پەیامێک لە سەرۆک بافڵ-ەوە لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت

08:20 - 2023-09-18
کوردستان
231 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر  فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.

‏‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.

‏‎لە بەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی  مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.

‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشێلکارییانە نەدرێت.

‏‎داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە.

‏‎خەڵكی خۆشەویستی كوردستان،
‏‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان