سەرۆكی یەكێتی لە كوردستان بڵێسەی كۆنگرە و لە بەغداش كۆششی سیاسی جۆشدەدات

09:39 - 2023-09-24
عیراق
582 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ سەركردەی لایەنە عیراقییەكان كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكاندا پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت و پرسی تەواوبوونی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی تاوتوێكرد.

سەرۆك بافڵ، پشتیوانی خۆی بۆ فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتكردەوە
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە PUKMEDIAی رایگەیاندووە: «لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكەمان لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی، سەرۆك بافڵ دەستخۆشی لە هەوڵەكانمان كرد لەپێناوی خەڵكی كوردستاندا. پشتیوانی خۆی بۆ فراكسیۆنەكەمان دەربڕی و داوایلێكردین، هەمیشە لە سەنگەریی بەرگریی لە خواستەكانی خەڵكدا بین  و ئەركمانە كە بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە هەماهەنگی بكەین و لە بەرژەوەندیی هەڵەبجەییەكان، تێیبپەڕێنین».

كۆنگرە و خزمەت
یەكێتی لە هەرێمی كوردستان بڵێسەی جەژنی كۆنگرەی داگیرساندووە و لە بەغداش كۆششە سیاسییەكانی لەپێناوی خزمەتی خەڵكدا درێژەپێدەدات.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لە بەغدا چاویكەوت بە سەركردەی لایەنە عیراقییەكان و باڵیۆزی وڵاتان لە عیراق و پێیڕاگەیاندن: «پێویستە پشك و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت و بەزووترین كات كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربكرێن».
لەبارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، سەرۆكی یەكێتی، بە سەركردە عیراقییەكانی راگەیاندووە: «بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستكەوتێكی بچووكە بۆ ئەو قوربانییە گەورەیەی هەڵەبجەییەكان لەپێناوی عیراقێكی دیموكراسیدا داویانە و پێویستە لایەنە عیراقییەكان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی هەڵەبجەییەكان كۆتایی پێبهێنن».
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی سەرۆكی یەكێتی، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت. سەرۆك بافڵ، رایگەیاندووە: «هێرشەكان بۆ سەر خاكی هەرێم، بەزاندنی سەروەریی خاك و ئاسمانی عیراقە و پێویستە هەموو لایەك یەكدەنگ بن و رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە».

PUKMEDIA

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان