قوباد تاڵەبانی٫ جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی ئەمریکا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ ڤۆوڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و لیوا بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی ئاڵۆز بووە و پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان، جەختیشان کردەوە لەسەر پێویستیی دانانی وەزیرێکی پێشمەرگە بە وەکالەت تا بتوانێت هەماهەنگی دروست بکات لە نێوان ئەو هێزانەدا بۆ کاری هاوبەش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پڕۆسەی چاکسازی وەک پێویست بەڕێوەناچێت، هەر بۆیە کاندیدێکیان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەستنیشان کردوە، هیواشی خواست رێوشوێنەکانی دەستبەکاربوونی بە خێرایی تەواو بکرێت تا جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژە تیرۆرکرا لە فڕۆکەخانەی عەربەت. وەفدی سەربازی ئەمریکا بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ بریندارەکانیش خواست.
لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆر بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون لە بەرەنگاربوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا و دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانەش مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق و ناوچەکەش دروست دەکات. هەر بۆیە پێویستە حکومەتی عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست هەڵوێستی جدی و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی سەرەوەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان.