ئامادەكردنی:
كاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
گوندی مۆرتكە یەكێكە لە گرنگترین گوندەكانی قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ئەو پێگە و رۆڵە گرنگەی كە لە مێژووی ئەم سنوورەدا هەیبووە، لە كۆنەوە ناوەندی كارگێڕی ناوچەكە بووە و یەكەم ناوەندی ناحیەی بازیان بووە لە سەردەمی نوێدا، مەڵبەندێكی گرنگی ئایینی و فێربوون و خوێندەواری بووە و یەكەم قوتابخانەی ئایینی و یەكەم قوتابخانەی فەرمی لە بازیاندا لەم گوندە كراوەتەوە، پایتەختی بەیەكگەیشتنی كەسایەتی و هۆزەكان بووە، شوێنی كۆبوونەوەی زانا و رۆشنبیر و كەسانی سیاسی و تێكۆشەر بووە.
ئەم گوندە لە بناری شاخی بازیان هەڵكەوتووە، لەرووی جوگرافییەوە دەكەوێتە خۆرئاوای بازیان و (40كم) لە رۆژئاوای شاری سلێمانی و (12كم) لە ناوەندی قەزای بازیان و (7كم) لە تەیناڵ و رێگەی گشتیی سلێمانی– كەركوك دوورە، سنووری لەگەڵ گوندەكانی (چۆڵمەك، هەیاسی، خاڵدان، ئیبراهیم ئاوا و هەنجیرە)دا هەیە.
گوندی مۆرتکە- بازیان
واتای ناوی مۆرتكە
سەبارەت بە واتای ناوی مۆرتكە چەند بۆچوونێك هەیە، بەهێزترینیان ئەوەیە كە دەڵێت مۆرتكە لە (گوڵی مۆرد)ەوە هاتووە، ئەم گوڵە كاتی خۆی لەم گوندە زۆر بووە بەتایبەت لە (سەرمۆرد) كە شوێنێكە لە پشتی گوندەكە، هەر بە ناوی ئەو گوڵەوە پێی وتراوە مۆردەكە و پاشان بووەتە مۆركە و لە زمانی فەرمی و نووسیندا كراوە بە مۆرتكە، بۆچوونێكی دیكە پێی وایە لە (مۆر)ەوە هاتووە، دەوترێت لە كۆنەوە ئەم گوندە ناوەندی كارگێڕی بووە و خەڵكی بۆ كاروباری میری روویان تێكردووە و لێرە مۆریان لە بەڵگەنامەكانیان داوە بۆیە پێیان وتووە مۆرەكە واتا ئەو گوندەی مۆرەكەی لێدەكرێت.
مۆرتكە مێژوویەكی دێرینی هەیە، لە كۆندا جولەكە و گاور لەم گوندە ژیاون، چونكە گۆڕی مردووەكانیان لەناو گوند و دەوروبەری هەیە، دەوترێت سەردەمێك مۆرتكە و چۆڵمەك یەك گوند بوون و نێوان ئەو دوو گوندە هەمووی خانوو بووە و جولەكەی لێ ژیاوە، گۆڕستانێكی زۆر كۆن لە كانی بی هەیە كە دەكەوێتە بەرزایی شاخی بازیان و پێی دەڵێن (گۆڕە گاور) كە پێدەچێت لە سەردەمێكی مێژووییدا مەسیحی لەو شوێنە ژیابن، مۆرێكی لە مس دروستكراو لەم گوندە دۆزراوەتەوە كە لەسەری نوسراوە (یوسف بن یعقوب)، گۆڕستانێكی زۆر لە سنووری مۆرتكە هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە چەندین قۆناغی مێژوویی كۆندا ئاوەدانی زۆر لەم گوندە هەبووە و شوێنێكی قەرەباڵغ بووە، دەوترێت لە گۆڕستانی پیررەسوڵ گۆڕی ئەو خەڵكەی لێیە كە رۆژگارێك لەم گوندە بە نەخۆشی تاعون و كۆكەڕەشە لەناوچوون، هەروەها گۆڕی فەقێ محەمەد یەكەم بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان و گۆڕی مەحمودە فەنی لەم گۆڕستانەیە، جگە لە شوێنەواری چوار ئاشی ئاو كە لە كۆندا لەم گوندە هەبووە، بەهۆی ئەو كارەساتە سروشتی و مرۆییانەی كەبەسەر بازیان بە گشتی و مۆرتكە بە تایبەتیدا هاتووە چەندین جار ئەم گوندە چۆڵكراوە و دووبارە لە سەردەمێكی دواتردا ئاوەدانكراوەتەوە.
بەپێی ئەو دەستنووسانە بێت
چەندین هۆز و بنەماڵەی جیاواز لەم گوندە ژیاون، بەردەوام خەڵكی لە شوێنانی دیكەوە هاتوونەتە مۆرتكە و تیایدا نیشتەجێبوون و هەندێكیان ماونەتەوە و ژمارەیەكیشیان رۆیشتوون، بەپێی ئەو دەستنووسانە بێت كە لە (كتێبخانەی دەستنووسەكانی بەغدا) دۆزراونەتەوە و هەروەها لەلای هەندێك كەسی دیكە ماون، لە ساڵانی (1815– 1825) لە مۆرتكە (مەدرەسه)ی گەورەی ئایینی هەبووە و لە هەموو كوردستانەوە فێرخواز بۆ خوێندن رووی تێكردووە و چەندین زانای گەورەی بەناوبانگی ئەو سەردەمە وانەیان تیایدا وتۆتەوه، لەو سەردەمەدا مۆرتكە گوندێكی گەورە بووە و ناوەندێكی گرنگی ئایینی و زانستی ناوچەكە بووە، تائێستا نازانرێت ئەو مەدرەسەیە لە كەیەوە هەبووە و تا كەی بەردەوام بووه و پێدەچێت زۆر پێش ئەو بەروارە هەبووبێت، ئەگەر بە وردی سەیری دەستنووسەكان بكرێت پێدەچێت مێژووی ئەو مەدرەسەیە دەربكەوێت، بەپێی بەڵگەنامەیەكی دەوڵەتی عوسمانی كە لە پێنجی تشرینی یەكەمی ساڵی (1305)ی كۆچی بەرانبەر (1887)ی زایینی دەرچووە، گوندی مۆرتكە له ژێردەستی سۆفی مەحمود ناوێكدا بووە و هۆزی هەمەوەند هەوڵیانداوە بیكەنە گوندی خۆیان وەك دەڵێت (لە لكێنراوەكانی قەزای بازیان گوندی مۆرتكە بە تاپۆ لەژێر دەستیدایە، لەبەر سنووربەزاندنەكانی هۆزی هەمەوەند شوێنەكە خراوەتە موزایەدەوه، بۆ ئەوەی ڕێگری لەم موزایەدەیە بكرێت، سۆفی مەحمود بە ئیمزا داواكاری بەرزكردۆتەوە، لە وەڵامی ئەو ئاماژەیەی كە پێشووتر نێردراوە، بە تێڕوانین لە نوسراو مێژووی (9) ئەیلول (1305) كە هاتووە لە سەرۆكە ناودارەكانی هەمەوەند سەلیم خەسرەو هەروەها برادەری ئەحمەد ترشییە كە ماوەیەك پێش ئێستا كوژرا، ئەمڕۆ دەركەوتووە كە ناتوانرێت كارە چەتەگەرییەكانی بوەستێنرێت، ئێستا سۆفی مەحمود ئەگەر لەهەر شوێنێك بێت داوای كردووە پارێزگاری لێبكرێت و ئاگاداری بن، هەرچەندە دەوترێت كە پێشتر هۆزی هەمەوەند لەم گوندە بوون، بەڵام دوای دوورخستنەوەیان بۆ وڵاتی لیبیا دووبارە هاتوونەتەوە شوێنەكانی خۆیان.
بنەماڵەی دیكە لە كۆنەوە لەم گوندە ژیاون
جگە لە هۆزی هەمەوەند و بنەماڵەی شێخان كە دەیان ساڵە لەم گوندە دەژین، بنەماڵەی دیكە لە كۆنەوە لەم گوندە ژیاون، بنەماڵەی شێخان دەچنەوە سەر شێخ محەمەد بۆنخۆش كوڕی شێخ سمایلی عەواڵان، بە وتەی خۆیان شێخ محەمەد بۆنخۆش لێرە ژیاوە، هەروەها (خەسرەو)ی باپیرە گەورەی هەمەوەندەكانی مۆرتكە لەم گوندە ژیاوە، لە بنەماڵەكانی دیكە كە لەم گوندە ژیاون وەك: چەند ماڵێك لە هۆزی گێژ كە لە ناوچەی گەرمیانەوە هاتوون، بنەماڵەی مام رەسوڵ، بنەماڵەی حەمەشین (محەمەد مەولود)، بنەماڵەی محەمەد رەسوڵ عەبدوڵڵا خدر، بنەماڵەی محەمەد مەولود سلێمان، بنەماڵەی حاجی رەسوڵ و براكانی كە پێنج برا بوون و لە ساڵی (1970) لە ناوچەی شارباژێڕەوە هاتون.
سەردەمێك بەهۆی ئەوەی فەقێ محەمەدی هەمەوەند براگەورە و سەرۆكی هەمەوەند بووە و لەم گوندە دانیشتووە، مۆرتكە بووەتە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ناوچەكە و لەهەموو لایەكەوە كەسانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەربازی و ناسراو روویان كردووەتە ئەم گوندە و لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە وەك پایتەختی هەمەوەند سەیركراوە، لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و لكاندنی لیوای سلێمانی بەو دەوڵەتەوه، بازیان كرایەوە بە ناحیە و بەهۆی گرنگی پێگەكەیەوە مۆرتكە كرا بە ناوەندی ناحیەكە و لەسەرەتای ساڵانی سی سەدەی رابردوو ناوەندی ناحیەكە گوازرایەوە بۆ تەیناڵ، پێشتریش لە سەردەمی بابانی و عوسمانی و ئینگلیز و حكومەتی شێخ مەحمود ناوەندی ناحیەی بازیان هەر لەم گوندە بووە و فەقێ محەمەدی هەمەوەند بەڕێوەبەری ناحیە بووە و لەم گوندە كاروبارەكانی بەرێوەبردووە.
مۆرتكە دەوڵەمەندە بە كانی و سەرچاوەی ئاو، تا ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو چوار ئاشی ئاو لە مۆرتكە هەبووە، ئەم گوندە سەر بە كەرتی (35)ی مۆرتكەی كشتوكاڵییە، ڕووبەری زەوییه كشتوكاڵییەكانی ئەم كەرتە (1749,71) دۆنمه (1561,21) دۆنمی دێمە و (188,5) دۆنمی بەراوە، (1098) دۆنم زەوی شاخاوی هەیە، بژێویی خەڵكەكەی لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە، ساڵی (2008) كارەبای نیشتمانی گەیەندرایە گوند.
لە سەرەتای ساڵانی سی سەدەی ڕابردوو یەكەم قوتابخانە لە بازیان لەم گوندە كراوەتەوە، ساڵی (1933) (فایەق بێكەس) شاعیری گەورەی كورد مامۆستا بووە لەم قوتابخانەیە، بەپێی مێژووی نووسینی هۆنراوەكانی بێت چەند ساڵێك لەم گوندە ماوەتەوە، ساڵی (1935) هۆنراوەی بەناوبانگی (خوایە وەتەن ئاواكەی) لە مۆرتكە نووسیوە، پێش فایەق بێكەس، عەبدوڵڵا سەبری لەم قوتابخانەیە مامۆستا بووە، هەروەها لە ساڵانی سی سەدەی رابردوو مامۆستا ئەحمەد كە خەڵكی كەركوك بووە و مامۆستا ئیسماعیل كە خەڵكی شارەبان بووە لە مۆرتكە مامۆستا بوون، لە مامۆستاكانی دیكە (درەخشانی كچی هونەرمەند عەلی مەردان، عەواتف بەهجەت، نیزام خەلیل كە توركمان بووه، عادل شكور و محەمەد مستەفا كە كەركوكی بوون)، كەریم زەند دەڵێت: لە ساڵانی شەستدا چوومەتە مۆرتكه، ئەحمەد هەردی شاعیر لەوێ مامۆستا بووە كە ئەوكاتە (50– 60) ماڵی لێبووە، بینای قوتابخانەكە لە خانوویەكی مەحمودە فەنیدا بووە.
مامۆستای وانەبێژی بۆ نێردراوە
مزگەوت لە كۆنەوە هەبووە، مزگەوتی مۆرتكە مزگەوتێكی فەرمی بووە و لە فەرمانگەی ئەوقافەوە مامۆستای ئایینی بۆ دەنێردرا و بە فەرمی حوجرەی هەبووە و مامۆستای وانەبێژی بۆ نێردراوە و بەردەوام (10– 15) فەقێ لەم حوجرەیە هەبووە كە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانەوە هاتوون، مەلا فاتیح كوڕی (مەلا عەبدولكەریمی مودەریس) زانا و نووسەری بەناوبانگ لە سەرەتای ساڵانی پەنجا لە مۆرتكە مامۆستای ئایینی بووه، مەلا عەبدوڵڵای پەرخی كە ساڵی (1954) خۆی لە مۆرتكە فەقێ بووە لەلای مەلا حەمەمین لەگەڵ چەند فەقێیەكی دیكە وانەی ئایینیان خوێندووە، پێشتر مەلا قادر مەلای مزگەوت بووە، پاشان مەلا حەمەئەمین هۆمەرمەندان هاتووە و بووەتە مامۆستای ئایینی مزگەوتی مۆرتكە)، لەو فەقێیانەی كە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوو لە حوجرەی مزگەوتی مۆرتكە بوون وەك (مەلا عەبدوڵڵای پەرخی، مەلا عەبدوڵڵای دەراوەیی، مەلا عەبدولفەتاح پەسكەندی، مەلا جەلال خەڵەف، مەلا محەمەدی گوڵانی و ئەحمەدی حاجی قادر) ساڵی (1978) حكومەت مزگەوتێكی نوێی دروستكرد، لە مامۆستا ئایینییەكانی (مەلا حەمەئەمین كانی مانگایی كە ماوەیەكی زۆر لە مۆرتكە بووە، مەلا عەبدوڵڵا یاخیانی، مەلا عەبدوڵڵا چوارتایی، مەلا حەمەئەمین هۆمەرمەندانی، مەلا حەسەن موفەتیش، مەلا ئەوڕەحمان، مەلا عوبێد و مەلا عەبدولڕەحمان تەها فەتحولموبین)، ساڵی (2018) خەڵكی گوند بە هاوكاری خێرخوازان مزگەوتێكی نوێیان دروستكرد.
لە كەسایەتییە بەناوبانگەكانی مۆرتكە (فەقێ محەمەد هەمەوەندی، مەحمودە فەنی، حاجی كەریم (كەریمە ڕەش) كە زاهیری كەریمە ڕەش لەئێستادا كەسایەتییەك و خێرخوازێكی ناسراو و سەرمایەدارێكی سلێمانی و كوردستانە، شێخ عەتار)، د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ نووسەری گەورەی كورد لە چاوپێكەوتنێكدا وتوویەتی كە لەسەر دەستی مەحمودە فەنی تێكەڵاوی كاری سیاسی بووە و هەر بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە مۆرتكە.
چەندین كەسیان بوونەتە پێشمەرگە
خەڵكی مۆرتكە خەڵكێكی تێكۆشەر و كوردپەروەر بوون و لەسەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كورددا بەشداری بەرچاویان هەبووە و و لەوپێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە، لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید و دوای كوژرانی كاپتن بۆند لە ساڵی (1922) ئینگلیز هێرشی كردووەتە سەر مۆرتكە و زۆربەی خانووەكانی سوتاندووە، ساڵی (1963) چەكدارانی (حەرەس قەومی) هێرشیان كردووەتە سەر مۆرتكه، لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەشداریان كردووە و چەندین كەسیان بوونەتە پێشمەرگە جگە لەوەی كە بەشێكی زۆریان هێزی پشتگیری بوون، بەردەوام هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە گوندەكەدا هەبوون و ڕۆژانە دەهاتنە ناو گوند و لەلایەن خەڵكی گوندەوە هاوكاری و خزمەت دەكران چونكە بەشێك بوون لە خۆیان، لە (5/4/1987) دوو هێلیكۆپتەر لە دەشتی مۆرتكە بۆردوومانی چەند هاوڵاتیەك دەكەن و شەهیدیان دەكەن كە بریتی بوون لە حاجی خدری سۆفی مەحمود و محەمەدی كوڕی، عەزیز كەریم كە خەڵكی مۆرتكە بوون و حاجی مەولودی خەڵكی گوندی شۆراوە، دوای ئەم ڕووداوە سوپای عێراق بۆردوومانی مۆرتكە دەكات و زیانێكی زۆر بە گوندەكە دەگەیەنێت، چەند كەسێك لەو كاتەدا بەرگرییان لە گوندەكە دەكرد بەرانبەر هێرشی فڕۆكەكان وەك: حەیدەر مەلا هەیاسی و ئەنوەر و سەباحی برای و شەهید محەمەد حەسەن خەڵكی گوندەكە، پاشان شەهید محەمەد بووە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لە شەڕی بورجەكەی قەرەداغدا شەهید بوو، دواتر دانیشتوانەكەی گوندەكەیان چۆڵكرد و پاش ماوەیەك حكومەت گوندەكەی سووتاند، پاش ڕاپەڕینی ساڵی (1991) و لە ساڵی (1993) ئاوەدانكرایەوە .
ساڵی (1947) ژمارەی دانیشتوانی مۆرتكە (200) كەس بووە و ساڵی (1957) بووەتە (159) كەس و ساڵی (1987) و پێش ڕووخاندنی گوندەكە (33) ماڵ بووە كە ژمارەیان (217) كەس بووە، ساڵی (1999) ژمارەی دانیشتوانی ئەم گوندە (53) كەس بووە كە پێكهاتبوون لە (10) ماڵ، ئێستا سێ ماڵی لێ نیشتەجێیە كە ژمارەیان (17) كەسە.
لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەم گوندە: كارەبای نیشتمانی و مزگەوت، ساڵی (2007) حكومەتی هەرێمی كوردستان بینای قوتابخانەی تێدا دروستكرد بەڵام بەهۆی كەمی خوێندكارەوە قوتابخانەكە نەكرایەوە، هەروەها دووجار ڕێگەی سەرەكی گوند تێكەڵەڕێژكراوە و ئێستا چاوەڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە قیرتاو بكرێت.
تێبینی: سەرچاوەکان لە ئەرشیڤی کوردستانی نوێدا پارێزراون.