بڕیاردرا پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەویەت بێت و پێش هەر خەرجییەكی دیكە بێت و ئەو كورتهێنانەی هەیە پڕ بكرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 17/5/2022، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەكان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین کرا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا كە ئامانجی ئەم كۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە داراییەی لە ماوەی رابردوو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دروستبووە تایبەت بە كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە؛ ئەركی لەپێشینەی حكومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بكات كە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێوی هاووڵاتیان و حكومەت بەیەك چاو سەیری هەموو ناوچەكان دەكات و ئەرك و بەرپرسیارێتی كابینەكەشە، چارەسەری كێشەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بكات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی هەرێم بێت.
پاشان هۆكارەكانی كورتهێنان و كێشە داراییەكان و پێشنیارەكانی چارەسەركردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە بە گیانی هەستكردن بە لێپرسراوێتییەوە جەختیان كردەوە كە؛ حكومەتی هەرێم بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكانی هەرێم دەكات و بەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە كە شایستەی دارایی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەك یەك دابینبكرێت و ئەمەش ئەولەویەتی كاری ئەم كابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لەپێش هەر خەرجییەكی دیكەوە، دابینكردنی پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمانكاتدا لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هەمئاهەنگی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانكییەكان بۆ بەدواداچوونی راستییەكان سەبارەت بە داهاتە گشتییەكان و گەیشتن بە راست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەكرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین ئامادەبوون.