رەفعەت عەبدوڵڵا: یەکێتی هەمیشە بڕوای بە زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکان لەعیراق و هەرێم وناوچەکە

08:34 - 2023-09-20
ڕاپۆرت
346 جار خوێندراوەتەوە

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی، پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ، ئەمڕۆ 20 ی 9ی 2023 هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بەئامادە بوونی هەڤاڵ سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە بارەگای مەكتەبی رێكخستن  پێشوازیان كرد لە كلاودیۆ كۆردۆن جێگری جینین پلاسخارت نێردەی یۆنامی لە عیراق و وەفدێكی هاوڕێی.
سەرەتای كۆبوونەوەكە جێگری نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عیراقدا، ئامانجی سەردانەكەی روونكردەوە گوتی" ئەوان دەیانەوێت لە نزیكەوە رای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بزانن دەربارەی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، هەروەك گفتوگۆ دەكەن دەربارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی  ئیتیحادی
  پاشان هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا بە وەفدی میوانی راگەیاندكە بەداخەوە لەشاری كەركوك هەندێك لایەن ئەجێندای دەرەكی و نەخوازراو بەرامبەر بە كەركوك جێبەجێدەکەن ئامانجیانە هەڵبژاردن نەکرێت، چونكە لە بردنەوەی كورد دەترسن، ئەو پشێوییەی سەرەتای ئەم مانگەش لەشارەكە دروستیان كرد هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو.
  هەڤاڵ بریاردەری دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە تەئكیدی كردەوەكە یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەیە و بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئامادەكارییەكانی كردووە، بەڵام لە دادگای ئیتحادی سكاڵامان لەسەر یاسای  هەڵبژاردن تۆمار كردەوە كەهەندێك بڕگەی لەبەرژەوەندی تەنها یەك لایەندایە بەتایبەتی لە كورسی كۆتای پێكهاتەكاندا كە دەبنە كورسی لایەنێكی سیاسی وگوزارشت لە پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی ناکەن.  هەردەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا گوتی کێشەیەکی تر پاكنەكردنەوەی لیستی دەنگدەرانە کە لەگەڵ لیستی دەنگدانی عیراق نزیكەی 350000 ناو جیاوازی هەیە. هەرلەسەر ئەم پرسە یەکێتی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق  لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشانە  تاكو هەڵبژاردن دوانەخرێت، چونكە هەڵبژاردن لەو كاتەدا  نەكرێت هێندەی  تردەزگاو دامەزراوەكانی بەڕێوەبردنی هەرێم لاواز دەبن و دەكەوینە بۆشایی یاساییەوە.
  لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا ، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا وتی  "پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی  فیدراڵی عیراق بە پێی رێكەوتنی لایەنە سیاسیە عیراقییەكان بوو، بەڵام بەداخەوە زۆر جار هەر لایەنەو بە ئەجێندای خۆی بڕگەكانی رێكەوتننامەکە جێبەجێ دەکەن، هەروەها هەڵە سیاسییەكانی  هەرێمیش هۆكارێك بوون بۆ دروستبوونی ساردی لە پەیوەندییەکاندا، بەڵام پێشتر و ئێستاش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە پەنای بۆدیالۆگ وگفتوگۆ بردووە بۆ چارەسەری كێشەكان، پاشەكشەكردن لە حكومەتی فیدراڵی و دابڕانی بە قووڵكردنەوەی زیاتری قەیرانەكان زانیوە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی نزیكبوونەوە بەردەوام بووین  حزورمان لە وەفدی هەفتەی پێشووی حكومەتی هەرێمدا بۆ بەغدا ئەو راستیەی سەلماند.
لەبارەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییەوە كە ئەو پرسەش لای نوێنەری یۆنامی لە عیراق جێگەی  بایەخ بوو  هەڤاڵ بریاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئاماژەیدا بەوەی كە دەمانەوێت لەم كۆنگرەیەدا كارەكانی حزب لەناو یەكێتیدا باشتر و چاكتر رێكبخەینەوە و ستراتیژی تازە دادەڕێژینەوە بۆ پێداچوونەوەی  سیاسەتی حزب.
هەر سەبارەت  بە پرسی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی هەڤاڵ سەركەوت زەكی  ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی  مەكتەبی رێكخستن بە وەفدی میوانی راگەیاند "كە لەم  كۆنگرەیەدا  دەمانەوێت  لە رووی چۆنایەتییەوە جیاوازییەك  پێشكەش  بكەین  و ئامانجی  دوور و نزیكمان  بۆ ستراتیژی حزب  داناوە  و هەروەها  پێكهاتەی  حزبیش لە سەركردایەتییەوە بۆ ئۆرگانەکان رێك  دەخەینەوە، هەروەها گرنگیدان بە رۆڵی  ژن و گەنج  و داڕشتنەوەی بەرنامەی حزب لە حوكمڕانیدا  ئەولەویەتی پێدەدرێت".
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا كلاودیۆ كۆردۆن جێگری نێردەی یۆنامی لەعیراق  سوپاس گوزاریی  خۆی  بۆ ئەو زانیاری و  روونكردنەوانە دەربڕی و هیوای  خواست  هەركێشەیەكی  ناوخۆیی  و هەرێمی  هەیە بە گفتوگۆی  دیپلۆماسیانە  چارەسەر بكرێت و وتیشی لە ئێستاوە  پیرۆزبایی بەستنی  پێنجەمین  كۆنگرەتان  لێدەكەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان