سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ئیدانەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی عەربەت دەكات و رایدەگەیەنێت، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دووبارەبووانە دەكەین بۆ سەر شارە ئارامەكانی هەرێم، هەروەها بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەکەین بۆ گەیاندنی نامەی ناڕەزایی بە سەرۆكایەتی توركیا".
بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشانە دەكەین
لەڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتووە: "رۆژ لە دوای رۆژ هێرشە سەربازییە سیستماتیكییەكان بۆ سەر خاكی عیراق بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان، بەبێ پاساوی سەربازی و ئەمنی پەرەدەسەنن، بەو پێیەی دەستدرێژییەكە خەڵكی مەدەنی بێتاوان و بارەگا سەربازی و ئەمنییەكانی كردە ئامانج، لە بۆنەی پێشوودا بە روونی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیامان راگەیاندووە كە عیراق ئامادەیە لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دابنیشێت بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان، كە توركیا پێیوایە شوێنی دزەكردنە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی وڵاتەكەی بگەیەنن، بەبێ ئەوەی وەڵامێكی راستەقینە بۆ بانگەوازەكانمان ببینێت".
لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە: "هەندێك پێشێلكاری ئەمنی و هەندێك ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا ئەگەری هەیە، بەڵام دەستپێكردنی هێرشە سەربازییە یەك لە دوای یەكەكان بە ئامانجگرتنی شارەكان و خەڵكی مەدەنی و هەروەها كارمەندانی سەربازی، شتێكە كە یاسا نێودەوڵەتییەكان رەتیدەكاتەوە و دژایەتی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش دەكات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو دەستدرێژییە بە چەك ئەنجام بدرێت كە تەنها بۆ شەڕی ئاشكرا بەكاردێت". "وەكو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، كە بوونەتە ئامرازێكی ئاسایی دەستدرێژی توركیا بۆ سەر زەوییە عیراقییەكان، ئەمەش هەڕەشە لەو ئاسایش و سەقامگیرییە دەكات كە عیراق ئەمڕۆ بەهرەمەندە و لە ساڵی 2003ەوە شاهیدی نەبووە، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دووبارەبوانە دەكەین بۆ سەر شارە ئارامەكانی هەرێم".
عیراق بێدەنگ نابێت
راگەیەنراوەكە ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، بۆ ئەوەی ئەم كرانەوە و نیازپاكیەی عیراق رووبەڕووی ئەو جۆرە كاردانەوە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە ببێتەوە، جێگای قبوڵكردن نییە و دەوڵەتی عیراقیش لەو بارەیەوە بێدەنگ نابێت".
نامەی ناڕەزایی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی تورکیا دەکرێت
باس لەوەشدەكات: "ئەمڕۆ دەستپێشخەریمان كرد بۆ بانگهێشتكردنی وەزارەتە ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی عیراق بۆ ئەوەی راپۆرتێكی وردیان لێ ببیستن، هەروەها پەیوەندی بەرفراوان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەین، جگە لە بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بۆ گەیاندنی نامەی ناڕەزایی كە ئاراستەی سەرۆكایەتی توركیا".