بە وەرزی گەرماش نرخی نەوتی سپی بەرزە

10:00 - 2023-09-17
ڕاپۆرت
469 جار خوێندراوەتەوە
دابینکردنی نەوتی سپی لە هاویندا

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


هێشتا وەرزی هاوینە نرخی نەوتی سپی بەم گەرمایەش هەر بەرزە و دانابەزێت، نرخی 200 لیتر واتا یەک بەرمیل نەوتی سپی لە بازاڕدا لە سەروو 160 هەزار دینارە لە هەرێمی کوردستان، ئەمە قەیرانێکی هەمیشەییە و چەند ساڵێکە وەک خۆی دووبارە دەبێتەوە و چارەسەر ناکرێت، هاووڵاتیان دەبێت لە هاویندا خەمی سەرمای زستانیان بێت.
چەند ساڵێکە بەهۆی دابەش نەکردنی نەوتی سپی بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتیاندا وایکردووە نرخی نەوتی سپی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ گەیشتن بە وەرزی سەرما نرخەکە زیاتر بەرز ببێتەوە، وەک ئەوەی لە زستانی ساڵی رابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی گەیشتە سەروو 260 هەزار دینار.

نرخ لە سەروو 160 هەزار دینارە
سەركار عیسا خێزاندارە و دەڵێت، زیاتر لە 10 ساڵە ژنم هێناوە و ماڵی خۆمم هەیە، تەنها دووجار نەوتی سپیم بە کۆبۆن وەرگرتووە، بەهۆی ترس لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی مەجبورین بەم گەرمای هاوینە خەمی سەرمای زستان و دابینکردنی نەوتمان بێت، بەڵام هێشتا نرخەکەی بەو شێوەیە نییە بتوانین بیکڕین.
 وتیشی، هەرێمی كوردستان وەك عیراق خاوەنی چەندین كێڵگە و بیرە نەوت و كۆمپانیای نەوت و پاڵاوگەیە، بۆیە هیچ مانایەكی نییە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی هەرێمدا لەسەروو 160 هەزار دینار بێت، دەبێت حكومەتی هەرێم نرخەكەی بەهۆی سیاسەتی پاڵپشتی سووتەمەنی دابەزێنێت بەشێوەیەك بێت هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان بتوانێت بە ئاسانی نەوت دابین بکات.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دوو جۆر نەوتی سپی بازرگانی هەیە و دەفرۆشرێن یەكێكیان كوالێتی خراپە و لەكاتی داگیرساندنی بۆن و گاز دروست دەكات، ئەویتریشیان نەوتی كوالێتی باشە، بەڵام نرخەكەی گرانە.
یوسف عەبدولخالق ماوەی چەند ساڵێکە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا کاری فرۆشتنی نەوتی سپی دەکات و وتی، سەڕەرای ئەوەی ئێمە لەوەرزی هاوین و گەرماین و بەرەو وەرزی پایز دەچین، بەڵام نرخی نەوت هەر گرانە نەوتی كوالێتی خراپ یەك بەرمیلی بە 170 هەزار دینارە لە هەولێر، بەڵام جۆرە باشەكەی نەوت نرخی یەك بەرمیل بە 185 هەزار دینارە بەگرەنتی دەیفرۆشمە خەڵكی كە هیچ بۆن و گازێكی لەكاتی ئیشپێكردندا نەبێت.
وتیشی، زۆربەی ئەو نەوتە سپییەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن لە دەرەوەی هەرێم دەهێنرێن ئێستاش بەهۆی ئەوەی وەرزی گەرمایە بۆیە نرخەكەی بەو شێوەیەیە، ئەگینا لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان نرخەكەی لەوە بەرزتر دەبێتەوە.

خواست لەسەری زۆرە
گۆڕەپانی سووتەمەنی لە هەولێر بازاڕی سەرەكی كڕین و فرۆشتنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەكە بۆ ناوشاری هەولێر، نرخی سووتەمەنی لەوێ دیاری دەكرێت بە سەدان تانكەر سووتەمەنی جۆراوجۆر لەو بازاڕەدا عەمبار كراون، سەبارەت بەنرخی نەوتی سپی لەو بازاڕە یەكێك لەفرۆشیاران وتی، نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بە کۆ 169 تا 170 هەزار دینارە و فرۆشیاری گەڕۆك دێن دەیكڕن و لەناوشار بە 175 هەزار دینارو بە 185 تا 190 هەزار دینار بە ماڵانی دەفرۆشنەوە.
سەبارەت بە دانەبەزینی نرخی نەوت بە وەرزی گەرما ئەو فرۆشیارە باسی لەوەکرد، لەم گۆڕەپانە بازاڕی ئازادە بۆیە كەس ناتوانێت نرخەكە دابەزێنێت و خواستیش لەسەری زۆرە بۆیە نرخ دانابەزێت و وەک هەر کاڵاو شتومەکێکی تر تا خواست لەسەری زۆ بێت نرخەکەشی زیاتر دەبێت، بەڵام باوەڕ ناکەم بگاتە ئاستی ساڵی رابردوو کە لە زستاندا نرخی یەک بەرمیل نەوت تا 300 هەزار دینار بەرز بووەوە.

بەغدا و هەرێم رێکەوتوون
سەبارەت بەگرانی نرخی نەوت و هۆكاری وەستانی دابەشكردنی نەوتی سپی لەلایەن بریكارەكانی خۆراك لەشاری هەولێر بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێرمان كرد، بەڵام پێیان راگەیاندین بەهۆی بڕیارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانین هیچ لێدوانێك بدەین و لێدوان بۆتە مەركەزی لەناو وەزارەت، بۆیە سەردانی ئەو وەزارەتەمان لەهەولێر كرد، بەڵام پێیان راگەیاندین وەزیر بەهۆی ئەوەی لەهەمانكاتدا وەزیری كارەبای هەرێمیشە لەوەزارەت دانانیشێت و كارەكانی لەوەزارەتی كارەبا رایی دەكات لەكاتێکدا هیچ بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا لێدوانی رۆژنامەنووسی نادەن، بۆیە نەتوانرا هیچ لێدوانێكی رەسمی سەبارەت بەنرخی نەوتی سپی و دابەشكردنی بۆ زستانی ئەمساڵ لە بەرپرسانی هەرێم وەرگرین.
ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی عیراق پێیان راگەیاندون لەگەڵ هەرێم رێکەوتوون لەسەر دابیکردنی پێداویستی هەرێم لە سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق.
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت کە حکومەتی عیراق بە نرخی پاڵپشتیکراو بە هاووڵاتیانی دەفرۆشێت 90 هەزار دینارە.
 بۆ ئەوەی هەر خێزانێکی هەرێم بڕی یەک بەرمیل نەوت بە کۆبۆن وەربگرێت، پێویستە 250 ملیۆن لیتر نەوت بگاتە هەرێمی کوردستان و دابەش بکرێت.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان