داستان به‌رزان
شاعیران و خه‌یاڵ
شاعیران سه‌روكارێكی به‌رچاویان له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا هه‌یه، ئه‌وان خه‌یاڵ وه‌ك ئامڕازی سه‌ره‌كی ده‌بینن بۆ گوزارشتكردن له جیهان، ده‌گوترێت خه‌یاڵ چه‌كی ده‌ستی شاعیرانه یان له كۆنتێستێكی دیكه‌دا به‌ربڵاوه، ئه‌گه‌ر بێت و خه‌یاڵ له شاعیران بسه‌ندرێته‌وه ئه‌وا هیچیان پێنامێنێت بۆ به‌رده‌وامیدان به كاره هه‌ر سه‌ره‌كییه‌كه‌یان كه شیعره، هه‌ڵبه‌ت زمانیش هاوتای خه‌یاڵ كه‌ره‌سته و ره‌گه‌زی بونیادی شیعرن.
له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه خه‌یاڵ وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك ئه‌و ره‌گه‌زه گرنگه‌ی شیعره كه ناكرێت شاعیران له هیچ سه‌رده‌م و قۆناغێكدا ده‌ستبه‌رداری ببن، چونكه شیعر به‌بێ خه‌یاڵ له زه‌وییه‌كی بێپیت، ئاسمانێكی بێ هه‌ور، ده‌شتێكی بێ سه‌وزایی ده‌چێت.
شاعیران ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه جیاواز له هه‌ر مرۆڤێك كاریان ده‌كه‌وێته خه‌یاڵ، په‌یوه‌ندییه‌یكی ریشه‌ییان له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا هه‌یه و زۆرجار له واقیع پتر خه‌ون به‌خه‌یاڵێكی به‌رینه‌وه ده‌بینن، به‌رین تاوه‌كو ئاستێك تێیدا بزربن، هه‌ر ئه‌وه واده‌كات زیاتر و زیاتر له خه‌یاڵ چاوه‌ڕێ بكه‌ن و له‌سه‌ر خه‌یاڵی ئاساییه‌وه داوا له خه‌یاڵ بكه‌ن جیهانی شیعریان به خۆی بڕسێكێنێت و چه‌ندی بكرێت ئاوه‌ڵای بكات. به‌ڵام له هه‌ندێك باردا هێزی ده‌ربڕین و زمانی گوزارشتكردنی ده‌ره‌قه‌تی خه‌یاڵی شاعیران نایه‌ت، وه‌ك له‌م نموونه‌یه‌ی شیعری گۆران-دا هاتووه:
هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم
لێكدانه‌وه‌ی ده‌روون قسه‌ی زمانم
بۆچی وه‌ها دوورن له یه‌ك نازانم!
وه‌ستانی شاعیر و ده‌سته‌ودامان له‌هه‌مبه‌ر ناخی خۆیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم، وشه‌ی هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م واتای كۆش و ره‌نجی ئه‌و نیشان ده‌دات بۆ ده‌ربڕینی ئه‌وه هه‌سته یان ئه‌و ئایدیایه‌ی له خه‌یاڵیدایه، كه دواجار وه‌ك له نیوه‌دێڕی دووه‌مدا ده‌ڵێت: بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم، به‌و مانایه‌ی كۆشش و ره‌نجی ئه‌و بێ ئاكام ده‌بێت، مادام له كۆنتێستی شیعردا بۆی سازناكرێت، كه كۆششێكی شاعیرانه‌یه و زۆرجار ره‌نگه هه‌ر ئه‌و بێئاكامی و ناكامییه مایه‌ی به‌رده‌وامی شاعیران بێت...
پاشان گۆران له شیعره‌كه‌ییدا ده‌ست ده‌كات به به‌راوردكردنی دوو ئاستی ده‌ربڕین له‌لای مرۆڤ، ئه‌وانیش دۆخی ده‌روون و دۆخی زمانن، كه ده‌ڵێت: لێكدانه‌وه‌ی ده‌روون قسه‌ی زمانم/ بۆچی وه‌ها دوورن له یه‌ك نازانم! ئه‌و به‌و دوو نیوه‌دێڕه رووبه‌رێكی فراوان له نێوانی هه‌ستی ده‌روونی و هێزی زماندا ده‌خاته‌ڕوو، كه زۆرجار ده‌كرێت هه‌ر مرۆڤێكی تێیبكه‌وێت.
دواتر له هه‌مان شیعردا هاتووه:
ده‌مویست ده‌روون بكرایه‌وه وه‌ك تۆمار
ده‌ركه‌وتایه دنیای جوانتر له به‌هار...
لێكنه‌چوونی قسه‌ی ناوه‌وه(ده‌روون)دیارده‌یه‌كی ئاسایی مرۆڤی ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دۆخی گۆران له كه‌سانی ئاسایی جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و شاعیره و شاعیرانیش به‌تایبه‌ت گۆران كه له یه‌كێكه له‌گه‌ڕیده‌كانی جوانی ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی ناخی وه‌ك خۆی بگوێزێته‌وه بۆ ناو شیعره‌كانی.
شاعیران و جوانی
گۆران هه‌ر به‌و نموونه‌یه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو شیعرێكی دیكه‌دا و له وه‌سفی جوان ی شۆخێكدا ده‌نووسێت:
ده‌ست و په‌نجه و مه‌چه‌كێك و نیگایه
چی بنووسم خوایه هێزی ئینشایه....
دیاره له‌وێدا نیوه‌دێڕی یه‌كه‌م ته‌نیا ناوی ده‌ست و په‌نجه و مه‌چه‌ك دێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌سفێكیان بكات، پاشان سه‌رسامی خۆی بۆ نه‌بووی هێزی ده‌ربڕین و دیسان ده‌سته‌ودامان وه‌ستان له‌هه‌مبه‌ر جوانییه‌كی وه‌سفنه‌كراودا كه مه‌گه‌ر ته‌نیا چاوی گۆران بزانێت چ جوانییه‌ك بووه، كه به‌و جۆره ئه‌فسوونی لێده‌كات و له توانای ده‌ربڕینی ده‌خات. ناچار هاوار بۆ خودا ده‌كات وه‌ك هێزێك تاوه‌كو ئیلهامی زیاتر بداتێ بۆ نیشاندانی ئه‌و جوانییه‌ی گۆران به‌ری كه‌وتووه و له تاوییدا زمان له وێناكردنی به وشه كه‌مده‌هێنێت و ئه‌وه نییه كه هه‌یه. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: چی بنووسم خوایه هێزی ئینشایه! هه‌مان رسته هه‌ڵگری ئه‌و سه‌رسوڕمانه‌شه كه تووشی شاعیر بووه له پای جوانییدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نیشانده‌ری دۆخی ده‌سته‌ودامانه له هه‌مبه‌ر جوانیدا.
له ئاستی دیكه‌ی شیعری گۆران‌دا هاتوو كه شاعیر وه‌ك بڵێیت: گوزاره‌ی بێكۆتا (ما‌لا نهایه) به‌كاربه‌رێت كه ده‌ڵێت:
ده‌م و لێوی وه‌ك گوڵی به‌ربه‌یانی
ئه‌مانه‌و گشت گه‌لێكی تریش جوانی...
مه‌به‌ستێنی سه‌رباری ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی ئه‌و وه‌سفێكی زۆری جوانی كه‌سه‌كه‌یان كردووه به‌ڵام هێشتان گومانێك لای گۆران هه‌یه، كه گومانی شاعیرانه له توانای ده‌ربڕین، بۆیه هێشتان رووبه‌رێكی دیكه ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له بێشنووی به جوانی ببه‌خشێت له كه‌سه‌كه و دواتر له شیعره‌كه‌شیدا.
هه‌ر ئه‌و گومانه‌ش لای گۆران ده‌گاته ئاستێكی دیكه كه نیشانده‌ری جۆرێك له نائومێدی ئه‌و له توانای ده‌ربڕین، ئه‌وه‌تا له شیعرێكی تردا ده‌ڵێت:
من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له ده‌ست دێت
كاتێ وه‌ك كه‌و تێپه‌ڕ ده‌بێت
پێشكه‌شی كه‌م یه‌ك هه‌ناسه
پڕ له په‌رستن له تاسه
ئه‌م چه‌ند دیمه‌نه‌ی له‌م نووسینه‌دان نموونه‌ی چه‌ند ساتێكی نێوی شیعری گۆرانن تێیاندا جۆرێك له ده‌سته‌ودامان بوون یان گومان كردن له توانای ده‌ربڕین، یان تائه‌ندازه‌یه‌ك نائومێدبوون له هێزی زمان له‌پای خه‌یاڵدا ده‌رده‌خه‌ن. كه به‌وردبوونه‌وه‌ی زیاتر له شیعری ئه‌و شاعیره و شاعیرانی دیكه‌ش ده‌كرێت سات و دیمه‌نی زیاتری ئه‌و جۆره به‌رده‌ست بخه‌ین.