(142، 120، 226، 134) ژمارەكانی یەكێتی-یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق

11:14 - 2023-09-18
کوردستان
453 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیالە وەك لیستێكی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دەكات و لە پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەدین و كەركوكیش هاوپەیمانێتی پێكهێناوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تیروپشك بۆ راكێشانی ژمارەی حزب و هاوپەیمانی و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كرد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان بەناونیشانی (هاوپەیمانێتیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە) (تحالف كركوك قوتنا وارادتنا) بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن و لەلایەن كۆمسیۆنەوە ژمارە 142ی پێدراوە، هاوكات لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای دیالە ژمارە 120ی پێدرا و لە پارێزگای نەینەواش لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی یەكێتیی خەڵكی نەینەوا ژمارە 134ی پێدرا، كە هاوپەیمانێتییەكە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی ئەلرفعە-دایە، هەروەها بەپێی تیروپشكی كۆمسیۆن لە پارێزگای سەڵاحەدین یەكێتی لە هاوپەیمانێتیی جەماوەری نیشتمانی (الجماهیر الوطنیة) بەشدارە و ژمارە 226ی پێدراوە.
هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە كەركوك 30 كاندید لەخۆدەگرێت.
بەپێی لێدوانێكی وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق «بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق 134 لیست بەشداری دەكەن، كە لەنێویاندا 39 هاوپەیمانیی 29 حزب و 66 كاندیدی سەربەخۆ هەیە».
بڕ‌یارە رۆژی‌ 18ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكرێت.
رۆژی 5/8/2023 لەپێناوی پەرتنەبوونی دەنگی كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان، وەك لایەنە كوردستانییەكان، هاوپەیمانێتییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك پێكهێنا.

PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان