدات، بەتایبەتی لە بواری دیپلۆماسیدا.
هەروەها رایگەیاند: رۆژ لە دوای رۆژ یەكێتی برەوی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەسەر هەموو ئاستەكان دەدات و لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر ئاستی عیراق رۆڵێكی گرنگی هەیە و لە هەموو ئەو رووداوانەی روودەدەن، یەكێتی قسەی خۆی هەیە.
 وتیشی: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكێتی پێگەیەكی بەهێزی دیپلۆماسی هەیە و خاوەنی بۆچوونی خۆیەتی و رێز لە بۆچوونەكانیشی دەگیرێت.
هەروەک لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش یەكێتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ تەبایی و رێكخستنی نێو ماڵی كورد، بۆ ئەمەش چەندینجار هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنەكانی داوە، هەموو كاتێک بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێش بەرژەوەندیی حزبی خستووە و لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیشیەوە یەكێتی بەوە ناسراوە كە كۆكەرەوەی دەنگە جیاوازەكان بووە و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی حزبە كوردستانییەكانی ویستووە، چونكە دەزانێت تەنها بەو رێگەیە، بەئامانجەكانمان دەگەین و میللەتەكەمان سەردەخەین. 
ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ناوچە جێناكۆكەكانیش یەكێتی یەكدەنگی حزبە كوردستانییەكانی ویستووە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە لە رابردوودا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دەستپێشخەریی كرد بۆ دروستبوونی هاوپەیمانییەكی كوردستانی، كە پارتی رێگربوو، هەر ئەوانیش بوون یەكدەنگی كوردییان لە ناوچە جێناكۆكەكان هەڵوەشاندەوە، بەڵام یەكێتی هەرگیز دەرگای یەكڕیزیی بەڕووی لایەنەكاندا دانەخستووە و هیچ كاتێكیش بۆ ئەو مەبەستە بە درەنگ نازانێت.
تێكدانی ئارامی و پێكەوەژیان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان هێڵی سوورە
رووداوە نەخوازراوەكانی ماوەی رابردووی كەركوك كە بەهۆی ململانێی سیاسی و بارەگایەكەوە دروستبوو، ئاڵوزیی لە كەركوك بەشوێندا هات و شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
لەوبارەیەشەوە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەسەر ئەو رووداوانە وتی: تێكدانی ئارامی و پێكەوەژیان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لای یەكێتی هێڵی سوورە و لە هیچ لایەنێكی قبووڵناكات، هەرگیز وەک هەندێک لایەنی دیکە خەڵكی ئەو ناوچانەی بۆ مەرامی تەسكی حزبی بەكارنەهێناوە، لەبەرامبەریشدا بەكردار هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخی كەركوكی داوە.
 یەكێتی خۆی بە خاوەنی كەركوك و كەركوكییەكان دەزانێت و بە ئەرکی سەرشانی خۆشی دەزانێت لە رێگەی نوێنەرەكانییەوە لە بەغدا بەڕەسمی داوای لێكۆڵینەوەی وردی لە رووداوە نەخوازراوەكانی كەركوك كردووە و لەو چوارچێوەیەشدا وەفدی باڵای حکومی و پەرلەمانی عیراق دێنە كەركوك و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان دەكەن.
دەشڵێت: "یەكێتی هەرگیز لە نەهامەتییەكاندا كەركوكییەكانی بەجێنەهێشتووە، هەر ئەمەش وایكردووە كە كەركوكییەكان وەك هەمیشە وەفایان بۆ یەكێتی هەبێت و یەكێتی و كەركوك وەك دوانەیەكی لێك دانەبڕاو لێی بڕوانرێت، چاوەڕوانیشمان لە خەڵكی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، یەكێتییەكەیان سەربخەن و بە حزبی یەكەم بیهێڵنەوە.
یەكێتی و هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەتایبەت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەی PUKMEDIA بوو لەگەڵ پۆڵا سیروان تاڵەبانی و رایگەیاند: یەكێتی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پێگەیەكی بەهێزی هەیە و دڵنیاین لە وەفای خەڵكی ئەو ناوچانە بۆ یەكێتی و هەست بە زەروورەتی بوونی یەكێتی لەو ناوچانەدا دەكەن، چونكە دەزانن تەنها یەكێتییە کە زامنی بەرگری لێكردنیانە و لە رابردووشدا بە كردار ئەوەی سەلماندووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان