فەیسەڵ عەلی
ئایندەی مرۆییمان بە ئاوەوە پەیوەستە، مرۆڤایەتی پێویستیی بە ئاوە تا کۆتایی بە هەژاری بهێنێت، ببێتە هاندەری گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هاوکاری بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەتر بێت. بەڵام بە پێی مەزندە نێودەوڵەتییەکان، جیهان ئەو بڕە پێویستەی لە ئاو بەردەست نییە و تا ساڵی 2030 جیهان بە رێژەی نزیکەی %40 دووچاری کورتهێنانی ئاو دەبێتەوە. ئەم کورتهێنانە بە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت لافاو و بێبارانی تا ساڵی 2050 بە بڕی 5.6 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان بگەیەنێت، بە پێی ئامارەکان، تێكڕای کارکردن بە رێژەی %2.5 لە ماوەی ساڵانی کەمبارانی و وشکە ساڵییدا کەم دەکات، لە هەمان کاتیشدا، خزمەتگوزارییەکانی ئاو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ئاڵۆزتر کردووە، کەرتی ئاوەڕۆ بە تەنها بەرپرسە لە %10ی دەرهاویشتەی غازی میسان کە مرۆڤ هۆکاریەتی و ئەم غازەش 28 جار لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهێزترە بۆ گەرمداهێنانی هەوای زەوی.
توانای خۆگونجاندن
ئیدارەدانی کارای سەرچاوەکانی ئاو، بزوێنەری سەرەکی توانای خۆگونجاندنە لەگەڵ ئاسەواری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و سنووردارکردنی دەرهاویشتەکان. ئاو دەکرێ یارمەتیدەری سەرکردایەتیکردنی هەنگاونان بەرەو وزەی نوێبووەوە بێت، بەڵام تەنها نزیکەی %10ی توانای وزەی کارۆئاوی بەکاردەهێنرێت. لە میانی باشکردنی پلان و وەبەرهێنان لە تۆڕەکانی ئاو، باشترکردنی نرخاندنی ئاو و هەڵسەنگاندنی، کەفائەتی بەکارهێنانی ئاو و کۆگاکردنی، ئەوکات دەتوانرێ بەرگەی کارەساتە لەناکاوەکانی کەشوهەوا بگرین.
کشتوکاڵ %90 کۆی هەموو سەرچاوەکانی ئاو دەبات، لە کاتێکدا ئاودێران %70 کۆی ئاوی شیرینی جیهان بەکاردەبات. ئێمە پێویستمان بە دۆزینەوەی رێگەی نوێیە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی زیاتر بەڵام بە ئاوی کەمتر، ئەگەر جیهان بیەوێ تا ساڵی 2050 خۆراک بۆ 10 ملیار کەس دابین بکات. ئەمە پێویستی بە ریفۆرمە لە بەکارهێنانی ئاودا، تا بە کەفائەت ئاو بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە بەکاربهێنرێت. کەرتی کشتوکاڵ سەرچاوەی دەرهاویشتە غازییەکانە، کە هۆکاری پەنگخواردنەوەی گەرمایە و گەورەترین سەرچاوەی دەرچوونی غازی میسانیشە، دەکرێ رۆڵی گرنگی لە سوککردنی ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت. بۆ نموونە، دەشێ بەکارهێنانی شێوازی تری ئاودێران لە کێڵگەکانی برنج کە بەرپرسە لە%11ی کۆی دەرچوونی غازی میسان، بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی %30 کەم بکاتەوە و رێژەی دەرچوونی غازی میسان بۆ %48 دابەزێنێت.
ململانێی توند لەسەر ئاو
کێبڕکێ لەسەر ئاو زۆر توند بووە و پێداویستییە داراییەکانی دابینکردنی ئاویش زۆر زیادیکردووە. جیهان ناتوانێ گەشە بکات و پەرەبستێنێ ئەگەر توانای دابینکردنی ئاوی بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر ئەم هەسارەیە نەبێت. ئێستا زیاتر لە 2.3 ملیار کەس بە دەست کەمی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنێت. 3.6 ملیار کەس لە خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆی تەندروست بێبەشن. هەروەها ئاو زۆر پێویستە تا مەترسیی گرژی و ململانێکان سنووردار بکات. نەبوونی ئاسایشی ئاو زوڵم و زۆردارییەکان زیاتر و چڕتر دەکاتەوە، نایەکسانی قوڵتر دەکاتەوە، ناکۆکییەکان زیاتر دەکات. ئەو دەوڵەتانەی بەدەست ململانێ و ناکۆکییەوە دەناڵێنن، زیاتر لەوانیتر بەدەست گەیشتن بە سەرچاوەی ئاوی پاک گرفتارن، ئەمەش هەندێکجار لە ململانێ و ناکۆکییەکان مەترسیدارترن، مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، بەهۆی سکچوون کە بە هۆکاری خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆی نادروستەوە زیاد دەکات، 20 هێندە زیاترە لەوەی بە هۆکاری ململانێ و جەنگەوە دەمرن.
وەبەرهێنان لە ئاودا
فەراهەمکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەمووان نزیکەی 1.7 تریلیۆن دۆلاری دەوێت، واتە نزیکەی سێ هێندەی ئەو وەبەرهێنانەی ئێستا تێیدا کراوە. ئەمە تەنها یەک بەشی ئەجیندای ئاوە. پێشبینی دەکرێت، پێداویستییەکانی وەبەرهێنان لە ئاودا کە بەشێوەیەکی دروست ئیدارە بدرێت، تا ساڵی 2050 بگاتە 22.6 تریلیۆن دۆلار. ئەو وەبەرهێنانە ژیانی خەڵکی رزگار دەکات، بەڵام لە مەودای دووریشدا سەرچاوەی دارایی فەراهەم دەکات، بۆ هەر دۆلارێک وەبەرهێنان چوار دۆلار دەستهات فەراهەم دەکات، ئەمەش لە میانی تێچوونی پزیشک و زیادکردنی بەرهەمدارییەوە. هەروەها دەکرێ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی لە میانی هاوبەشیکردن و ریفۆرمی گەورەوە پەخش بکرێت، بە سیاسەت و لائیحەی رێکخراو و نرخاندنەوە، ئەمەش لە رێی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە تەمویلی بۆ فەراهەم بکرێت.
پێگەی داتای نێودەڵەتی
چەند زانیاری و مەعریفەمان لەمەڕ قەیرانی ئاو زیاتر بێت، توانای پڕکردنەوەی کەلێنی تەمویل و ئاراستەکردنی بۆ ئەو شوێن و ناوچانەی زیاتر لەوانیتر پێویستیان پێی دەبێت، زیاد دەکات. بۆ پشتیوانی ئەمەش، پێگەی داتای ئاوی سەر بە بانکی نێودەوڵەتی، گەورەترین کۆمەڵەی داتا و زانیارییە لەسەر ئاو کە لە یەک شوێندا کۆکراونەتەوە، لەم دوواییانەشدا، جۆری ئاویشی بۆ زیادکراوە. شەفافیەتی داتاکانی ئاو، دەرفەتی باشتری ئیدارەدانی ئاو دەڕەخسێنێت، بە تایبەتیش ئەو ئاوانەی سەرچاوەکانیان لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتردایە.
نزیکەی %60ی ئاوی شیرینی جیهان لە حەوزی رووبارە سنووربڕەکاندایە، کە پێداویستیی زیاتر لە %40ی هەسارەی زەوی دابین دەکات، هاوکاری نێوان ئەم دیو و ئەودیوی سنوورەکان، بە پشت بەستن بە داتا و زانیاری شەفاف و دروست کە بە ئاسانی دەستی پێرابگات، دەبێتە توخمێکی گرنگی بنیاتنای تواناکان بۆ بەرەنگاریی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، باشترکردنی ئاسایشی ئاو، ئاڵوگۆڕکردنی دەرفەتەکانی پەیوەست بە ئاو، وەک بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە.
پێویستە پەلە بکەن
سامانی ئاو، بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، گەشەی بەردەوام و گەشەپێدان یەکجار گرنگە. پێویستە حکومەتەکان پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی ریفۆرمی بوێرانە لە کەرتی ئاودا، بەهۆی ئەو دەرهاویشتانەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەیخاتەوە. دەوڵەتان پێویستیی زۆریان بە دامەزراوە و سیاسەتی کارا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئاسایشی ئاو و ئامادەکردنی کۆمەڵگە و حکومەتەکانیان تا بە شێوەیەکی دروست خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن. بۆ پشتیوانی ئەوەش، بانکی نێودەوڵەتی، کە گەورەترین تەمویلکاری کەرتی ئاوە لە جیهاندا، لەگەڵ حکومەت و دامەزراوەکانی بزنس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو جیهانێکی بێ گرفتی ئاو کار دەکات.