گەنجانی پەراوێزخراو سووتەمەنیی توندڕەویی و دەمارگیریین

09:59 - 2023-09-14
ڕاپۆرت
266 جار خوێندراوەتەوە
گەنجانی لوبنان لە پەراوێزدان

ئا: عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە

ئەم بابەتەی خوارەوە پوختەی دیدارێكی كەناڵی» النفسانیون» ی لوبنانییە، لەگەڵ مستەفا حیجازی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دەروونناسی كە باس لە گەنجانی پەراوێزخراو دەكات كە چۆن دەبنە سووتەمەنیی توندڕەویی و دەمارگیرییەكان.  
گەنجانی پەراوێزخراو كە من ناوم ناون گەنجانی سێبەر، ئەوانەن لەپشتی كەوالیسی شانۆی ژیانەوەن، ئەوانەی بواری دەركەوتنیان پێنەدراوە و لە راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بەوانە ناوبراون كۆمەڵگەكەیان پێویستییان پێیان نییە و بگرە نەتەوەیەكگرتووەكان هەندێك كۆمەڵگەیشی بەوجۆرە ناوبردووە كە وادەبینرێت باربن بەسەر بەرهەمهێنەرانەوە. ئەمجۆرە گەنجانە تەنها لەكاتی ئاژاوەو بشێوی و ململانێ ناوخۆییەكان بەگشتی و ململانێی چەكداریی میلیشیاكاندا زیاتر دەردەكەون و رۆڵیان دەبێت.
ژنان و ئەركە جیاوازەكانیان 
دەروونناسان و كۆمەڵناسان و زانایان واڕاهاتووین باسەكانمان گشتگیر بێت، بۆ نموونە كاتێك باسی خێزان، منداڵ، گەنج، ژن، هەرزەكار دەكەین بەگشتی باسی دەكەین، لەكاتێكدا هەریەك لەوانە بۆ جۆرەها پێگە پۆلێن دەكرێن. بۆ نموونە لەژندا كۆمەڵێكی لەیەك جیاوازمان هەن، ژنمان هەیە خاوەنی پێگەو پێشەنگین كە جووڵێنەری بزاڤی گۆڕانكاری و بگرە كۆمەڵگەیشن، جۆرێكیشیان ژنانی خێزانە ئەرستۆكراتییەكانن پاڵەوانانی بەكاربردنی مۆدێل كە دەبن بە دەزگای ریكلامكردن بۆ ماڵ و سامانی خانەوادەكانیان، زۆرینەیان بەشێوەیەكی نایاسایی بەدەستیان هێناوە. ژنانیشمان هەن خۆیان و پیاوەكانیشیان لەبەرەی رەنجدەرانن لەپێناوی بەدەستهێنانی گوزەراندا، ژنانیشمان هەن هاوشێوەی گەنجانی سێبەر ئەمانیش لەتوێژی پەراوێزخراو لەوانەن نەتەوە یەكگرتووەكان بە توێژی ژێر هێڵی هەژاری ناویان دەبات كە باشتروایە بە ژێر هێڵی مرۆڤبوون پێناسەبكرێن. گەنجانیش بەهەمانشێوە چوار توێژی سەرەكییان لێدەبێتەوە كە ناكرێت كاتێك باسی گەنج دەكەین بەگشتگیری باسیان بكەین، زۆرینەی ئەوانەی دەخرێنەبەر باس و لێكۆڵینەوە، گەنجانی زانكۆكان و خوێندنگەكانن كە دەتوانرێت بەئاسانی پەیوەندییان پێوەبكرێت:
گەنجان چوار توێژن
جۆری یەكەمی گەنجان، گەنجانی دەستەبژێن لەوانەی بۆ ئەوە لەدایك بوون بیبەنەوە، ببنە خاوەنی قازانج و دەستكەوت، ئەمانە لەو خانەوادانەن ئاستێكی باشی كۆمەڵایەتی، فیكری، ئابووریی، پیشەیی باشیان هەیە و باشترین جۆری بەخێوكردن و پەروەردەو سەرپەرشتیكردن پێشكەشی منداڵیان دەكەن لەماڵەوە تا دەگاتە باخچەی منداڵان و قۆناغەكانی تری خوێندنیان، هەرئەمانیش رۆڵیان دەبێت لە بازاڕی ئابووریی و كاردا، بۆیە بەوە ناوم بردوون. بۆ ئەوە لەدایك بوون دەستكەوتیان هەبێت. توێژی دووەم ئەو گەنجە زەحمەتكێشانەن ئەوجۆرە سەرپەرشتیە باشەیان نییە و لە زانكۆ حكومییەكاندا بێپارە دەخوێنن، بۆ ئەوەی هەرچۆنێك بێت كورد واتەنی بگەن بەنانی خۆیان..توێژێكیش گەنجمان هەن لەو خانەوادانەن باری ئابوورییان باشەو زۆرینەی كاتەكانی ژیانیان بە خۆشگوزەرانی و بەرخۆری بەسەردەبەن، كە پشتیان بە ماڵ و سامانی باوكیان بەستووە، ئەمجۆرەیان گەنجانی مشەخۆرن. گەنجیشمان هەن بە تەواوی مانای وشەكەوە زەحمەتكێشن و بەشداری پەیداكردنی گوزەرانی ماڵ و خێزانیانن. هەندێكیش لە گەنجان ئەوانەن ئەم باسەمان تایبەتە بەوان كە گەنجانی سێبەر و پەراوێزخراون و دەبنە سووتەمەنیی دەمارگیرییەكان، ئەمانە بۆ ئەوە لەدایك بوون بدۆڕێن، پێچەوانەی ئەوانەی لەدایك بوون بۆ ئەوەی بەدەستبێنن و ببەنەوە. بۆیە كاتێك باسی گەنج دەكەین دەبێ بەشێوەیەكی میتۆدیی زانستی باسیان بكەین و جۆرەكانیان لەیەك جیابكەینەوە كە هەرجۆرەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە نەك بەگشتی باسیان بكەین كە لای ئێمە واكراوە.
گەنجانی پەراوێزخراو هاووڵاتی نین
گەنجانی سێبەر بێبەرین لە هەمووجۆرە سەرپەرشتییەك، لەبەرئەوەی لەخێزانێكدان دایك و باوكیان چەشنی كەروێشك نەوەدەخەنەوە بەبێ حیسابكردن بۆ بارودۆخەكانی ژیان و منداڵیشیان لەكۆڵاندا بەبێ سەرپەرشتی گەورەدەبن، بەبێ سەرپەرشتییەكی سۆزداری، بەبێ كەشوهەوای رۆشنبیری، خوێندنی ئاسایی لەخوێندنگەكانی حكومەت، كە زۆرینەیان واز لە خوێندنیش دەهێنن و دەخرێنە ئیش و كارەوە و خەمی سەرەكییان پەیداكردنی بژێوییە ژیانە و لەهەموو چالاكییەك دوور دەبن، بۆیە بە گەنجانی سێبەر ناوم بردوون و لەهەموو شتێك بێبەرین. پرسیاریش ئەوەیە دواجار ئەمانە چی دەرەچن كە هیچ بەهایەكی خودی و زانستی و پیشەییان نەبێت؟ بێگومان ئەمانە ناچار دەبن ببنە خاوەنی رەفتاری نابەرپرسیارانە و دەبنە سووتەمەنیی ئەو بزاڤ و لایەنانەی كاریان بە دەمارگیری دەڕوات و دەیانكەن بە ئامرازی بەڕێوەبردنی دەمارگیرییە جۆراوجۆرەكان و بە هەرزانترین نرخ دەیانخەنە ریزی پێشەوەو دەیانكەن بەقوربانی.
مرۆڤ بە بێ پێگە و بەها ناژی 
گەنجانی پەراوێزخراو هاوڵاتی نین، چونكە  هەر لەبنەڕەتدا وڵات دانی بە بوونیاندا نەناوە، مافی پێنەداون، ئاگای لێیان نەماوە، نەیكردوون بەشایستەی ئەرك پێسپاردن، ئەوانیش لەبەرمبەردا ئینتیمایان بۆ وڵات نابێت و پەنا بۆ دەمارگیرییەكان دەبەن و دەكرێن بە ئامرازی وەستانەوە لەدژی وڵات و ئەوانیش هەرچیەك بكەوێتە دەستیان دەیكێشن بە دەرگاو پەنجەرەی دامەزراوەكانی وڵاتیشەوە. یان لانیكەم هیچان بۆ نەكرێت دیوارەكان پیس دەكەن، لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا راست و چەپ تێكەڵ بەیەك دەكەن. بەلای گەنجانی سێبەرەوە دەمارگیری و توندگیری مانای زۆر هەیە بۆیان، چونكە توندڕەوی لەبنچینەدا واتە ملكەچكردنی بەرامبەر بەزۆر بەوەی دانت پێدابنێت. چونكە بەرامبەر ئامادە نییە بە شێوەیەكی تر دانت پێدابنێت، بۆیە دیالۆگیش لەگەڵ ئەوجۆرە كەسانەدا سەرناگرێت. چونكە ئەوانەی دیالۆگیان لەگەڵدا دەكەن ناوی تێكدەر و ئاژاوەگێڕیان لێناون، بۆیە لای ئەوان جگە لە توندوتیژی ئامرازێكی تریان نییە. لە بە گەڕخستنیاندا لە ململانێ دەمارگیرییە چەكدارییەكاندا بەهایەكی ئەلتەرناتیڤیان لەلایەن سەركردەیەكەوە پێدەدرێت كە دەبێتە هۆكاری وەرگرتنەوەی كەمێك لەو بەهایەی لەدەستیانچووە. ئەو گەنجانە لەریزی ئەوجۆرە بزاڤانەدا هاوكات دەپارێزرێن لەچاودێری و بەدواداچوونی یاساییش، بۆیە رەشمەی دوژمنكاری و توندوتیژییان بۆ شل دەبێت، ئەوكات لەگەنجانی سێبەرو پەراوێزخراوەوە دەبنە قارەمانی مەیدان و چییان بوێت دەیكەن، چونكە كردەكانیان دەبێتە ئاسەواری بوونیان وەك قارەمان نەك وەك پەراوێزخراو. پێیانوایە دەبنە خاوەنی بەها و پێگەی خۆیان، چونكە مرۆڤ ناتوانێت بەبێ پێگە و بەها بژی. 
پیرۆزیی دوو مەترسی هەیە
لەكاتێكدا ئەوان تەنها ئامرازی بەدیهێنانی جۆرێك لە دەمارگیری بوون لە بزاڤە تیرۆریستیەكاندا بەتایبەتی نەك بەها و پێگە، بەڵام بۆ ئەوان قەرەبووكردنەوەی تێدایە بۆیە پێیڕازین، بەتایبەتی كە لەبزاڤە تێرۆریستیەكانی وەك داعشدا دەبنە بەرگریكار لەجۆرێك پیرۆزی وەك موجاهید و بشكوژرێن بە شەهید ناودەبرێن كە ئەمیش پیرۆزیی هەیە، پیرۆزییش دوو مەترسیی هەیە: یەكەمیان، بەشەیتان دانانی بەرامبەرە، ئەگەرچی لەخۆیشی باشتربێت بەپێی پێوەرەكان، چونكە ئەوەی پێوایە بەرگری لەپیرۆزی دەكات، خۆی بە خاوەنی هەقیقەتی رەها دەزانێت. دووەم، ئەوەی بەرگری لە پیرۆزی بكات لە لێپێچینەوەی خودی و هەستكردن بە تاوانباری بەدوور بێت، ئەگەر بەرامبەر بكوژێت بۆ دۆزەخەو خۆیشی بكوژرێت شەهیدەو بۆ بەهەشت دەچێت. ئەو گەنجە پەراوێزخراوانەی دەچنەنێو ئەو بزاڤانەوە دواجار دەكرێن بە خاوەنی هونەرو تەكنیك و چێژوەرگرتنیش لەكوشتن. مرۆڤیش تاكە زیندەوەرە وەك چۆن هونەری خواردنی هەیە لە لێنان و خواردنیشیدا، بەهەمانشێوە بۆ كوشتن و ئەشكەنجەدانیش هونەرو تەكنیك بەكاردەهبێنێت و چێژیشی لێدەبینێت، ئەوەش بەتاڵكردنەوەی هەموو رقوكینەو نەبوونی بەهاو پەراوێخران و چەوساندەوەكانێتی لەهونەری ئەشكەنجەدان و كوشتنی قوربانیەكەیدا بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی بەهاو پێگەی ئەوەش وەك خۆی لەسفر بدات، ئەوەش تاكە ئامرازێتی بۆ خۆ سەلماندن و كەڵەیی خۆیان لەوەدا بەرجەستە دەكەن. 
تاكە چارەسەریش، لەو پڕۆژە گەشەپێدانانەدا دەبێت لە بواری خوێندن و زانست و پیشەییدا شایستەیان بكاتەوە بەوەرگرتنی پێگەی كۆمەڵایەتییان، بەجۆرێك هەست بكەن بەوەی ئەندامێكی بەڕێزی خێزانەكەیان و كۆمەڵگەیشن و كۆمەڵگەو دەوڵەتیش پێویستیی پێیانە، نەك وەسفكردنیان بە تێكدەر و ئاژاوەگێڕ و خیانەتكار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان