ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری دا دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت

05:13 - 2023-09-17
عیراق
330 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمەوە کۆبۆوە و بڕیاری دا بۆ مانگەکانی 9 و 10 و 11ی ئەمساڵ مانگانە 700 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
رۆژی 14-9-2023، وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق و بەشێک لە لایەنە سەرەکییەکانی عیراق لەبارەی پشکی هەرێم و ئیستحقاق و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە کۆبۆوە و داوایکرد پشکی هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، هەروەها داوایکرد ئەو بڕە پارەی کە وەک پشکی هەرێم مانگانە دیاریکراوە کە 500 ملیار دینارە زیاد بکرێت بە 800 ملیار دینار، بۆئەوەی بتوانرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێ دابین بکرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبۆوە و پرسی پشکی هەرێم کە یەکێک بوو لە پرسە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا، بۆ سێ مانگ، واتە بۆ مانگەکانی 9 و 10 و 11، مانگانە 700 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە دەکاتە 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار.
پێشتر خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق لەسەر پشکی یەکێتی رایگەیاندبوو: "هەوڵمانداوە بۆ زیادکردنی پشکی هەرێم لە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەنگی دروست بکەین و بڕێک پارە بۆ هەرێم بنێردرێت کە کێشەی دابەشکردنی مووچە نەمێنێت".
وەفدەکەی هەرێم کە سەردانی بەغدای کردبوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران داوایکردبوو پێویستە مانگانە 800 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، هەروەها داواشی کردبوو کە پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی 7-8-9-10-11-12، کە دەکاتە 4 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە کە بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار وەک پشکی سێ مانگ بەشێوەی قەرز بۆ هەرێم بنێرێت.
هەر لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "هەر بڕەپارەیەک لە لایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم بنێردرێت پێویستە بۆ مووچە بێت و وەفدەکەی هەرێمیش کە سەردانی بەغدایان کردبوو هاوڕابوون لەسەر ئەوە".

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان